ناو: ئیسماعیل
ناوی باوک: محەمەد ڕەسوڵ
ساڵی لەدایکبوون: 1928
ڕۆژی کۆچی دوایی: #20-03-2007#
شوێنی لەدایکبوون: #تەوێڵە#
شوێنی کۆچی دوایی: #سلێمانی#
$ژیاننامە$
مامۆستا ئیسماعیل محەمەد ڕەسوڵ ئەو بەڕێوەبەرەی تۆمارەکانی قوتابخانەی تەوێڵەی لە فەوتان ڕزگارکرد بناسە.
مامۆستا ئیسماعیل لە ساڵی 1928 لە تەوێڵە لەدایکبووە، لە ساڵی 1936 چووتە قوتابخانەی تەوێڵەی سەرەتایی، لە ساڵی 1952 خانەی مامۆستایان تەواو دەکات و لە 18-09-1952 لە #پێنجوێن# وەک مامۆستا دەستبەکاربووە.
لە ساڵی 1953 گواستراوەتەوە بۆ تەوێڵە، پاشان لە ساڵی 1959 بۆ ماوەی یەک ساڵ گواستراوەتەوە بۆ گوندی سۆسەکان، پاسان دێتەوە بۆ تەوێڵەو دەبێتە بەڕێوەبەری قوتابخانەی هەورامان، لە ساڵی 1961 بەهۆکاری سیاسی بەند دەکرێت و پاشان دووردەخرێتەوە و دەگوازرێتەوە بۆ باشووری ئێڕاق بۆ شارەکانی ناسریە و کوت و جبایش
تاوەکو ساڵی 1963.
لە 28-03-1963 بۆ جارێکی تر زیندانی کراوە لە نوگرە سەلمان، لە 16-11-1963 ئازادکراوە، بەڵام لە کارەکانی دوورخراوەتەوە.
لە ساڵی 1965 بۆ جارێکی دەچێتەوە سەر کارەکەی لە ناسریە، لە پاش ساڵێک دەگوازرێتەوە بۆ سلێمانی، لە قوتابخانەی سەرشەقام دەستبەکار دەبێت.
لە 15-10-1968 جارێکی تر دەگوازرێتەوە بۆ تەوێڵە و دەبێتە بەڕێوەبەری قوتابخانەی تەوێڵە، بەهۆی بۆردومانی شەڕی ئێران و ئێڕاق لە ساڵی 1981 تەوێڵە چۆڵ دەکرێت و لە سلێمانی لە قوتابخانەی هەرەوەز بۆتە یاریدەدەر.
مامۆستا ئیسماعیل دەستێکی باڵای هەبووە لە کردنەوەی ناوەندی تەوێڵە و ماوەیەکیش بەوەکالەت بەڕێوەبەری ناوەندییەکە بووە.
لە 20-03-2007 کۆچی دوایی کردووە.
لەکاتی ئاوارەبوونی دانیشتوانی تەوێڵە لە ساڵی 1981 بەهۆی هێرش و بۆردومانی ئێران بۆ سەر شارۆچکەکە کاتێک دانیشتوانەکەی زۆر بە ئەستەم دەیانتوانی کەلوپەلێکی کەمی ماڵەکانیان ڕزگار بکەن، مامۆستا ئیسماعیل پێش ڕزگارکردنی کەلوپەلی ماڵەکەی هەوڵی ڕزگارکردن و پاراستنی تۆمارەکانی قوتابخانەی تەویڵەی داوە و بۆ ماوەی 10 ساڵ ئەو تۆمارانە لەلای ئەو پارێزراو بوون تا دوای ڕاپەڕین تۆمارەکانی گەڕاندۆتەوە بۆ قوتابخانەکە لە شارۆچکەی تەوێڵە. ئەمەش دڵسۆزی مامۆستا ئیسماعیل دەردەخات بەرانبەر بە پڕۆسەی پەروەردەو فێرکردن. [1]