نووسەر: #ڕێبوار سیوەیلی#
سەرەتا: لەدەرەوەی هەر کێشە و ململانێیەکی بۆماوەیی و مێژوویی، لەدەرەوەی هەر هاندانێکی سیاسی و ئایدیۆلۆژیی، قسەکردن لەسەر پەیوەندیی نێوان میللەتان و نەتەوەکان بەهای خۆی هەیە و بەشدارییەکی سوودبەخشە لە بیناکردنەوەی شارستانیەتێکی مرۆییتر و بەهای تێگەیشتن و پێکەوە هەڵکردن، بەتایبەتی ئەگەر ئەو میللەتانە هاوسێی یەکتر بن و بەرژەوەندیی و مێژوو و ئەزموونی خۆش و ناخۆشیان لەگەڵ یەکتر هەبێت و بیانەوێ میرات و وانەیەکی سوودمەند بۆ نەوەکانیی داهاتوو بەجێبهێڵن. گەورەترین دەستکەوتی مێژوو ئەوە نییە کە لە ڕابردوودا بەدەستهاتووە، هێندەی ئەوەی دەستکەوتی گەورە ئەوەیە لە داهاتوودا بۆی هەیە بێتە دەست. چونکە تەنیا بە بیرکردنەوە لەم ڕاستییە، دەتوانین ژیانێکی باش بۆ نەوەکانی داهاتوو بەدوور لە و کێشە و ململانێیانەی لە ئێستادا سەرقاڵیان کردوین و ئەنجامی خراپ حاڵیبوونی میللەتانن لەیەکتر، دابین بکەین.من زۆر کەم لەسەر پەیوەندیی میللەتی تورک و نەتەوەی کورد قسەم کردووە. نەمویستووە لە پەراوێزیی مەترسییەکانی ئایدیۆلۆژیا و بەرژەوەندیی سیاسیەکاندا قسە لەسەر پەیوەندیی و شکۆی گەلان بکەم و ویستی سیاسیی و ئامانجە ئایدیۆلۆژییەکان وەک ڕەنگدانەوەی ئیرادەی میللەتان تەماشا بکەم. ئەمەش لەبەر یەک هۆکاری سادە، میللەتان و نەتەوەکان پەیوەندییەکی ڕیشەیی و قوڵتر و مێژوویی تریان بەیەکەوە هەیە لە چاو پەیوەندیی حکومەتەکان و ئایدیۆلۆژیاکاندا. ئەمە جگە لەوەی میللەتان لەسەر خاک و ئاوێک دەژین و بەدەست و پەنجەی خۆیان زەحمەت بە ژیانەوە دەکێشن و بۆ ئەمەش لە مێژە لەوە تێگەیشتوون کە بۆ سەرکەوتن و بەرژەوەندییان پێویستییان بە جۆرێ لە هەڵکردن لەگەڵ یەکتر و پێکەوەژیان و لێبووردەیی هەیە. ئەمە جەبرێکە واقیع بەسەر مرۆڤدا دەیسەپێنێ. لێرەوە تێکەڵبوون و هاوسەرگیریی و خێزان پێکەوەنان و وەچەخستنەوە، لە مێژووی کولتوور و کۆمەڵگاکاندا شتێکی زۆر ئاسایی بووە. بەڵام ئایدیۆلۆژیا و پڕۆژە ئایدیۆلۆژییەکان هەم تازە و هەم بێڕیشەن و هەمیش مەترسیدار. هەڵبەت هەموو میللەتێک و نەتەوەیەک لە خۆتێگەیشتنێکی تایبەتیی لەسەر خۆی هەیە، کە مەرج نییە هەمیشە بەرەو خۆ(بەباشترزانینی) ئەوانی لەچاو میللەت و نەتەوەکانیتری لە پشتەوە بێت. ئەو کاتە لەخۆ تێگەیشتن، مەترسیدارە کە دەبێتە ئایدیۆلۆژیایەکی تایبەت بۆ ئاڕاستەکردنی ئاپۆرەی خەڵک لە دژی خەڵکانیتر.
