ماراسۆنی گەمژەکردن
#پەیکار عوسمان#
- هاوسۆزی دەماری حەیاتی مرۆڤایەتییە و بەبێ ئەمە، مرۆڤ نە بەرگەی زەبری سرووشت ئەگرێ، نە بەرگەی جەنگ و گەمژەییەکانی خۆی. هیچ یاسا و سیستەمێکیش بەدیلی خودی مرۆڤ و هەستی هاوسۆزی نییە، بەڵام تەنیا هاوسۆزییش بەس نییە و ئەبێ ئەوە تەرجەمە بکەین، بۆ سیستەم و یاسا و بۆ کاری دەزگایی.
- فەلسەفەی سیاسەت و حوکمڕانییش هەر ئەو تەرجەمەکردنەیە، نەک مەسەلەی هێز و زاڵێتی و سەپاندن.. هەر ئەوەیە کە هاوسۆزی و بەرپرسیارێتی و بەها و فەزیلەتەکانی مرۆڤ، بکرێ بە پەروەردە و بە یاسا و کواڵیتیی کۆمەڵگا و مرۆڤی پێ بەرزبکرێتەوە، ، نەک ئەوەی مەیلە نزم و شەڕەنگێزەکانی ئینسان، بکرێتە دەزگاو خودی ئینسانی پێ گرگن و سەرکوت بکرێ!
- هەیە پێیوایە، دەوڵەت وێنە گەورەکەی خێزانە، من تۆزێ لەوە وردتری ئەکەمەوەو پێم وایە وێنە گەورەکەی خودی مرۆڤ و ژیری و مەیلەکانیەتی. سیستەمە دیموکراتەکان هەر ئەوانەن کە عەدالەت و ئازادی و کەرامەت و هاوکاری و هەستە باڵاکانی مرۆڤی تێدا بووە بە دەزگاو بە شێوازی ژیان، دیکتاتۆریەتیش، ترس و هێزو خۆپەرستی و گرێ دەروونییەکانی کەسێکی تێدا بووە بە نەخۆشیی گشتی!
- یەعنی هاوسۆزی چەنێک ئینسانیی و جوانە، ئەگەر نەبووبێتە دەزگا، نیشانەی ئەوەیە کە کۆمەڵگا هێشتا نەهاتۆتە قۆناغی مۆدێرنەو هێشتا بە گیانی گوندو ژیانی سرووشتی ئەژی و گیانی شارو دەزگایی تێدا درووست نەبووەو ئەمەش پێش هەر شتێ، فەشەلی ژیری و فیکرە، ئینجا فەشەلی سیاسەت و حوکمڕانی!
- چەنێک گرنگ و ئەخلاقییە، کە گیانی هاوسۆزی و هاوکاری هەبێ و بیپارێزین، ئەونەش گرنگ و ئەخلاقییە، کە ئەمە بکەینە دەزگاو ئیتر لەنێوان خواوەکیلی و ئەنارشیزم لە لایەک و دیکتاتۆریەت و ستەمکاری لە لاکەی تر، شتێکی ناوەند هەبێ، کە هەم گیانی هەرەوەزی گوندو هەم گیانی دەزگایی شاری تیابێ و مرۆڤەکان مرۆڤتر و ژیان ژیانتر بکات.
- فەزیلەتەکان و ئینسانیەتی ئینسان، بەدیلی نیەو هەر ئینسانێک ئەبێ بە خودی خۆی نوێنەرایەتی بکات، بەڵام پیشەکان کاری هەموو کەس نیەو لێرەدا پسپۆڕی و دابەشکردنی کار دێتە پێش. بەمەش متمانە ئەبێتە جێگرەوەی بەشداریو تۆ لەبری ئەوەی قۆڵی لێهەڵماڵی، متمانەت هەیە کە دامودەزگا ئیشەکە باشتر ئەکەن. ئا بەوەش تۆ کەمتەرخەمیت نەکردووەو ناکەویتە دەرەوەی هاوسۆزی، بەڵکوو وجودی سیستەمێکی باش و متمانەی هاووڵاتی پێ ی، خودی بەشدارییەکەیە!
