بیرەوەرییەکانی فەقێیەکی گوومڕا 34
#شەماڵ بارەوانی#
وڵاﮪی وێنەی خیلاعیم لەکن مەلای دیتییە!..
لەکاتی خوێندنی ئیسلامی و فەقێیاتیم و سەردەمی حوجرە، وەکو لەبەشی یەکەم ئاماژەم بۆی کرد، کە فەقێیەکی زۆر عەجووڵ و فزووڵی بووم و لەپاڵ بابەتە ئیسلامی و ئایینیەکان و خوێندنی فەقێیاتیم، زۆر بابەتی تری جۆراوجۆرم دەخوێندەوە، وەکو: پەڕتووکی فیکری، فەلسەفی، ئەدەبی، کۆمەڵناسی، دەروونناسی، گەشەپێدانی مرۆیی، مێژوو، بابەتی زانستی و جنسی..تاد.
دەتوانم بڵێم هیچ فەقێیەک بەقەد من پەڕتووکی نەدەکڕی، هەرچی پارەی زەکات و سەرفیتر و خێر و سەدەقە هەبوو، کە خەڵکی لەو دێیانەی وتاری جومعەم بۆ دەدان و مەڵایەتی ڕەمەزانێم بۆ دەکردن، پێیان دەدام، ڕێک دەڕۆیشتم و هەمووییم بە ڕۆژنامە و گۆڤار و پەڕتووک دەدان و دەمخوێندنەوە.
جا بە پەڕتووک خۆریش ناسراوبووم لای هاوڕێ فەقێیەکانم، بەهۆی زۆری موتاڵا و خوێندنەوەم.
من هەر لەفەقێیاتیم و قۆناغێکی زۆر زووەوە، دوو هەزار پەڕتووکم زیاتر خوێندەوە.
بەو بۆنەیەوە، ئەوە ڕۆژەکی چوومە ناو بازاڕێ، بە مەبەستی ڕۆیشتن بۆ پەڕتووکخانە و کڕینی هەندێک پەڕتووکی تازە.
لەناو بازاڕ و پێش ئەوەی بگەم بە پەڕتووکخانەکانی تەنیشت قەڵاو پشت پارێزگا، لەشوێنی گۆڤار فرۆش و ڕۆژنامە فرۆشەکان لە نزیک بازاڕی نیشتمان، گۆڤارێکم بەرچاو کەوت بەناوی گۆڤاری (خ..)، کە کۆمەڵەک وێنەی ورووژێنەر و چەند ناونیشانێکی زۆر عەنتیکە و سەیر و سەرنج ڕاکێشی کردبوو بە مانشێتی سەر بەرگی گۆڤارەکە.
ئایە درووستە ئافرەت هینی پیاوەکەی بلێستەوە؟
تائێستا تووشی کێشەی ڕەپ نەبوونی چووک بووی!..
ئایە مۆز دەست لێدان ئافرەت ناورووژێنێت؟
هینی سناعی لەڕووی شەرعەوە حوکمی چییە؟
چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم شوێنەی جەستەی ئافرەت دەکەی!....تاد.
گۆڤاری(خ)، گۆڤارێکی ڕۆشنبیری جنسی بوو. لە ڕوانگەی شەرع و زانستەوە قسەی لەسەر بابەتە سێکسیەکان و ڕۆشنبیری سێکسییەوە دەکرد.
منیش پێش ڕەمەزان بوو و بەتەمابووم بڕۆمە دەڤەری کەرکووک و دێی(گ)، پشت پردێ و لای مەنتیقەی شوان و ئەو ناوە.
جا من ئەوکاتە هەم فزووڵی بووم و هەمیش تازە گەنج و لە لوتکەی خرووشان و ئالۆری بووندا بووم.
بۆیە نەمکردە نامەردی و چوار پێنج دانەم لە گۆڤارەکە کڕی و لەگەڵ دوو کارتوون پەڕتووک لەگەڵ خۆمم بردن و ڕۆیشتمە مەلایەتی ڕەمەزانێ لە دێ، تا لە میانی ئەو مانگەی لەوێ دەمێنمەوە، خۆمیان پێوە سەرقاڵ بکەم و بیان خوێنمەوە.
جا کە چووم، لە گوند دەمگوت خودایە وەڵاهی کەسێک ئەو گۆڤارانە ببینێت، ڕێک حەیام دەچێت و وا بڵاو دەبێتەوە، کە وێنەی سێکسی و پۆڕنیان لای مەلا بینیوە.
بیرم دەکردەوە باشە ئەگەر هاتوو خوا نەخواستە ئاشکرابووم؟ چۆن ئەو خەڵکە حاڵی بکەم: کاکە وەڵاهی ئەوە گۆڤارە و هیچ ناشەرعی و نەنگی و عەیبەیەکی تێدا نییە و بابەتەکانیشی هیچیان ناشەرعی نین و مرۆڤی موسوڵمانیش پێویستە شارەزایی و ڕۆشنبیری لە ڕوی جنسییەوە هەبێت جا هەرخۆم وڵامی خۆم دەدایەوە، کوڕە دە دانیشە، وەڵا حەیای ئەژدا و ئابائت دەچێت. خەڵکی گوند و عەشایەر تووزانن ڕۆشنبیری جنسی و گۆڤار و مۆڤار چی!..
