#تاریق کارێزی#
(1-2)
هەندێ نووسەر و ئەکادیمسیت، دوور لە بەڵگە و بەهای زانستی، گومان دەخەنە سەر توانای زمانی کوردی لە ڕووی نووسین و وەرگێرانی دەقی فەلسەفییەوە. ئەوان پێیان وایە کوردی بە هانای نووسەرەوە نایەت، ئەگەر بیەوێ بابەتی فەلسەفی بنووسێت. من پێم وایە ئەم ڕایە بە تەواوەتی نازانستییە و لە جێی خۆیدا نییە. ئەم وتارەش هەوڵێکە بۆ ڕوون کردنەوەی ئەم پرس و باسە، هەروەها بۆ وڵام دانەوەی ئەم جۆرە گومانە:
زۆر جار ڕۆژنامەنووس و میدیاکاران، لە چاپەمەنی و کەناڵەیلی تەلەڤزیۆن پرسیار دەکەن: ئاخۆ زمانی کوردی توانای لەخۆ گرتنی دەق و نووسینی فەلسەفیی هەیە؟ زمانی کوردی لە باریدا هەیە دەقی فەلسەفیانەی پێ بنووسرێت؟ ڕۆژنامەنووس و میدیاکاران بە مکوڕ بوونەوە پرسیار دەکەن. پرسیاری ئەوان بە دەوری گومانێکەوە دەسووڕێتەوە، کە دەخوازێ ڕاستییەک ساغ بکاتەوە. ئەو ڕاستییەش لە کرۆکی پرسیارەکەدا خۆ دەنوێنێ.
ئەوەندەی من سەرنجم داوە، زۆر جار ئەو کەسانەی پرسیاریان لێ دەکرێت، نووسەر یان وەرگێڕی دیارن، ئەکادیمیست و مامۆستای زانکۆن. هێندەی کە گوێم داوەتێ، وڵامەکانیان نەرێنییە. وڵامەکانیان گومانی ئەوە دەخاتە ڕوو، کە زمانی کوردی لە باریدا نییە ببێتە زمانی فەلسەفە، یان هێشتا نەگەیشتووەتە ئەو پلە و پێگەیەی فەلسەفەی پێ بنووسرێتەوە. ئەم نووسینەی منیش هەوڵێکە بۆ ساغ کردنەوەی ئەم پرسە هەستیارە. هەنگاوێکە بە ئاڕاستەی وڵام دانەوەی ئەم جۆرە پرسیارە.
گومان کردن بەوەی زمانی کوردی ناتوانێ دەقی فەلسەفی بگرێتە خۆ، یان زمانێکە هێشتا نەگەیشتووەتە ئەو پێگەیەی کە دەقی فەلسەفیانەی پێ بنووسرێت، پێم وایە گومان کردنە لە سەرلەبەری عەقڵی کورد و کۆژییری و کۆبیر و کۆهۆشیاریی نەتەوەیەک. ئەو گومانەش، بە بڕوای من، لە تەم و مژی نائاگایی و هەستی خۆ بەکەم زانینەوە سەرچاوەی گرتووە. ئەوانەی بە نەرێنی لە پێگەی زمانی کوردی دەڕوانن، هاوشێوەی کەسانی نەیار بە نەتەوەی کورد، بە چاوی سووک لە کولتووری کوردیش دەڕوانن، تەنانەت هەوڵ دەدەن بە هەزار بەند و باوی نادرووست، تەم و تارمایی گومان و دوودڵی بخەنە سەر هەبوونی کورد، تاریکایی گومان بخەنە سەر ناسنامەکەشی.
