#تاریق کارێزی#
تاریق کارێزی، نووسەر و ڕۆژنامەنووسێکی باشووری کوردستانە. لە بواری ڕەخنە و وەرگێڕاندا کار دەکات. تا ئێستا 21 پەڕتووک و نامیلکەی هەیە، لە 100 ڕۆژنامە و گۆڤاری کوردی و عەرەبیدا بابەتی بڵاو کردووەتەوە، لە 18 ڕۆژنامە و گۆڤاریش بە هەردوو زمانەکە، کاری کردووە..
هەندێ نووسەر و ئەکادیمسیت، دوور لە بەڵگە و بەهای زانستی، گومان دەخەنە سەر توانای زمانی کوردی لە ڕووی نووسین و وەرگێڕانی دەقی فەلسەفییەوە. ئەوان پێیان وایە کوردی بە هانای نووسەرەوە نایەت، ئەگەر بیەوێ بابەتی فەلسەفی بنووسێت. نووسەری ئەم بابەتەش پێی وایە، ئەم ڕایە بە تەواوەتی نازانستییە و لە جێی خۆیدا نییە. ئەم وتارەش هەوڵێکە بۆ ڕوون کردنەوەی ئەم پرس و باسە، هەروەها بۆ وڵام دانەوەی ئەم جۆرە گومانە. نووسەری ئەم بابەتە، تاریق کارێزی، نووسەر و ڕۆژنامەنووسێکی باشووری کوردستانە. لە بواری ڕەخنە و وەرگێڕاندا کار دەکات. تا ئێستا 21 پەڕتووک و نامیلکەی هەیە، لە 100 ڕۆژنامە و گۆڤاری کوردی و عەرەبیدا بابەتی بڵاو کردووەتەوە، لە 18 ڕۆژنامە و گۆڤاریش بە هەردوو زمانەکە، کاری کردووە:
هێندەی من کارم لە بواری وەرگێڕانی دەق و نووسینی فەلسەفیدا کرد بێت، زۆر ڕەحەت و بێ زەحمەتی زاراوەم بۆ هەمەجۆر چەمک و تێگەی فەلسەفی داڕشتووە یان داتاشیوە. ئەوەی من کردوومە نیوەی کارەکە یان دیوێکی کارەکە بووە، نیوەکەی دیکە یان دیوەکەی دیکە، کە گرنگترە و پاساوی کارەکەی من و هەر نووسەرێکی بوارەکەیە، کەسی وەرگر و خوێنەرە، کە ئاخۆ بەو کوردییەی من (هەروەها نووسەرانی دی) لە دەق و نووسینەکانی فەلسەفەدا بەکارمان هێناوە، ئەوی تێی دەگات یان نا؟
بەر لە دە ساڵ، کوڕێکم قوتابیی پۆلی شەشەمی ئامادەیی بوو، سەردانی بەشێکی ناوخۆیی کرد بوو، وتی: باوکە پێم سەیر بوو پەڕتووکەکەی تۆ (مەبەست سەربردەی فەلسەفە بوو، کە فەیلەسووفی ئەمریکی ویڵ دیورانت نووسیویەتی و من لە عەرەبییەوە کردوومەتە کوردی) لە لای هەر یەک لە قوتابیانی کۆلیژی یاسا و ڕامیاری بوو!
کوڕەکەم لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لە قوتابییەکانم پرسی: ئەرێ بۆچی ئەو پەڕتووکەتانە لە لایە؟ وڵامیان ئەوە بوو، کە ئێمە لە مامۆستای وانەی فەلسەفە ناگەین، چونکە ئەو زاراوەکان یان بە عەرەبی یان بە فارسی دەڵێت، ئیدی ئێمە لە بابەتەکە حاڵی نابین، لە لامان بووەتە گرێ کوێرە. لە تاقی کردنەوەشدا لە سەر بیست هەر هەموومان لەنێوان (1 تا 3) نمرە زیاتر ناهێنین. ئەو پەڕتووکە کە باوکت کردوویەتی بە کوردی، بۆمان بووە بە فریادڕەس، ئەو وانەیەی مامۆستا لە پۆلدا دەیڵێتەوە و ئێمە تێی ناگەین، دێینەوە لێرە لەو پەڕتووکەدا دەی خوێنینەوە، تێی دەگەین، کە وڵامەکەش بە گوێرەی ئەوە دەدەینەوە، مامۆستا بۆ هەر یەکەمان لەنێوان (15 تا 18) نمرەمان دەداتێ.