ئەزموونێک:
ساڵی نەوەد و شەش بوو کە زانکۆی غۆسکیلەی دانمارک، ناردمی بۆ شاری ئۆکسفۆرد بۆ بەهێزکردنی زمانە ئینگلیزییەکەم و وەرگرتنی چەند دەرسگوتارێک لە بواری فەلسەفەدا. بەیانییەک زوو، بە تەنیا گەیشتمە ئەو شارە و یەکسەر بەرەو ئەو فێرگەیە چووم کە تایبەت بوو بە زمان: سانت جۆزیفس هاڵ. لەوێ دوای چاوپێکەوتن و هەڵسەنگاندنی ئاستی زمانە ئینگلیزییەکەم لە قۆناغی 4 دایان نام، بەڵام بۆ نووسین خۆم هاتمەوە قۆناغی دوو، لەبەر ئەوەی هەمیشە کێشەی ڕێنووسم هەبوو. ئیتر بەوجۆرە دەبوو لە ماوەی حەوت مانگدا کۆرسەکە تەواو بکەم، بەڵام من بە دوو مانگ بڕوانامەکەم وەرگرت و ماوەیەکی زۆریش دوای ئەوە لە و قوتابخانەیەدا مامەوە، چونکە پارەکەم درابوو. ئەو ماوەیە زیاتر لە ستۆدیۆی قوتابخانەکە دادەنیشتم و گوێم لە خوێندنەوەی ڕۆمانی کلاسیکی دەگرت، هەم ڕۆمانەکەم دەناسی و هەم ئینگلیزییەکەم بەهێزتر دەکرد، پاشانیش لە پەڕتووکخانەکەدا پەڕتووکگەلێکی زۆری لێبوون و چاوم پێدا دەگێڕان.
لە و پۆلەدا کە من زمانم تیا دەخوێند، گەنجانی ئێرانی، ئیتالی، ڕۆمانی و تورک و عەرەبیشی لێبوون. هەر بۆیەش مامۆستاکانمان چ وەک بەشێ لە یەکتر ناسین و چ بۆ بەهێزکردنی زمانی قسەکردن بە ناچاری هەر یەکەی سیمینارێکیان پێدەکردین لەبارەی نەتەوە و کولتوور و مێژووی خۆمانەوە. من چوارەم کەس بووم و دەبوو ئەو کارە ئەنجام بدەم، لە دانمارکیش زۆرجاران ئەو جۆرە سیمینارانەم ئەنجام دابوون و دەمزانیی کە دەبێت چ تەکنیکێکی گەیاندن و خۆچڕکردنەوە بەکار بهێنم. بەڵام کێشەکە ئەوەبوو، دەبوو ئەمجارەیان قسە بۆ کەسانیی جیاواز بکەم و باسی گەلەکەمیان بۆ بکەم. لە دانمارک ئەم کێشەیەم نەبوو، چونکە ئەوان میللەتێکی جێگیر و هۆمۆگین و گونجاون و مرۆڤ پاش ماوەیەک لە مانەوە لە وڵاتەکەدا دەزانێت دەبێت چۆن قسەیان بۆ بکات بەبێ ئەوەی بێتاقەتکەر بێت، بۆ ئەوەی وەک ئەو نوکتەیەی لێنەیەت، کە بەسەر هاوڕێیەکی پەنابەرمان هاتبوو. با نوکتەکە بگێڕمەوە: برادەرێک شەوێک لە باڕێکدا خانمێک دەناسێت و دەکەونە قسە کردن، برادەرەکە بە تێگەیشتنی خۆی وا بیر دەکاتەوە ئەگەر باسی پارچەپارچەبوونی کوردستانی بۆ بکات، سەرنجی زیاتر ڕادەکێشێت. بەڵام دیارە خانمەکە پێشتر چەند جارێک ئەو چیرۆکەی بیستووە و پێی دەڵێت: گوێ بگرە، ئەزانم وڵاتەکەی تۆ بەسەر چوار دەوڵەتدا دابەشکراوە، دەزانم ئێوە بە چەند زاراوەیەک قسان دەکەن، دەزانم شلەوبرنجتان لەلا خۆشە، دەزانم لە ئێران و ئێڕاق و سووریا و تورکیا، چەند ملیۆن کەسن، بەڵام ئەوانە هیچیان سەرنجی من وەک ژنێک ڕاناکێشن..
