بەنیازم ببمە کۆڵگێڕ و چارەکەیەکی سوور هەڵگرم بە وێنەی خوێنی ڕژاوی سەر تاشەبەردەکان، بیئاخنم پڕ لە بۆیەی ڕەش و سوور و سەوز لەگەڵ چەندین پەڕەی سپی.
گوندبەگوند و موچەموچەی سنوورەکانی ئەم هەرێمە بگەڕێم. لەژێر بەفر و باران و تاو، لەناو قوڕ و چڵپاوی ئەم خاکە، لەسەر دار و بەردی نیشتمان. لەوێ تووشی هەر کەسێک بم؛ منداڵێک هەر ئەوەندە دەستی قەڵەم بگرێ، کیژۆڵەیەکی سەلار، هەر پیرەمێردێکی دەست بەگۆچان، هەر دایە گەورەیەکی دڵ پڕ حەسرەت، هەر گەنجێکی سووتاوی بەر تیشکی خۆر، هەر باوکێکی ماندوو هەر دایکێکی ئازاد.
سێ بۆیە و پەڕە کاغەزێکی دەمێ. پێشی بڵێم ئاگاداربێ ئەم شتانە هەموو کاتێک لەگەڵی بن؛ کاتێک دەچێ بۆ بەربێرێ و مەڕ دەدۆشێ، کاتێک دەڕوا بۆ شوانی و ئەوکاتەی سەیران و شادی دەکەن لە ئەشکەوتێ، یان ئەو دەمەی ڕێگەی قوتابخانە دەگرنەبەر و وەختی خوێندنی ئەلفوبێ، کاتێک لەبەردەم مزگەوت دوای نوێژی بەکۆمەڵ دادەنیشن.
کاتێک ساوەر بۆ نانی نیوەڕۆ پاکدەکەن لە بانیژێ کاتێک کاتێک …. هەموو دەمێ با ئەم پەڕە و ڕەنگانەتان لەبەردەستبێ. فێریان دەکەم هەر کە گوێیان لە دەنگی درۆن و فڕۆکەکان بوو دەستوبرد پەڕەی سپی وەکو دڵتان بکەن بەسێ بەشەوە، لە سەرەوە ڕەنگی سوور و بەشی خوارێ ڕەشی بکەن، ناوەڕاستی پەڕەی سپیش خۆ ئەوان هەر نایخوێننەوە وێنەی دۆڵ و شاخ و داخی کوردستانی بەڕەنگی سەوزی لەسەر بکەن. دەستوبردکەن؛ ئەگەر دەتانەوێ بژین پیشانی ئاسمانیدەن. [1]