نەشتەرگەری جوانکاری و متمانە بەخۆبوون
دێکان عەلی
پێشکەوتنی زانستی پزیشکی لەئاستێکدایە، ڕەنگە هیچ بوارێکی پزیشکی و نەخۆشییەک نەبێت، ئەم زانستە چارەسەری بۆ نەدۆزیبێتەوە. لەم نێوەندەشدا، جێگرەوە یا چارەسەر یا درووستکردن و دانانەوەی ئەندامەکان جەستە لەبرەودانی بەردەوامە.
کەسانێکی زۆر لە جیهاندا هەن، بەچەند هۆکارێکی جیاواز ئەندامەکانی جەستەیان لەدەست دەدەن یاخوود شێوەی دەموچاوویان تێک دەچێت و جۆرێک لەشێواوی درووست دەبێت. زانستی پزیشکی چارەسەری بۆ ئەم دۆخانە دۆزیوەتەوە، لەڕێگەی داهێنان بەبەکارهێنانی چەند تەکنیکی جیاواز وەک نەشتەرگەری جوانکاری، یاخوود بەکارهێنانی دەرزی و ماددەی جیاواز لەچارەسەر.
تا ئێرە کردارەکە درووستە و زانستییە.
بەڵام لەم ساڵانە کۆتاییدا، بەجۆرێک نەشتەرگەی و دەسکاری شێوازی دەموچاو زیادی کردووە، بەدەگمەن کەسێک دەبنینت شێووازی سرووشتی بێت(ئەم دیاردەیە لەناو خانمان زۆرزۆر بەربڵاوە). بەجۆرێک بەشێکی زۆری ژنەکان ئێستا لەیەکتری دەچن. بەئەستەم لێکتر جیادەکرێنەوە.
ئەم دیاردەیە بەجۆرێک بەربڵاوە، کە چیتر ڕەنگە ژنان متمانە بە ڕوخساری خۆیان نەبێت، ڕەنگە وەک گرێیەکی دەروونی مامەڵە لەگەڵ شێوازی سرووشتی خۆی بکات. ڕەنگە لەلای بەشێک لەژنان نەنگی بێت ئەگەر وەک ژنەکانی تر دەسکاری شێوەی سرووشتی خۆی نەکات(هەڵبەتە من بەتەواوی لەگەڵ چارەسەری ڕێککاریم ئەگەر بێتو کەسێک بەشێوەی سرووشتی ڕێککاری ئەنجام بدات بەڵام نەک وەک ئەم دیاردەی ئێستا هەموو ژنەکان یەک شێوەن).
من پێم وایە یەکەم خاڵی سەرکەوتنی مرۆڤ، ڕازی بوونە لەشێوەی سرووشتی خۆی، باوەڕهێنانە بەوەی دەبێت کەسێک بێت سرووشتی نەک ڕبۆت ئاسا دووای قەڕەباڵغی بکەوین.
دەکرێت زانست بۆ چارەسەری دۆخی نەخوازراو بەکاربەرین، نەک بۆ بەیەک شێوازی دەموچاو و جەستەی یەکتربکەین.
کەوایە متمانە بە سرووشتی خۆت گەورەترین خاڵی سەرکەوتنە. بڕووات وابێت خوا بەجوانترین شێوە تۆی درووست کردووە، شەرم لە شێوەی ڕوخسارت نەکەی، چرچەکانی ژێر چاوت مایەی شانازی بن، لێوەکانت سرووشتی بن و بەجوانترین خۆت ببینیت.[1]