ناونیشانی بابەت: بۆچی پەڵەی شین و مۆر لەسەر جەستەم دەردەکەوێت، بەبێ ئەوەی هیچ پێکانێک یاخود بەرکەوتنێکم هەبووبێت؟
ئامادەکردن: د. #هەڤین کەمال شا محەمەد#
هەرچەندە ئەم پرسیارە دوورە لە پسپۆڕی منەوە، بەڵام لەبەرئەوەی بابەتەکە تەندرووستییە دەمەوێت هەندێک بەرچاوو ڕوونی بدەم لەسەری.
$پێش هەموو شت دەبێت بزانین بوونی پەڵەی شین چی دەگەیەنێت؟$
بوونی پەڵەی شین مانای ئەوەیە خوێن بەربوونێکی سەتحی و ڕووکەش هەیە لەژێر پێست دا. کە موولولەکانی خوێن دەپچڕێن لەژێر پێستدا و ڕێژەیەک خوێن دێتە دەرەوەو لەژێر پێستدا کۆدەبێتەوە، کەبەشێوەی پەڵەی ڕەش یاخوود شین خۆی دەنوێنێت. لەدوای (2-3) هەفتە لەلایەن لەشەوە هەڵدەمژرێت و شوێنەواری نامێنێت.
هۆکارەکانی:
1- هۆکاری تەمەن: لەگەڵ زیادبوونی تەمەندا ماددەی کۆلاجینی ناو پێست کەم دەبێتەوەو پێستەکە ناسکتر دەبێت ئەمەش وادەکات پێستەکە نەتوانێت پارێزگاری لە موولولەکانی خوێن بکات، بەهەمان شێوەش دیواری موولولەکان بێ هێز و لاواز دەبن و زووتر دەتەقێن.
2- خواردنی هەندێک دەرمانی وەکو ئەسپرین یاخود پلاڤێکس، یاخود بەکارهێنانی ئەو چارەسەرانەی کە ماددەی کۆرتیزۆنی تیادایە کەدەبێتە هۆی تەنکبوونەوەو ناسکبوونەوەی پێستەکە.
3- تووش بوون بەهەندێک نەخۆشی بۆری و موولولەکانی خوێن وەکو دەوالی، کەمی خەپلەی خوێن، یاخود هەندێک جار ژمارەی خەپلەکان نۆرماڵ و ئاساییە بەڵام کێشە لە ئیشکردنیاندا هەیە، بێهێزی لەدیواری بۆری خوێن، نەخۆشیەکانی جگەر.
4- بەرکەوتنی زەبری دەروونی و سترێس و قەلەقی.
5- بەرزبوونەوەی فشار و زەغتی خوێن.
6- هۆکارە بۆماوەییەکان: هەندێک کەس هەر لەبۆماوەییەوە پێستی تەنکە یاخود دیواری موولولەکان بێهێزە، ئەمەش وادەکات پەڵەی شینی زیاتر لەسەر پێستی دەرکەوێت.
7- لێدان یاخود بەرکەوتن بەهەرشتێک بێت، شکان و لەجێ چوون ئەگەری ئەم حاڵەتە زیاد دەکات.
8- بەرکەوتنی زۆری تیشکی خۆر، کە ئەمەش دەبێتە هۆی زوو پیربوون و ناسکبوونەوەی پێست.
9- کەمی هەندێک لە ڤیتامینەکان بە تایبەتی ڤیتامین سی.
10- خواردنی هەندێک لە تەواوکەرە خۆراکیەکان بە شێوەی سەپلیمێنت وەکو (ڕۆن ماسی، ڤیتامین E، زەنجەفیل، سیر) بەتایبەتی لەکاتێکدا کەلەگەڵ ئەو دەرمانانە دەخورێت کە خوێن ڕووندەکەنەوە.
11 - تووشبوون بە هەندێک حاڵەتی نەخۆشی دەگمەن وەک:
12- کەمی خەپلەکانی خوێن لە لەشدا:
لەم حاڵەتەدا نەخۆش جگە لەپەڵەی شین و مۆری بچووک و گەورە. خوێن بەربوونیشی دەبێت لەهەندێک ئەندامی لەشیەوە وەکو: لووت، لێو و پووک، یاخود بوونی خوێن گەگەڵ میز و پیسایی.
13- شێرپەنجەی خوێن: نەخۆشەکە لەگەڵیدا هەست بەلاوازی و بێهێزی دەکات لە هەموو جەستەی، هیلاکی و ماندوویی، عارەقکردنەوە، کێشی بە خێرایی دادەبەزێت، لەگەڵیدا پەڵەی گەورەی شین دەردەکەوێت لەسەر جەستەی.
14- نەخۆشی هیمۆفیلیا: ئەمیش نەخۆشییەکی بۆماوەییە، کەدەبێتە هۆی ئەوەی ئەو ماددانەی کە پێویستن لە لەشدا بۆ مەیینی خوێن کەم ببنەوە، بەمەش خوێن بەربوون زیاد دەکات بە تایبەتی لە دوای نەشتەرگەری یاخود پێکان، یان هەندێک جار بەبێ هۆ ڕوودەدات لەگەڵ دەرکەوتنی پەڵەی شینی گەورە.
15- نەخۆشی ڤۆن ویلبراند:
ئەمە جۆرە نەخۆشیەکە بەهۆی کەمی گلایکۆپرۆتینێکەوە دەبێت لەلەشدا کەپێی دەگوترێت (ڤۆن ویلیبراند)، کە کاریگەری هەیە لەسەر ئیش و چالاکی خەپلەی خوێنەکان، بەمەش ڕوودانی خوێن بەربوون زۆرترە لەم کەسانە داو پەڵەی شین و مۆریش زیاتر دەردەکەون. [1]