من، لە ئۆکسفۆرد، لەبەردەم هاوپۆلەکانمدا دەبوو سەرنجیان ڕابکێشم و شتگەلێکیان بۆ باس نەکەم، کە پێشتر بیستبێتیان. لەبەر ئەوە، لایەنی مێژوویی و سیاسیەکەم کەمکردەوە و زیاتر خۆم لەسەر فرەکولتووریی لە کوردستاندا چڕ کردەوە، کە ئەوسا ئەم بابەتی فرەکولتووریە سەرنجی ئەوروپاییەکانی زۆر ڕادەکێشا، ئەمەش بە و هۆیەوە، کە توێژینەوەکان جەختیان لەسەر پارادایمێکی کولتووریی نوێ لە وڵاتانی ئەورپادا دەکردەوە و قسەیان لەسەر ڕۆڵی پۆزەتیڤی پەنابەران لە گۆڕینی کولتووری تاکڕەهەندا بۆ کولتووریی فرەڕەهەند دەکردەوە.
لە باسکردنی لایەنە مێژووییەکەیدا و بەتایبەتیش لەسەر باکووریی کوردستان هەر ئەوەندەم گوت کە لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی مۆدێرن لە تورکیا، ئایدیۆلۆژیای تۆتالیتاریانەی بە تورککردن دەستپێکرد و ئەمەش تەواوکەری هەمان ستەمی دەوڵەتی عوسمانیی بوو لەسەر و لەدژی کوردەکان. گوتیشم، کە سیاسەتی عوسمانیەکان بەناوی ئایینەوە لە دژی کوردەکان، لە سیاسەتی ئەتاتورک بەناوی مۆدێرنیتەوە، جیا ناکرێتەوە و درێژبوونەوەیەکی ئەخلاقیی و ئایدیۆلۆژیی بۆ بە پەراوێزخستن و سڕینەوەی کوردەکان لە ئارادا هەیە. پاشان، جەختم لەوە کردەوە، کە من بەپێی ناسینم بۆ میللەتی تورک، ئەم سیاسەتە تەنیا بە سیاسەتی حکومەت و دەوڵەتی تورکیا دەزانم، نەک هی خەڵکەکەی..
قوتابییەکان زۆر پرسیاریان لێکردم، بەڵام ئەو دوو قوتابیە تورکەی لە پۆلەکەدا بوون و پێشتریش زۆر نێوانمان خۆش بوو، گوتیان حەز دەکەین دوایی لەدەرەوە بتبینین.
کاتێ خەریکی پێچانەوەی پەڕتووک و دەفتەرەکانم بووم، مامۆستاکەم (لوسی) هاتە لام و گوتی نابێت لە دەرگای سەرەکییەوە بچیتەوە ماڵەوە و پێویستە لەگەڵ من بێیت. ئیتر بردمی بۆ ئیدارە و بڕیاریاندا کە ئەو بمەگەیەنێتەوە بۆ شوێنی حەوانەوەی خۆم. لە ڕێگا، کاتێ ئۆتۆمبیلەکەی دەهاژووشت، بۆی گێڕامەوە کە چۆن ئەوانە بە چەقۆوە لەبەردەمی قوتابخانە بۆمن دانیشتوون و چەند هاوڕێیەکی دیکەی خۆشیان کۆکردوونەتەوە. کاتێکیش مامۆستاکە زانی، کە ئەوان شوێنی حەوانەوەی من پێدەزانن، تەلەفۆنیکرد بۆ ئیدارەی قوتابخانەکە و پێکەوە بڕیاریاندا، کە من بەرێتەوە بۆ ماڵی خۆی و ئەو شەوە نەچمەوە هەواری خۆم..
