بیرەوەرییەکانی فەقێیەکی گوومڕا 37
#شەماڵ بارەوانی#
باشە ئەگەر مەلا خۆیشی تەمەشای نەکردبێتن، چۆن ئەوە دەزانیت!؟..
بەشێک لە پیاوانی ئایینی، هەمیشە کاردانەوەیان هەیە بۆ هەرشتێک، کە لەگەڵ دید و تێڕوانینی ئایینیانە و مەزهەبیانە و ئایدیۆلۆژیاکەی ئەوان پێچەوانەبێت، یان نەگونجێت و لەسەر مینبەر، خێرا هەڵدەچن و بە تووڕەیی و حەماسەتەوە، هێرشی بۆ دەبەن و قسەی لەسەردەکەن و هەوڵی بە دەعباکردن و ناشرینکردن و نابووتکردنی دەدەن!
نموونەی مەیخۆر، باڕ، کافتریا، یانەی شەوانە، دراما و کچە مۆدێلەکان و هەر شتێکی تر، کە بۆنی تازەگەری لێ بێت و پێچەوانەی بیری کۆنەخوازی و شتە باو کۆنەکانی کۆمەڵی سونەتی و نەریتی بێت.
مەلایەکی برادەرم هەیە، ئەوەی بۆ گێڕامەوە گوتی: ڕۆژێک لە مزگەوت وتاری جومعەم دەدا و هەرچی جوێن و قسەی ڕەق بوو، بۆ مەیخورەکانم حەواڵەکرد.
گوتی: کاتێک وتارەکە تەواو بوو، مامە حاجییەک هاتە لام و گوتی:ئەرێ مامۆستای بەڕێز، خەڵکی لەسەر ڕێگای مەسیفی دەخۆنەوە، تۆ لێرە و لە مزگەوت دا، بەسەر ئێمەدا دەگوڕێنیت و هاواردەکەیت!
جامنیش لەو سۆنگەیەوە، کاتێک فەقێ بووم، هەموو ئەو شتانەی ناوم هێنان و هەرشتێک، پێم ناشەرعی و پێچەوانەی مەزهەب و دۆگم و تێڕوانینە ئایینەکەی من بوایە، لەسەر مینبەر هوروژمم بۆی دەبرد و کورد وتەنی: دەمشووشتەوە.
جا بەو بۆنەیەوە، ئەوە لە فەقێیاتیم ساڵەکی لە دێی (گەڵۆزی) لەنێوان کەرکووک و پردێ مەلابووم.
ئەو دەمی درامەیەکی تورکی(بێریڤان)، لە یەکێک لە کەناڵە ئاسمانییە کوردییەکان پەخش دەکرا و پاڵەوان و ئەکتەری سەرەکی کە تێیدا ڕۆڵی دەبینی، ژنە گۆرانی بێژی تورک(سبیل جان) بوو.
خەڵکێکی زۆر لە کوردستان سەرقاڵی سەیرکردنی ئەو درامایە و باسکردن لە چیرۆکی ژیانی بیریڤانە چاو شین و قژ زەردی پەری ئاسابوون.
منیش ڕۆژی جوعمەی کو بەسەر مینبەرێ کەوتم و دوای سەڵات و سەلام، یەکسەر بێ لام و جیم و زۆر بە توندی هێرشم بۆ سەر دراماکە دەست پێکرد و پیس دابەزیمە سەر بێریڤان و گوتم: ئیمانداران و موسڵمانان، ئایە ئێوە دەزانن ئەو سبیل جانە مەشلەتە و بەرەڵا و قەحپەیە، تا ئێستا کێ لە ژیانی ڕاستەقینەی خۆی دا، سێ جار هاوسەرگیری کردووە و لە هەرسێکیشیان جیابوویتەوە!؟
کاکە لە خوا بترستن و لەخۆتان بپرسن: خۆ کابرا لەسەر چونە نوێژی جەماعەتێ و لە ڕێگای مزگەوتێ و بەلاش و عەلاش تەڵاق نەدرایە، حەتمەن کەتنەکی کردیە.
موسڵمانان سەیرکەن لەناو فیلمیش، هەمان شێوە ئەو مەشلەتە و بەڕەڵایە، تا ئەلعانەکینێ حەزی لەسێ زەلامان کردیە.
گوێم لێ بوو مامە حاجیەک بە دەنگێکی هەندەنک بەرز گووتی: بە قوڕعان مامۆستا لەمە شارەزاترە. باشە ئەگەر مەلا خۆیشی سەیری نەکردبیێن چۆن ئەوە دەزانیت!؟
خەڵکی هەمووی دەستیان کرد بە پێکەنین، ئای کە تەریق بوومەوە و شەرمم لە خۆم کردەوە.
کاتێک کە وای پێگوتم، عارد شەقبوایە دەڕۆشتمە ناویەوە.
تێبینی: پێشووتر و ئەو هەواڵەی سێ جار جیابوونەوەی (سبیل جان)م، لە یەکێک لەگۆڤارەکان خوێندبوویەوە. هەڵە نەبم گۆڤاری (هۆنیا) بوو، باشم بیرنەماوە.
جا کو ئەو خەڵکەم حاڵی کردبووایە و قەناعەتم لا درووست کربان، کاکە گومانتان خراب نەبیتن، بە خودای گەورە ئەو بابەتەم لە گۆڤار خوێندووەتەوە![1]