ناونیشانی بابەت: هونەری گۆرانی کوردی و هەڵوەستەیەک
ئامادەکردن: #ڕەئوف ئالانی#
گۆرانی، ئەو هونەرە گرنگەی ژیانە کە بەشێکی گەورەی کاتەکانی مرۆڤی داگیرکردووە، مەبەستمان لەم دەربڕینە ئەوەیە، هەموو کاتێک مرۆڤ هانای بۆدەبات، زۆرجار کە دڵمان خۆش دەبێت، بەدەر لەوەی خۆمان بە و هەستە بزانین، نەستەکانمان ئاڕاستەمان دەکەن، بۆ دەربڕینێکی دڵهەژێن، لەبەر خۆمانەوە بە شێنەیی ئەو هەستە شادمانیە دەردەبڕین، تەنانەت زۆر جار خۆمان بەوتنی گۆرانی لەبەر خۆمانەوە، گۆرانیەک دەڵێینەوە، یان بەپێچەوانەوە کاتێ دڵمان تەنگ دەبێت و بێزاریەک ناخمان دەهەژێنێ، ئەوەی دڵمانی پێ ئارام دەکەینەوە، گوێگرتنە لە گۆرانیەکی پڕسۆز و ئارام بەخش، بۆیە ناکرێ ئەو پێویستە ڕۆحییە هەروا بەسانایی و ئاسانی سەیر بکەین و نەبێتە جێی بایەخ و گرنگیمان، هەندێ پێیان وایە، مرۆڤ دوای فێربوونی زمان، بەهۆی کارتێکەری سرووشت و مامەڵەکردن لەگەڵی، بەگۆرانی زمانی پژاوە، هەرچەند ئەو دەربڕینە ئاوازانە نەشازیش بووبن، ئەگەر لەشێوازی دوور لەواتاشدا وترابن، بەڵام ئەو دەنگانەی لەدەم دەرچوون ئاوازی هەموو جۆر بوون، وەک هاوارو هاژە و خووڕەو.... هتد، ئاوێزانی سرووشت بوون و جوانترین و خۆشترین دەربڕین بوون، دەکرێ سوود لەم شێوازە جیاجیانە وەرگیرابن و بەپێی تێپەڕبوونی کات و سەردەم، قۆناغەکانی گەشەکردن و پێشکەوتنی ژیان ئەم هونەرەش، پێشکەوتووە، تەنانەت لای گەورە فەیلەسوفێکی وەک (کۆنفۆشیۆس)ی چینی دەبێتە شوناس و ناسنامەی ئاستی گەشەکردن و پێشکەوتنی هەرگەلێک.
گەلی کوردیش وەک نەتەوەیەک، کەخاوەنی مێژوو کەلتوور و شارستانی و زمانی تایبەت بەخۆیەتی، لەم هاوکێشە گرنگەی ژیان بەدەر نییە، زۆرجار زمانی کوردی بەگشتی و گۆرانیەکانی بوونەتە، هۆکاری مانەوە و بەردەوام بوونی ئەم نەتەوەیە، زۆرجاران گۆرانی وایکردووە، کوورەی خەباتی نەتەوەیی بگەشێنێتەوە و هەزاران لاوو گەنجی ئەم نیشتمانە خۆیان بکەنە قوربانی نەتەوەکەیان.
گۆرانی ئەوەندە گرنگە زۆرجار دەبێتە هۆی پابەندبوون و خۆشەویستی نەریت و دابی کۆمەڵایەتی ئەو نەتەوانە، بۆیە(وێنستن چەرچڵ)دەوڵەتمەدارو سیاسەتزان (1874- 1965)لەوبارەیەوە دەڵێت:(خۆشەویستی بۆنەریت هەرگیز میللەتێکی لاواز نەکردووە، بەڵکوو هەمیشە لە کاتی مەترسیدا هێزی پێبەخشیوە).
کۆمەڵگەی ئێمە بە و حوکمەی گیرۆدەین بە نائارامی و شەڕەنگێزی، هەم جوگرافیاکەمان و هەم پەروەردەمان ئەوەی بەسەرماندا سەپاندووە، بۆیە زۆر کات ئاوێزانین لەگەڵ غەم، لەدوو حاڵەتدا هانا بۆ گۆرانی دەبەین بۆ لاوانەوەی دڵی بێچارەمان، حاڵەتی یەکەم گۆرانی نەرم و ئارام و هێمنکەرەوە، بەمەبەستی زیاتر ئارام بەخشین، حاڵەتی دووەم هانا بردنمان بۆ گۆرانی شاد، ئەمەش تەنیا بۆ خۆدوورخستنەوەیە لە و حاڵەتە ناخۆش و غەمهێنانەی یەخەی گرتوین، (وەدیع سەعادە) لەم بارەوە دەڵێت (لەبێدەنگیدا گۆرانی جوان، لە بێدەنگیدا دەنگە سەرسوڕهێنەرەکان، کاتێک دادەنیشیت و بێدەنگ دەبیت، خەریکی داهێنانی ژەنینی (تار)ێکی نوێیت.