لوسی، تەواو شپرزە ببوو. هەمیشەش پرسیاری لێدەکردم و دەیگوت: بەڵام ڕێبوار تۆ هیچی ئەوتۆت نەگوت، تا ئەوان بە شەخسیی وەریبگرن..
ئەوشەوەم لە ماڵیی مامۆستا لوسی، کە خانمێکی تەنیای بوودایی بوو، تێپەڕاند، بەڵام بۆ بەیانی ئیدارەی قوتابخانەکە ئەو قوتابیە تورکانەی بانگ کردن و بەڵێننامەیەکی پێ پڕکردنەوە کە ئەوان مەسئولن لە هەر شتێک بەسەر من بێت. لەوەو دوا، تەنیا مەرحەباییەکی ساردمان لەنێواندا ما، ئەویش بەردەوام من دەستپێشخەریم دەکرد..
هەردوو قوتابییەکە تەمەنیان لە سەرەتای بیستەکاندا بوو، هەردووکیشیان وەکو من قوتابیی زانکۆ بوون. ئەمانە لە دوایین نەوەی تورکیای مۆدێرن بوون. کاتێ بیرم لەم ڕاستییە دەکردەوە، بەزەییم بە میللەتێکدا دەهاتەوە، کە ڕەنگە جگە لە ملکەچییەکی کوێرانە بۆ سیاسەتگەلێکی ڕەگەزپەرستانە، کە لەمیانەی ساڵەکاندا بەسەریدا سەپێنراوە و لە هابیتۆس و خووی چەندین نەوەدا لە ڕێگەی سیستەمێکی پەروەردەیی و سیاسیی تۆکمەوە، فێری کراوە، هیچ گوناهێکی تری نەبێت. لەم ڕوانگەیەشەوە هەستم بە و مەترسیانە دەکرد کە ئێمەی گەلان و نەتەوەکانی خۆرهەڵاتیی ناڤین، تا پاشەڕۆژێکی دوورودرێژ دەبێت باجەکەیان بدەین و ببینە قوربانیی بیرکردنەوەی دەستەبژێرێکی سیاسی و بیر تەسک و سوپاسالار، کە داهاتوو لە دۆستایەتیی نەتەوەکان و گەلاندا نابینین. نموونەکان زۆرن:
- هەتا ئێستا لە تورکیا، کوردبوونی یەشارکەمال قەبووڵ ناکرێت،
- هەتا ئێستا #ئیسماعیل بێشکچی# سزای ئەو دۆستایەتییەی دەدات کە لە نووسینەکانیدا بۆ کوردەکان و کێشەکەیان، دەریبڕیوە.
- #ئەحمەد کایا#، کاتێ کوردبوونی خۆی ڕاگەیاند، کۆمەڵگای تورکیا و کایەی هونەریی ئەو وڵاتەی تووشی شۆک کرد.