بۆیە لەترسان هەموویانم لەبن دۆشەگ شاردبوویەوە. نەوەک کەسێک بێت و بییانبینێت.
لەبێ شانسی خۆم، ئەوە نیوەڕۆیەک دوای ئەوەی پێش نوێژیم لۆ خەڵکەکەی کرد و هەموان بەڵاوەیان لێ کرد، هاتمەوە ئەو ژوورەی کە هەر لەناو مزگەوتەکەدا بۆیان ئامادەکردبووم، تاکوو مانگی ڕەمەزان لێی بخەوم و ئیسراحەتی تێدا بکەم.
منیش دوای چوونە ژوورەوە، گۆڤارەکانم هێنادەر و دەستم کرد بە خوێندەوەی دانەیەکیان و ئەوانەی تریشم لەنزیک خۆم دانا.
قورعانەکیشم لە نزیکە خۆم دانابوو لۆ ئەوەی گەر خوا نەخواستە، کەسێک، لەنکاوڕا هات، خێرا دەستی دەمێ و بڵێن ئەها مەڵا چەند بەدین و دەلالەتە و چۆن خۆی لۆ ئایین یەکلایی کردووەتەوە و لەو تەمەنە بچووکەدا چەندە خۆی لۆخوای شکاندوتەوە و هەر خەریکی خەتم و قورعانە لەو مانگە پیرۆزەی ڕەمەزان!..
سەرتان نەیەشێنم، لەو دەمەی ڕێک پیاوەکی تەمەن سەر و پەنجا ساڵی هات، دەتگووت خدری زیندەیە، خۆی کرد بە ژووردا و ئەوەی من لێی دەترسام و ئاواتم بۆی نەدەخواست، ڕوویدا و هەموو ئەو گوڤارانەی تەنیشتم و گۆڤارەکەیتریشی بە دەستەوە بینیم، گووتی: کاکە مەلای گچکە، ئەوە خەریکی چیت؟
لە دڵی خۆم دا گووتم وای باوکە ڕۆ، وڵا تازە تێچووم، لە ترسان ڕەنگم لەبەر نەمان، دواتر گووتم تازە هەر لێم قەومایە و بە فاقی وەبوومە و پێویستە نەیهێنمە سەرەخۆم و نەشڵەژێم و زیرەکانە فرت و فێڵەک و ڕێگا چارەکی بدۆزمەوە، بۆ دەربازبوونێ، بە خوای ئەگەرنا حەیام دەچیت.
هیچ خۆم شلوێ نەکرد و کورد وتەنی(خۆم نەهێنا سەر هیچ دەراوان) و گوتم: مامە گیان، دونیا بەرەو فەسادەت و بەڕەڵایی و بێ ئەخلاقی ڕۆیشتییەو ئاخری زەمان نێزیک بوویتەوە. جولەکەی سەهیۆنی بێ ڕەوشت، بە هەزار و یەک ڕێگا و پیلان دەیەوێت ئەخلاقی ئومەتی محەمەدی تێک و پێک بدات.
ئەها سەیرکە، ئەو وێنە و شتانەم لەسەر ڕێگا دۆزییەوە، گوتم بزانم چی تێدایە. ئەستەغفیرەڵڵاە، هەموو فەسادەتە.
خوا گەورە هەرخۆی مەحفوزمان کات و پەنامان بدات. ئەرێ تۆ پێم بڵێ جێگایەک نییە، تێیدا گڕیان تێبەردەین و بیانسووتێنین و لێنەگەڕێین ئەو جولەکە کافرانە، چیتر گەنج و ڕۆڵەی موسڵمان تووشی بێ ئەخلاقی و لادان بکەن و لە ڕێگای ئەو وێنە ڕووتانەوە، لەخشتەیان بەرن؟
گوتی بەرێ وەڵا مەلا گیان، با بیبەینە ئەو خوارەی، بردمان و لە خوار مزگەوت گوفەکەکی لێ بوو هەموویمان جوان جوان سووتاند.
لە دڵەوەش دڵم سەت و بیست لێی دەدا و لەگەڵ قرچە قرچی لاپەڕەی گۆڤارەکان، دڵی منیش دەیگوت قرچ و قرچ و وام دەزانی ڕۆحی من وا دەسووتێ و لەژێر لێوەوەیش هەرجوێنم بۆ کابرا حەواڵە دەکرد و دەمگوت: باشە هەی سەگ بابی تەرەس باب، ئە توو لەو دەمەی وەکی جندۆکەی لە کوێ لەمن پەیابو!..؟
بەو شێوەیە لە کۆتاییدا باشبوو خۆم قوتارکرد، ئەگەرنا ئەو پیاوە، سڕ و تڕی هەموو لێ ئاشکرا دەکرم و لە کن خەڵکی دەیگوت: وڵاهی وێنە خیلاعیم لەکن مەلای دیتییە و حەیای حەوت پشتانی لێ دەبردم.[1]