گۆرانی کوردی جۆری زۆرە، بەشێک لەوانەی زۆر باون و ڕۆژانە بەر گوێمان دەکەون دەخەمە ڕوو، کە ئەمانەن:
1-گۆران مناڵان: ئەو گۆرانی و سروودانەن، کە تایبەتن بە تەمەنی مناڵ ئەوانیش پێویستە ڕەچاوی تایبەتمەندی تەمەنی مناڵی تێدا کرابێت، ئەم هونەرە بەداخەوە نەبۆتە گرنگیدانی بەهۆی کەمی نەشارەزایی و نەبوونی کەسانی تایبەت بەم هونەرە، ئەگەر هەشبن کەمن، هەربۆیە مناڵان لەکاتی وتنی گۆرانیدا هانا بۆ گۆرانی گەورەکان دەبەن و ئەو گۆرانیانە دەڵێن کە بۆ تەمەنی ئەوان نەشیاون.
2- گۆرانی کۆڕ و دانیشتنەکان: ئەم گۆرانیانەش تایبەتن بە و کۆڕ و دانیشتنانەی کە کۆبوونەوەی کۆمەڵایەتی یان بۆنەی تایبەت ڕێکدەخرێن.
3-گۆرانی ئایینی و ستایشی پێغەمبەر: ئەم جۆرە لەمەراسیم و بۆنەی ئایینی دەوترێن، پێش هاتنی ئایینی پیرۆزی ئیسلامیش ئەم مەراسیمانە هەبوون و ڕێکخراون، بەپێی داب و نەریتی ئەو ئایینانەی لە و کاتانەدا هەبوون.
4- گۆرانی نیشتمانپەروەری: ئەو سروود و گۆرانیانەن کە بۆ بەرزکردنەوەی هەستی نیشتمانی وتراون، ئەمانەش لەو کاتانەدا بەکارهاتوون، کە ناخۆشی و شەڕ و گرفت یەخەی نیشتمانی گرتووە.
5-گۆرانی لای لایەی دایک بۆ کۆرپەکەی: ئەو گۆرانیانە پڕ سۆزەیە کە دایک بۆ کۆرپەکەی دەیکات، لە کاتی خەواندنی یان کاتێ هەست بە ئازارێک دەکات لەکۆرپەکەیدا.
6- گۆرانی لاوانەوە و شیوەنگێڕان: ئەم گۆرانیە تایبەتە بە کاتێکی ناخۆش و پرسە، یان لەدەستدانی کەسێک، لاوانەوەی بۆ دەکەن بە وەسف و پیاهەڵدان و دەربڕینی غەمباری بۆ ئەو کارەسات و ڕووداوە.
7- گۆرانی وەرزێری: ئەو گۆرانیانەن لەکاتی کاری وەرزێری و کشتوکاڵدا دەوترێن، هەر گۆرانیە و تایبەتمەندی خۆی و ئاوازی تایبەت بەخۆی هەیە، وەک درەوکردن و جۆماڵ و ئاوداشتن و هیتر.
8-گۆرانی بووک گواستنەوە: تایبەتە بە گواستنەوەی بووک، بەپێی شوێن و ناوچە دەربڕینەکە دەگۆڕێت، ئەمەش لە بابەتێکی فۆلکلۆری و کەلەپوورییەوە سەرچاوەی گرتووە.
9- گۆرانی شادو هەڵپەڕین: ئەو گۆرانیانەن کە دوورن لە ڕیتمی خاو، زیاتر خێران و بەمەبەستی جۆش و خرۆشی دەربڕینی شادی، لەگەڵ گۆرانی بووک گواستنەوە جیاوەزە، چونکە ئەمەیان قۆناغێکی ترە.
10-گۆرانی چەپڵە: ئەم گۆرانیە لەکۆڕ و دانیشتنەکاندا بەکاردێت و هەموان چەپڵە وەک ڕیتمی گۆرانیەکە بەکار دەهێنن.