لە خراپحاڵیبوونەوە بۆ ڕەگەزپەرستی:
ڕقهەستان و پیشاندانی پەرچەکرداری ڕەگەزپەرستانە و ئەویتر نەویستانە، لەسەر ئەم جۆرە شتانە، نیشانەی یەکەمی سادەیی و نزمیی ئاستی بیرکردنەوەیە. هەموو مرۆڤێک مافی خۆیەتی خۆی بە و ناوەوە ناو بەرێت، کە سەربەڕەگەزەکەیەتی. هەموو مرۆڤێک مافی خۆیەتی پشتوانیی ئەخلاقیی و زانستیی و ویژدانی مللەتان و مرۆیەکانیتر بکات، هەموو کەسیش بۆی هەیە بە و زمانە گۆرانیی بڵێ، کە بە زمانیی زگماکیی خۆی دەزانێت. لەبەر ئەوە، کاتێ ئایدیۆلۆژیایەک لە ئاست ئەم کردە و گوتە ئاساییانەی کەسانێکدا، پەرچەکرداری توند لە ڕێگەی پەیڕەوکارەکانیەوە دەنوێنێ، نیشانەی سادەیی و نزمیی ئاستی بیرکردنەوەیەک لە خۆیدا پیشاندەدات. بەڵام هەر ئەمەش مەترسیداربوونی ئاشکرا دەکات. چونکە ئەم جۆرە ئایدیۆلۆژیا ڕەگەزپەرستیانە مرۆڤ زیاتر بەرەو بیرنەکردنەوە هاندەدەن و بە و درۆیانە چاوبەستیان دەکەن، کە ناهێڵن ئەوان ڕاستەقینەکەیان، ببینن..
داپۆشین و شاردنەوە، بەشێکی گرنگیی میکانیزمەکانی هەر ئایدیۆلۆژیایەکن. بۆیە لە پێناسەکردنی زاراوەی ئایدۆلۆژیادا، هەر ئەوەندە بەس نییە بگوترێ: ئەم چەمکە لێکدراوی وشەی ئایدیا، بە واتای بیرۆکە و لۆژیک بە مانای ژیریی و دانایی و پێکەوە مانای ئەقڵییەتێک دەگەیەنێت کە بیرۆکەیەک ئاڕاستە دەکات، یان بیرۆکەیەک کە بەشێوەیەکی لۆژیکیانە خۆی بەرجەستە دەکات. ئەم پێناسە زمانیە بۆ چەمکی ئایدیۆلۆژیا دادمان نادات، ئەگەر لە هەمان کاتدا، بونیادی وشەکە و ئەو نییەتمەندییەی بۆی درووستبووە و لە ڕێگەیەوە ئاڕاستە دەکرێت، نەدۆزینەوە.
سرووشتی ئایدیۆلۆژیا ڕەگەزپەرستییەکان:
لە هەناوی ئایدیۆلۆژیای ڕەگەزپەرستیەکاندا، بیرکردنەوەیەکی دژەمرۆڤانە هەیە، بیرکردنەوەیەک، کە مرۆڤ وەک گەمژەیەک و نەزان و بیرنەکەرەوەیەک وێنا دەکات تا بتوانێ بیکاتە ئامڕازی گەیاندنی پەیام و مەبەستەکانی خۆی. ڕەگەزپەرستی، بەم مانایە بیرکردنەوە نیە، چونکە لەخۆیدا وەک (بیرکەرەوه) تەماشای مرۆڤ ناکات. هەر بۆیەشە لە هەر ئایدیۆلۆژیایەکدا کە بیرکردنەوەی بیرکەرەوە ڕەتدەکرێتەوە، خودی بیرکەرەوە، دەکرێتە یەکەم ئامانج و قوربانیی و لە جەوهەرە مرۆییانەکەی خۆی دادەماڵرێ تا بکرێتە قاوغێک، یان گەروویەکی درۆزن بۆ وتنەوەی ئەو قسانەی خۆی بیریی لێنەکردوونەتەوە.
مرۆڤی ئایدیۆلۆژی باوەڕ، یان ئایدۆلۆژیی پەرست، مرۆڤێکە شایانی هاوکاریی و بەزەییە، چونکە ئەو نازانێت کە ئەو ئایدیۆلۆژیایەی ئەو هەڵگرییەتی و بەناوی ڕاستەقینەوە لە خودی ئەودا قسان دەکات و پەرچەکرداری پێدەنوێنێ، بۆخۆی تێڕوانینێکی دژە مرۆڤانەی هەیە. لەبەر ئەوە ئایدیۆلۆژیا سەرەتا، مرۆڤ لە هەر جۆرە پێوەرێکی مرۆڤبوون بەتاڵدەکاتەوە و داگیریی دەکات، تا بیکاتە ئامڕازی دەستی خۆی و پڕی بکاتەوە بە و پەیامانەی، کە بۆ پیشاندان و سەلماندنی ڕاستەقینەکەیان، پێویستە سەرەتا هەر ڕاستەقینەیەک بسڕدرێتەوە.