- بەڵام لە وجودی دامودەزگای گەندەڵدا، متمانەکە درووست نابێ و لە غیابی متمانەشدا دوو شت دێتە گۆڕێ، یان بەشداری ڕاستەوخۆ و هاوکاری و هاوسۆزی کۆمەڵایەتی، کە ئەمە باشە. یان بێباکی و گوێنەدان و ترازان بۆ ئەوپەڕی خۆپەرستی، کە ئەمە خراپە. لە ئێستای ئێمەشدا، هەردوکی هەیەو کۆمەڵگای ئێمە، لە دووەمیانەوە کونی تێبووەو لە یەکەمیانەوە خۆی ئەدوورێتەوە!
- ئەبێ شتێک هەبێ ئینسانیەتی ئینسانەکان بهێنێتە دەرەوە، چونکە ئەوە هەرلەخۆوە نایەتە دەرەوە. ئەو شتەش ئەبێ خودی فەزیلەتەکانبێ کە گەورەبووبێ و فۆڕمی گشتی وەرگرتبێ، نەکئەوەی کەڵبەو نینۆک فۆڕمی وەرگرتبێ و بووبێ بە پۆستاڵ. بێگومان سیستەمێکی واش خەبات و ڕەخنەو چاودێری و هاوکاری بەردەوامی ئەوێ نەک یۆتۆپایەکی حازربێ یەکجار ڕووبداو پاڵی لێبەینەوە.
- یەکەم هەنگاوی ئەو ڕێگایەش، ئەوەیە کە لە وروژداندنەوە بپەڕێنەوە بۆ ئارامی و تێگەیشتن. کورد عەقڵی پێش ڕووداوی نیە، چونکە بیر لەوە ناکاتەوە کە چی چاکەی گشتییە، بەڵکوو خەریکی ئەوەیە کە چی وروژێنەرەو زۆرترین بەرژەوەندی و قەرەباڵغیی خێرای بۆ کۆبکاتەوە، ئیتر ناشتوانێ پێش بە کارەساتەکان بگرێ. عەقڵی پاش ڕووداویشی نیە، چونکە دوای ڕووداویش هەر خەریکی ورژاندنە نەک گەڕان بۆ هۆکارو دۆزینەوەی چارەسەرێکی عەقڵانی، ئیتر ڕووداوەکانیش دووبارە ئەبنەوە!
- سەیریش ئەوە نییە کە واین، سەیر ئەوەیە کە دەزانین واین و بەردەوامیشین! مەسەلەن ئەوە هەر سیاسی و دەسەڵاتداران نین، کە خوارییەکانی خۆیان ئەزانن و بەردەوامیشن لە خواریی، ئیعلامییەکانیش هەر وان. جەماعەتی سایت و مایک و کامێرا کێن؟ هەر هاوڕێکانی خۆمانن و ڕۆژانەش لەم فەیسبووکەوە، دەیان پۆست ئەبینن کە ڕەخنەو توانجە لەوەی کە ئەوان خۆیان ئەکەن بە ناو تەعزێ و قەبرو ساتە مەحرەمەکانی خەڵکدا.. کەچی لەپێناو وروژاندن و هەنێ لایکی زیاتر، مێش مێوانیان نیەو بەردەوامن!
- وروژاندنی سیاسی، وروژاندنی دینی، وروژاندنی هونەری، وروژاندنی بازرگانی، وروژاندنی سیکسی، وروژاندنی بەخشین و خێرخوازی، وروژاندنی خەبەریی.. هەموو جۆرەکانیمان هەیەو ئەگەر سەردەمەکە ناوێکی هەبێ، سەردەمی وروژاندنە. ئێمە دوای سی ساڵ، لەبری ئەوەی پێکەوەژیان و عەقڵانیەت دەزگایی بکەینەوە، وژاندمان دەزگایی کردەوەو ئەوەش یەعنی فەوزاو پچڕان و تێکبەربوون. تەنانەت ئەو کۆبوونەوەیەش کە وروژاندن درووستی ئەکا، درۆزن و کاتییەو بە تەلەفونێکی کابرا، خێرا دابەشبوونەکە درووستئەبێتەوە!