11- گۆرانی بەند: ئەم جۆرە کەسی شارەزای دەوێت، تا بتوانێ ئەو جۆرە گۆرانیە بڵێت، جار هەیە دوو بەندبێژ بەیەکەوە بۆیەکتر دەسێننەوە، جاریش هەیە یەک بەندبێژە.
12- گۆرانی ئەوینداری: ئەو گۆرانیانەن کە تایبەتن بە بواری خۆشەویستی و ئەوینداری، هەرچەندە بەشێکی گەورەی گۆرانی داگیرکردووە، بە جۆرەها ئاوازی تایبەت وتراون، هەندێکیان خاو و هەندێکیان خێران.
گۆرانی وتن بەڕای زۆربەی ڕۆشنبیران و شارازایان و توێژەرانی بواری هونەر، بەرپرسیارێتی مرۆڤانەیە، دەکرێ ڕەنگدانەوە و بایەخەکەی لەناو خەڵکدا ببینرێت، (پۆل ڕۆیسۆن) لەم بارەوە دەڵێت: (وەک گۆرانیبێژێک ئەرکی منە گۆرانی بڵێم، بەڵام وەک تاکێک هەمیشە باسی ئاشتی دەکەم و کەس ناتوانێت ڕێگریم لێبکات لەوەی دەیڵێم).
هونەرێک بەو جۆرە تێکەڵ و ئاوێزانی ڕوحی هەموو تاکێک بێت، ناکرێ و نابێت، هەروا بەسانایی و سادەیی لێی بڕوانرێت، یان ئەم هونەرە بکرێتە گاڵتەجاڕی چەند کەسێکی ناڕۆشنبیر و دوور لە بەها جوانەکانی ژیان،
ئەوەی ئەمڕۆ گۆرانی کوردی تێیکەوتووە، مایەی شەرم و نیگەرانیە، چۆن و لەبەرچی و بۆخاتری کێ گۆرانی ئەم میللەتە وێران بکرێت و کەس و هیچ لایەنێک خەمی نەخوات؟ دەیان کەسی دەنگ ناشاز درووست بوون، گۆرانی هونەرمەندە گەورەکان ئەڵێنەوە و خراپیان دەکەن و لەبەر چاوو دڵی خەڵکی کورد تام و چێژی گۆرانیەکە وەک شوشە دەشکێنن، لایەنێک نییە بڵێ چۆن و بۆچی وادەکەی؟ زۆرجار هەندێ بەناو گروپ و تیپی میوزیک دێن بە گۆرانیبێژێک گۆرانیە پڕ ئەفسوناوییەکانی ناو ڕۆح و دڵی خەڵک دەشێوێنن، وەک گۆرانیەکانی ئەم هونەرمەندانە(حەسەن زیرەک، ماملێ، کەمەندی، شارۆخ، عەلی مەردان..... زۆریتر).
هەق وایە وەزارەتی ڕۆشنبیری ئەو بەرپرسیارێتیە گەورەیە لەڕێی یاسا و ڕێنمایی و بڕیارەوە بخاتە سەر شانی خۆی و لێژنە دیاری بکات بۆ ئەو مەبەستە، پێم بڵێن ڕاوێژکاران و بەرپرسانی ئەم وەزارەتە کاریان چییە، ئەگەر ئەمە نەکەن؟ بۆ هیچ کارێک لەمە باشتر و پڕخزمەتتر هەیە؟ چۆن هەرکەسێک هەستاو بەدڵی خۆی گۆرانی هونەرمەندە گەورەکان بڵێتەوە و تێکی بدات و کەسیش نەڵێ بۆ وادەکەی؟
داوا لە بەڕێز وەزیری ڕۆشنبیری دەکەم، خەمێکی هونەری گۆرانی کوردی بخوات و ڕێ لەم پاشاگەردانی و وێرانکاریە بگرێت کە چەند کەسێکی بێ هەست ئەمکارانە دەکەن، با لاسایی کردنەوەی هەموو گۆرانیەک بەدەنگی هەر کەسێک بێت، قەدەغە بکرێت و ڕێی لێبگیرێت، ئەگەر ئەوانە هەست بە دەنگخۆشی خۆیان دەکەن، با گۆرانی خۆیان بڵێن، نەک گۆرانی ئەوانە بڵێنەوە کە لە ژیاندا نەماون.
دوا وتەم بە وتەیەکی جوانی (عەدنان ئەلسەیاغ) دێنم کە دەڵێ: (واز لە گۆرانی وتن بێنە دڵی ئازیز، چونکە تۆ هەموو ئەوانە تووڕە دەکەیت، کە نازانن گۆرانی بڵێن). [1]