ئایدیۆلۆژیا لەدەرەوەی بیرکردنەوە، بیرکردنەوە بەکاردەهێنێ بۆ وێرانکردن و داڕمان، بەڵام لە پێش هەموو شتێکدا وێرانکردنی بیرکردنەوە و بکەری بیرکەرەوە. مەترسیی ئایدیۆلۆیا هەر لەوەدا نییە، کە بۆ ماوەیەکی کورت یان درێژ، حەقیقەت لە تاکەکەسەکان دەشارێتەوە. بەڵکوو مەترسییەکەی لەوەدایە، کە کەسایەتی تاکەکەسیش بەبا دەکات و دەیهێنێتە سەر ئاستێکی نزم لە هزرین، کە وا بزانرێت ئەوە بیرکردنەوەیە لە ئەودا ڕوو دەدات..
با نموونەیەک لە دنیای بازرگانییەوە بهێنینەوە، ئەمڕۆ پەیوەندیی بازرگانیی لەنێوان هەرێمی کوردستان و تورکیادا لە برەودایە. ئەم پڕۆسە و پەیوەندیە بە بێ بوونی ئایدیۆلۆژیا ئیمکانیی نییە. لە بازاڕەکانی هەرێمدا، فرۆشیارەکان (تورکییبوون)ی کەلوپەلەکانیان، وەک دەستکەوتێک بۆ کڕیار و وەک وتنی (ڕاستەقینه) یەکی باش لە بەرژەوەندیی ئەواندا دەخەنە ڕوو. کە دەگوترێ (ئەم شتە تورکیه)، ئەم کراسە، ئەم قاتە، ئەم پێڵاوە، ئەم قاوەیە، هەموو ئەمانە وەک ڕاستەقینەیەک بۆ بیرخستنەوەی نەوعییەتی شتەکە و کراسەکە و قاتەکە و پێڵاوەکە و قاوەکە دەخرێنە ڕوو، بەبێ ئەوەی بزانرێ ئەمە ڕەواجدانە بە شتێک و قاتێک و پیڵاوێک و کراسێک و قاوەیەک، کە تورکییبوونەکەی گرانتی نەوعیەتەکەیی و مەرجە تەندرووستیەکانی نییە. بەڵام ئایدیۆلۆژیا ئەم ڕاستەقینەیەمان لێدەشارێتەوە و تورکیبوونەکە وەک گەرانتی نەوعیی دەخاتە ڕوو.
بەمجۆرەش، ئایدیۆلۆژیا لە ژێرەوە و لە سەرەوە و لە هەرچوارلاوە کاری خۆی دەکات و هیچ لۆگۆیەک، کارگەیەک، کەرەستەیەک، خواردنگەیەک و تەنانەت دەستەسڕیکی کلێنکسیش نییە، کە لووتی خۆمانی پێپاک دەکەینەوە و لە تەوالێتدا قوونی خۆمانی پێدەسڕینەوە، ئەرکێکی ئایدیۆلۆژی جێبەجی نەکات. چجای ئەوەی بەشێوەیەکی سیستەماتیک و لە ڕێگەی میدیا و قوتابخانە و ڕیکلامەکانەوە، ئایدیۆلۆژیا دزە دەکاتە ناخمانەوە بەبێ ئەوەی بتوانین بەرگریی لەم داگیرکارییە بکەین.