دێمە سەر دوایین پەڕتووکم لە بواری فەلسەفەدا، کە گۆڤاری گوڵان بە ناوی (فیکر و فەلسەفە، کۆمەڵێک تێکستی هزریهاوچەرخ) چاپی کرد. پەڕتووکەکە لە بنەڕەتدا کۆمەڵێک وتار بوون، کە لە ماڵپەڕی (گوڵان میدیا) بڵاو بووبوونەوە. لە خوێنەرم پرسیوە: ئەرێ لە دەقەکانی نێو ئەم پەڕتووکە تێدەگەی؟ خوێنەر وڵامێکی سەرسوڕهێنەر، یان بە لای کەمەوە دڵ خۆشکەری داومەتەوە: وا دەزانی هەر بە کوردی نووسراوە.
سەبارەت بەو دەقانەی فەلسەفەی سەردەم، کە لە عەرەبییەوە کردوومن بە کوردی، ئەوانیش لە بنەڕەتدا بە زۆری لە فەرەنسی و هەندێکیان لە ئینگلیزییەوە کراونەتە عەرەبی.
ڕوون و ئاشکرا دەڵێم: تێگەیشتن لەو دەقانە بۆ عەرەبێکیش کارێکی ئاسان نییە. بەدەر لە هەبوونی پاشخانێک لە بواری هزر و فەلسەفە، ڕەنگە تێگەیشتن لەو دەقانە کارێکی ئەستەم بێت. بە ڕادەی ئەو شارەزاییەی کە لە زمانی عەرەبیشدا هەمە، وەرگێڕی عەرەبیش بۆ گەیاندنی ناوەرۆکی دەقەکان، پەنای بۆ داتاشین و درووست کردنی زاراوە بردووە. لێرەدا جێی خۆیەتی ئاماژە بەوە بکەم، کە هەندێ جار وەرگێڕی عەرەب دوور لە خواستی خۆی، کەوتووەتە بن کاریگەریی ڕێزمان و ڕستەسازیی زمانە بێگانەکە، واتە عەرەبییەکەی شێواوە، عەرەبییەکی زۆر درووست و ڕەوان نییە، بەڵام لە خۆش بەختیی ئێمە، کوردی بەوەی زمانێکی هیندۆ ئەوروپی و خزم و هاوڕیشەی هەردوو زمانی فەرەنسی و ئینگلیزییە، ئیدی لە کاتی وەرگێڕاندا، بۆ من ڕاست کردنەوەی دەقەکان لە ڕووی ڕێزمان و ڕستەسازییەوە، هێندە زەحمەت نییە.
با ئەوەش بڵێم، بە ڕاستی لەبەر ئەوەی زمانی عەرەبی و زمانی دەقەکان (فەرەنسی و ئینگلیزی) سەر بە دوو کۆمەڵەی جودای زمانن، دەبینی پەی بردن بە دەقەکە و تێگەیشتنی بە زمانی عەرەبی، تا ڕادەیەکی زۆر سەختە. لە کاتی وەرگێڕانی بۆ کوردی، من هەردەم هەوڵی دوو شت دەدەم:
یەک: تا بکرێ پێگیری واتا و ناوەرۆک دەبم، هەندێ جار بۆ گەیشتن بە کرۆکی بابەتەکە، واتای درووست و وردی پەیڤ و ڕستەکە، هەڵوەستەی دوور و درێژ دەکەم، ئەوەندەی پێی بزانم و لە سنووری هۆش و درکی مندا بێت، هەرگیز باز بە سەر واتادا نادەم، واتاکە بە ڕوونی ساغ دەکەمەوە، ئەگەرچی هەندێ جار وەرگێڕی دەقەکە بۆ عەرەبی، دەکەوێتە نێو کەند و لەندی واتاوە، بەڵام من هەردەم هەوڵ دەدەم، ئەو کەند و لەندەی واتاش، لە کاتی وەرگێڕاندا، ڕاست بکەمەوە.
دوو: لە ڕووی زمانەوە تا ئەندازەی تاقەت و بڕست، هەوڵ دەدەم ڕوون و سادە و ڕەوان بنووسم. وەرگێڕانەکەم بە گوێرەی دەستوور و ڕێزمانی ڕەوانی کوردی بێت، دوور بێت لە شێوان و ناقۆڵایی. هیچ کاتێک زاراوەی بیانی بەکار ناهێنم، هەر هێندەی لە زاراوە عەرەبییەکە حاڵی بم، یەکسەر بەرانبەرە کوردییەکەی لە زەینمدا گەڵاڵە دەبێت. لەم ڕێیەوە بە هەزاران زاراوەی نوێم لە بواری فەلسەفە و بواری دیکەشدا، خستووەتە نێو فەرهەنگی زمانی کوردییەوە. تەنیا ئەو زاراوە بیانیانە بەکار دەهێنم، کە بەر لە من بەکار هاتوون و لەنێو زمانی کوردیدا جێی خۆیان کردووەتەوە و جێگیر بوون، بوونەتە ماڵی فەرهەنگی کوردی.