پێم وا نییە، هەرگیز ئەو ڕا و بۆچوونە نەرێنییەی لەم بارەیەوە دەرهەق بە زمانی کوردی دەگوترێت، هیچ بەها و ئەرزشێکی زانستیانەی هەبێت، چونکە گومان کردن لە توانا و پێگەی زمانی کوردی لە ڕووی شیانی بۆ لە ئامێز گرتنی زانین و فەلسەفە، گومان کردنە لە تەواوی ژیری و هۆشی کورد. ئەم جۆرە گومانەش بە ڕاستی پووچ و بێ بنەمایە، چونکە مرۆڤی کورد (هەڵبەت عەوام و بە تایبەتی دەستەبژێرەکەی وەک دەستەبژێری گەل و نەتەوەکانی دی)، هیچ کاتێک لە ئاستی نەتەوەکانی دەوروبەر و هەر نەتەوەیەکی دیکەی خاوەن کولتوور و شارستانیەت، لە ڕووی هۆش و بیر و کولتوورەوە وەپاش نەکەوتووە. ئیدی ئەگەر نەتەوەکانی دی (عەرەب، فارس، تورک، ئەرمەن.. هتد) زمانی خۆیان بە کەم نەزانن لە ئاستی فەلسەفەدا، کە بە ڕاستی بە کەمیشی نازانن، باشە بۆ دەبێ ئەو هەستی بە کەم زانینی زمانەکەمان لە لای دەستەبژێری ئێمەدا قوت ببێتەوە؟
بۆ ساغ کردنەوەی کرۆکی مەبەست، جێی خۆیەتی لەو پرسیارەوە دەست پێ بکەین، کە ئاخۆ زمانی فەلسەفە چییە؟ جیاوازیی ئەو زمانە لەگەڵ زمانی ئاسایی چییە؟
پسپۆرانی زمان، تەنانەت تا ڕادەیەک خەڵکی ئاساییش ئەو ڕاستییە دەزانن، کە هەر بوارێکی ژیان، هەر جۆرە زانست و هونەر و زانینێک، زمانی تا ڕادەیەک تایبەتمەندی خۆی هەیە. ئەو زمانە تایبەتمەندەش لەو زاراوانەدا خۆی دەنوێنێ، کە تێگە و واتاکانی ئەو زانست و هونەر و زانینە لەخۆ دەگرن. فەلسەفەش وەک هەر زانستێکی دی، یان (بە گوێرەی پێناسەی کلاسیکیانەی فەلسەفە) باوک و چاوگی زانستەکان، هەر دەبێ لە ڕووی واتا و ناوەرۆکەوە، وابەستە بە چەمک و زاراوە بێت. تێگە و بیرۆکە و ئایدیا و ئەپستیمەکانی زانین، دەبنە بارگە و لەنێو زاراوەدا لەنگەر دەگرن. ئیدی کاتێک قسە دێتە سەر زمانی فەلسەفە، لە کرۆکدا قسە کردنە لە بارەی زاراوەی فەلسەفەوە. هەر زمانێک بتوانێ زاراوەی فەلسەفە بە دەستەوە بدات، تێگەی فەلسەفیانە بهێنێتە بەرهەم، ئەو زمانە لە پێگەی زمانی فەلسەفە و دەقی فەلسەفیدایە.
لێرەوە دەکرێ پرسیارێکی سادە بکەین: ئایا زمانی کوردی زاراوەی فەلسەفی درووست دەکات؟ ئەم زمانە تێگەی فەلسەفیانەی تێدا لەدایک دەبێت؟ لەم ڕووەوە زمانی کوردی لە چ پێگەیەکدایە؟
زمانی کوردی لە ڕیشەدا سەر بە ناودارترین و دەوڵەمەندترین کۆمەڵە زمانی جیهانە. کوردی یەکێکە لە زمانە هەرە دێرین و دەوڵەمەندەکانی کۆمەڵە زمانی هیندۆ ئەوروپی. ئەمڕۆ زمانانی ئەم کۆمەڵەیە پێشەنگ و سەرمەشقی زمانانی هەموو جیهانن. کوردی دەستەخوشکی زمانی ئینگلیزی، سپانی، فەرەنسی، ئەڵمانی، ڕووسی و ئیتالی و چەندین زمانی دیکەیە، کە سەردەستەی زمانەکانی جیهانن، بەشی هەرە زۆری زانست و زانینی مرۆڤایەتی بەم زمانانە بڵاو دەبنەوە.
لە باری مێژووییەوە، کوردی یەکێکە لە زمانە هەرە دێرینەکانی کۆمەڵە زمانی هیندۆ ئەوروپی، ئەگەرچی دەقی فرە کۆنی کوردی تا ئێستا لەبەر دەستدا نییە، بەڵام لەنێو زمانی کوردیدا وشەی تەمەن 3 تا 4 هەزار ساڵ بەر لە ئێستا دەدۆزرێتەوە. بە گشتی ئەو توێژەر و زانایانەی لە بواری زمانناسیدا لێکۆڵینەوەی زانستییان کردووە، گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە زمانی دێرینی کوردی، یان باپیرەی ئەم کوردییەی ئێستامان، هاوشانی زمانی سانسکریتییە، ئەمیش کۆنترین زمانی ئاری (هیندۆ ئەوروپی)یە، کە تا ئێستا دەقی بە دەستمان گەیشتووە.