- وەکچۆن تێربوون هەستێکی کاتییەو دوای چەن کاتژمێرێک دووبارە برسیت ئەبێتەوە، وەکچۆن کێشانی جگەرەیەک کاتییەو پاش کەمێک ئەبێ جگەرەیەکی تریش بکێشیت، وەکچۆن خۆبەتاڵکردنەوەی سێکسی کاتییەوە هۆرمۆنەکە جارێکی تر پڕئەبێتەوە.. وروژاندنی سیاسی و بازرگانی و ئایینی و خەبەرییش هەر وایە. بە نەتیجەش، ئیتر سیاسییەکان لە ڕووداوێکەوە ئەماندەنە دەس ڕووداوێک و ڕاگەیاندنەکان لە خەبەرێکەوە ئەماندەنە دەس خەبەرێک و بانگخوازەکان لە هاتوهاوارێکەوە ئەماندەنە دەس هاتوهاوارێک و سەرمایەش لە ڕیکلامێکەوە ئەمانداتە دەس ڕیکلامێکی تر.. ئێمەش هەر خەریکی ڕاکەڕاکین لەنێوان دوو وروژاندنداو ئەوەش بریتییە لە ماراسۆنی گەمژەکردنی کۆمەڵگا!
- ماراسۆنی وروژاندن جوڵەیەکی ساختەیەو لەڕاستییدا ئەوە خودی نەجوڵان و چەقینە، ئەگەرچی مەکینەکەشی زۆر بە گوڕەو بەردەوام بەنزینی تێئەکرێ. وەستان لەو ڕاکەڕاکە ئەبێتە خودی جوڵە، چونکە هەموو دەرچوونێک لە ڕیزی وروژاندن، ئاوڕدانەوەیەکە لە عەقڵ. لە ڕۆژی جیهانیی فەلسەفەدا، گرنگە بزانین، فەلسەفەکاریی چەنێک کردەیەکی ئیجابی و کردنە، ئەونەش کردەیەکی سلبی و نەکردنە. چەنێک خودی بیرکردنەوەیە، ئەونەش لابردنی بەربەستەکانی بەردەم بیرکردنەوەیە، کە بۆ دۆخی ئێستای ئێمە، وروژاندن بەربەستەکەیە.
- سەیرێکی ئەو فەرقە بکە: باوکی شەهیدەکەی ئەودیو وتی، جاران وەسف ئەوەبوو بڵێن فڵان کەس زۆر پیاوە، ئێستا وەسف ئەوەیە بڵێین فڵان کەس زۆر ژنە، یەعنی ژنێتی بۆتە پێوەری شۆڕشگێڕی و شانازی.. باوکی قوربانیەکەی ئەمدیویش پەیمانی دووپات کردەوە بۆ حیزب! کە ئەوە ماف و ئازادی خۆیەتی و ئەسڵەن هەڵەیە لەسەر ئەوە قسەی پێ بگوترێ.. تەنیا ئەمەوێ بڵێم، شۆڕشی ژینا، پێش ئەوەی شۆڕشی چەوساوەکان و نان و ئازادی بێت، شۆڕشی عەقڵەو ئینقلابی فکر ڕوویداوە بەسەر عەقڵی پێنج هەزار ساڵەی پیاوسالارییدا، لێ بەداخەوە لە تەنیشتیدا، عەقڵی ئێمە هێشتا ئینقلابی نەکردووە بە سەر گرێ ی پەنجا ساڵەی جەلالی و مەلاییدا![1]