وەڵامدانەوەی ئایدیۆلۆژیا بە هوشیاری:
وەستانەوە لە دژیی ئایدیۆلۆژیایەکی تایبەتی وەک ئایدیۆلۆژیای ڕەگەزپەرستانەی تورکیی، بە بەرهەمهێنانی ئایدیۆلۆژیایەکی هاوشێوەی کوردیانە نابێت. گەورەترین ئامانجی ئایدیۆلۆیا ڕەگەزپەرستەکان، بەرهەمهێنانی ئایدیۆلۆژیای هاوشێوەی خۆیانن تا بتوانن لەپاڵ ئەوەدا ڕەوایەتی بە تێزەکانی خۆی بدات و بەردەوام بێت لە داگیرکاری و شێواندنەکانی و لە و ڕێگەیەشەوە، چاندنی ڕق و کێنە لەنێوان نەتەوە و گەلاندا..
دژوەستانەوەی ئایدیۆلۆژیا بە ڕەخنەی ئایدیۆلۆژیا دەکرێت. ڕەخنەی ئایدیۆلۆژیا بریتییە لە هووشیارییەکی فەلسەفیی کە توانای جیاکردنەوەی ڕاستەقینە لە درۆ، جەوهەر لە نیشانە و وێنە لە بابەتمان بداتێ. تەنیا بە هووشیاربوونەوە دەتوانرێ جادووی ئایدیۆلۆژیا و پاکژییە نومایشیی و ڕواڵەتیەکەی، بدۆزرێتەوە و ئاشکرا بکرێت و پووچ بکرێتەوە. ڕەخنەی ئایدیۆلۆژیا، ئامانجی هەر بیرکردنەوەیەکە، کە دەتوانێ شوناس لە توانەوە ڕزگار بکات و جیاوازیی بخاتە جێگەی ستەمکاریی و تواندنەوە. بیرکردنەوە لە ئایدیۆلۆژیای ڕەگەزپەرستانە، بە دامەزراندنی ئایدیۆلۆژیایەکی ڕەگەزپەرستانەی هاوشێوە چارەسەری کێشەکانی ئێستا و داهاتوو ناکات. ئێستا و داهاتوو، بەرهەمهێنراوێکی ئایدیۆلۆژین، بەڵام ئێمە دەمانەوێت پەیوەندیە ئایدیۆلۆژییەکان بکەینەوە بە پەیوەندیی سوودمەندی مرۆیی.
من کاتێ ئیشم دەکەوێتە لای وەستایەکی تورک، کە هاتووە لە وڵاتەکەمدا کار بکات و بژێوی خێزانەکەی پەیدا بکات و دەبینم کارەکەی بە باشی ئەنجام دەدات، ئیتر ئەمە نابەستمەوە بە تورکبوونی ئەوەوە، بەڵکوو کواڵیتەی کارەکەی دەبەستمەوە بە جیدیەتی ئەو لە ئەنجامدانی کارەکەیدا و بەکارهێنانی مەهارەت و شارەزاییە پیشەییەکانی. بۆ من ئەو وەستایە، پێش هەموو شتێک مرۆڤێکە، کە پێویستم بەوە لە و دیو ئەو گوتارە ئایدیۆلۆژییەی ئێمەی لەیەکتر دابڕ کردووە بیناسم و لەیەکتر تێبگەین. لێرەوەیە، کە ئیتر من ئەو بە نوێنەری ئایدیۆلۆژیا و سیاسەتێک نابینم کە بەرنامەیەکی دژ و نامرۆڤانەی هەیە لە ئاست کوردەکانی باکوور و کێشەی کوردا بە گشتی. ڕەخنەی ئایدیۆلۆژی ئەو وزەیەمان بۆ دەگێرێتەوە، کە یەکتر بناسینەوە و لەیەکتر تێبگەین لە میانەی پەیوەندییەکانماندا، نەک ئەو ڕستە ئایدیۆلۆژیانە بکەین پێوەر بۆ ناسینمان لەسەر یەکتر، کە لە میدیاکاندا ڕووخسارمان دەشێوێنین..[1]