ئەگەر قسە لە باری دیرۆک و ڕەگ و ڕیشەوە بەرەو ئێستا بگوازینەوە، دەبینین زمانی کوردی ڕەنگە تەنیا زمانی ناوچەکە بێت، کە نەک هەر دوور لە سایە و دەسەڵاتی دەوڵەت گەشەی کردووە، بەڵکوو لە لایەن دەسەڵاتی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستانەوە دژوارترین شەڕی لە دژ کراوە، کەمترین دەرفەتی کار و مانۆری نێو مەیدانی زانین و زانست و هونەریشی لە بەردەمدا بووە، وێڕای ئەوە، ئەو زمانە بە ئەژنۆدا نەکەوت، بەڵکوو لە سایەی زۆریی ژمارەی قسەکەرانی، هەروەها ڕیشەی بەتینی وێژەی زارەکیی ئەو زمانە، کوردی توانیی لە تەنگەبەری سەدەی بیستەم دەبچێت، ئەگەرچی دەرهەق بە نیوەی خاک و خەڵکی کوردستان، تەنانەت وشەی کورد و کوردستانیش قەدەغە کرا بوون.
بۆ ئەوەی وردتر قسە بکەم، لە باری تیۆرییەوە دێمە سەر ئەزموونی خۆم لە بواری کار کردن لە فەلسەفەدا. تا کاتی نووسینی ئەم وتارە، چوار پەڕتووکی چاپ کراوم لە بواری فەلسەفەدا هەیە. ئەو چوار پەڕتووکە، چ وەک پەڕتووک و چ وەک وتار، لە زمانی عەرەبییەوە کردوومن بە کوردی.جگە لەوان، بایی سێ پەڕتووکی دیکە بابەتم کردووەتە کوردی، لە ماڵپەڕی (گوڵان میدیا)دا بڵاو بوونەتەوە. وتار و پەڕتووکەکانی من دەیانکەمە کوردی، لە بارەی فەلسەفەی کۆنی و نوێوەن. واتە هەر لە فەلسەفەی گریک (یۆنانی کۆن)ەوە بیگرە تا دەگاتە دوایین ڕەوت و بزاوتەکانی ئەم سەردەمەی فەلسەفە، باس دەکەن.
ئەوەندەی من شارەزا بم، دەقی نوێی فەلسەفە بۆ تێگەیشتن، ئنجا بۆ وەرگێڕانیش زۆر لە دەقی کۆن زەحمەتترە. ئەمەش لە پای ئەوەی هزری مرۆڤایەتی پەل و پۆی بۆ بوارەیلی هەمەجۆر هاویشتووە، ڕووبەری زانست و زانیاری و کێش و قەبارەکەی لەم سەردەمەدا، هێندە بەرین و ئەستوور و بەربڵاوە، کە لەگەڵ سەردەمانی پێشوو قابیلی بەراورد کردن نییە. جا بەو پێیەی فەلسەفە لەنێو زەریای زانین (مەعریفە)دا مەلە دەکات، بە دوای وڵام دانەوەی پرسیاری قورسەوەیە، ئاساییە کە زمانی ئەم سەردەمەی فەلسەفە گەلێ قووڵتر و ئاڵۆزتر بێت لە زمانی جارانی فەلسەفە، بۆ نموونە لە زمانی سەد ساڵ بەر لە ئێستای فەلسەفە. ئەمەش وا دەکات بیرۆکە بێ ژمار و چەمک و تێگە یەکجار زۆر بن. سەرباری ئەوەی هەر فەیلەسووف و بیرمەندەی کە دێتە نێو گۆڕەپانی پان و بەرینی فەلسەفە، لە خۆی ڕادەپەرمێ و ئەو مافەش بە خۆی دەدات، کە زمان و زاراوەی تایبەت بە خۆی و مانۆری تایبەت بە خۆی لە دنیا فەلسەفەدا هەبێت. پاساویش ئەوەیە، فەلسەفە بۆ خۆی دۆزینەوە و ڕاڤە و شرۆڤەی قووڵ و هەمەلایەن دەخاتە ڕوو، وڵامی شاپرسیار دەداتەوە، ئەمەش پێویستی بە کردنەوەی دەرگای نوێ لە دنیای زانین و هزردا هەیە. کلیلی ئەو دنیا نوێیەش بیرۆکە و دانە ئەپستیمە، کە دەبنە بارگەی سەر شانی زاراوە.
بە سەرنج دان لەو دەرهاویشتانەی ئاماژەم پێ کردن، دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە هەبوونی زاراوە شادەماری نووسین و وەرگێڕان و گەڵاڵە کردنی دەقی فەلسەفەیە. پرسیاری هەستەوەر لێرەدا ئەوەیە: زمانی کوردی تا چەند بەرهەڵە بۆ درووست کردنی زاراوە؟ من لە پەرێزی ئەزموونی بچووک و سادەی خۆمەوە، ڕۆشنایی دەخەمە سەر بەیاری بەرینی ئەو پرسیارە، تا ئەندازەیەک ڕێ بۆ وڵامێکی درووست خۆش دەکەم.[1]