لە پاش تەواو کردنی وەرگێڕانی هەر دەقێک، من خۆم وەک خوێنەرێک دەیخوێنمەوە. دوای خوێندنەوە هەست بە ئیسراحەت دەکەم، چونکە لە کاتی وەرگێڕانی دەقەکە لە عەرەبییەوە بۆ کوردی، هێندە واتاکان چڕ و تێک چڕژاو دێنە بەر چاو، بەڵکوو لە دەقە عەرەبییەکەدا تا ڕادەیەک هەست بە ناڕۆشنی دەکەیت، بەڵام دوای تەواو بوونی دەقە کوردییەکە، دەبینم بە ڕادەیەکی باش لە دەقە عەرەبییەکە ڕوون و ڕەوانترە، دڵنیاشم خوێنەری کوردییەکە زۆرتر و ڕەوانتر لە ناوەرۆک و کرۆکی دەقەکە دەگات، تا خوێنەری دەقە عەرەبییەکە.
جارێکیان خوێنەرێک دوای تەواو کردنی خوێندنەوەی پەڕتووکی (سەربردەی فەلسەفە) کە پتر لە (250 لاپەڕەی قەبارە گەورە)یە، تەلەفۆنی بۆم کرد و پرسیار لە واتای دوو زاراوە کرد: وتی ئایا (توونا بوون) واتای (فەنا بوون)ە، گوتم بەڵێ. وتی ئەدی (دوماهی) گوتم ئەمەشیان واتە (کۆتایی).
کوردێکی ئامەد کە کوردییەکەی بەرانبەر بە تورکی تاساوە، زمانی دایکی لەبەر زەبر و زەنگی دەسەڵات تێک شکاوە، پاشان بە زمانێکی بێگانەی داگیرکەر، بە ناچاری، قەرەبووی کردووەتە. کوردێکی کرماشان کە پشت لە کولتووری مەزنی نەتەوەکەی و ڕیشەدارترین زمانی هیندۆ ئێرانی دەکات و لە بن ساباتی زمانێکی بێگانەی داگیرکەردا خۆ دەنوێنێ. من پێم وایە هەردوو حاڵەتەکە کەم و کورتی لە زمانی کوردیدا نییە، هێندەی کە زادەی هەستی خۆ بەکەم زانینی زاتێکی تێک شکاوە. ئەمیش ڕەنگدانەوەی زەبر و زەنگ و داگیرکاری و کۆلۆنیالیزمی زمانە بە سەر ڕۆڵەکانی نەتەوەیەکی بندەستەوە. نەتەوەی سەردەست هەوڵ دەدات شکۆی نەتەوەی بندەست دابماڵێ و شکۆی خۆی بە سەردا بسەپێنێ. بۆ ئێمەی نەتەوەی تا ئێستا بندەست، هیچ دەسکەوتێک بەدی ناکەم کە بارتەقای واز هێنان لە زمانی دایک و کولتووری ڕەسەن و شکۆی نەتەوەییمان بێت.
درووست بوونی گومان بە دەوری زمانی کوردی و شیانی ئەو زمانە لە ڕووی گەشە کردنەوە، بەرهەمی پلان و تیری ناحەزانەی نەیارانی کوردی لەگەڵە. شاراوە نییە کە هەردوو زمانی تورکی و فارسی پتر لە نیوەی فەرهەنگەکەیان عەرەبییە، واتە دەتوانم بڵێم دوو زمانی نیمچە عەرەبێندراون، بەڵام زمان لە سایەی دەسەڵاتدا هەموو خەوشێکی پەردەپۆش دەکرێت. کوردی بەرانبەر بە عەرەبی، هی بەراورد نییە لەگەڵ ئەو دوو زمانەدا، بەڵام بێ دەوڵەتییە کە ڕەونەقی لە کوردی بڕیوە.
بە دڵنیاییەوە کوردی زمانێکی هێندە زیندووە، هێندە دەوڵەمەندە، هێندە توانای گەشە کردن و پێشکەوتنی تێدایە، کە نووسەر ئەگەر بە کرۆک و ڕۆحی ئەو زمانە ئاشنا بێت، هەروەها پتر لە شێوەزارێک لە شێوەزارەکانی زمانی کوردی بزانێت، دڵنیام بۆ نووسینی فەلسەفە و هەر بوارێکی دیکەی زانین، نەک پەکی ناکەوێ، بەڵکوو بە تەواوەتی دەست کراوە دەبێت. ئێمەین کە کوردی بە تەواوی نازانین، بۆیە لەو کوردی نەزانینەی خۆمانەوە گومان دەخەینە سەر زمانەکەشمان.[1]