ناو: خزر
نازناو: خدر مەلا وەسمان
ناوی باوک: وەسمان سلێمان
ساڵی لەدایکبوون: 1923
ڕۆژی کۆچی دوایی: #12-04-2011#
شوێنی لەدایکبوون: #ئەشکەوتی شانەدەر# ی شارەدێی #گۆڕەتوو#
شوێنی کۆچی دوایی: #هەولێر#
$ژیاننامە$
خدر مەلا وەسمان ساڵی 1923 لە ئەشکەوتی شانەدەری سەر بە شارەدێی گۆڕەتوو لە قەزای مێرگەسۆر لە پارێزگای هەولێر لەدایکبووه، بەڵام بە بنەچە خەڵکی گوندی بنێبیانە، هەروەها لە یەکێتی سۆڤیەت خوێندوویەتی، ساڵی 1954 بڕوانامەی پەیمانگای لە زانکۆی تاشکەند لە بەشی کشتوکاڵ وەرگرتووە، دوای گەڕانەوەی لە یەکێتی سۆڤیەت، ساڵی 1959 بە فەرمانبەر لە فەرمانگەی کشتوکاڵی سەرچنار دامەزراوە. پاش هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول کارەکەی بەجێدێڵێت و دواتر دوای واژوکردنی ڕێککەوتنامە ساڵی 1970، دەگەڕێتەوە سەر کاری پێشووی خۆی لە سەرچنار. دوای نسکۆی ساڵی 1975 ئاوارەی ئێران دەبێ، بەڵام ساڵی 1976 لەبەرئەوەی هاوسەر و منداڵەکانی لە سلێمانی بوون بەهۆی کەڵک وەرگرتن لە لیبۆردنی گشتی و بە ئیزنی سەرکردایەتی گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی، سەر لە نوێ لە ئیدارەی کشتوکاڵ وەرگیراوەتەوە و دواتر گواستراوەتەوە بۆ فەرمانگەی کشتوکاڵی مێرگەسۆر، لە ڕێکەوتی 12ی نیسانی 2011 لە هەولێر کۆچی دوایی کردووە.
$خەباتنامە$
ساڵی 1943 پەیوەندی بە ڕیزەکانی شۆڕشی دووەمی بارزان کردووە ، لە 19ی ئابی 1945 بە فەرمانی دادگای عورفیی سەربازیی ئێڕاق دەست بەسەر گشت موڵک و ماڵە گواستراوە و نەگواستراوەکانیدا گیراوە. لە 5ی ئەیلوولی 1945 بەشداریی گرتنی بنکەی پۆلیسی مەیدان مۆریکی کردووه، لە 11ی تشرینی یەکەم لە دوای نسکۆی شۆڕشی دووەمی بارزان لەگەڵ بنەماڵەکەی ڕوودەکاتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە #31-03- 1946# لە هێزی بارزان-ی سەر بە سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان خزمەتی پێشمەرگایەتی کردووه، لە 29ی نیسان بەشداریی شەڕی قاراوا لە ناوچەی سەقز کردووە.
دوای نسکۆی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە ڕێکەوتی 19 ئاداری 1947 بەشداریی شەڕی شنۆ و نەغەدەی کردووە، لەو پێشمەرگانە بووە کە لە ڕێکەوتی #19-04-1947# لە ڕێگای (خواکوڕک و دەشتی بەرازگرەوە) بە خاکی کوردستانی باکووردا گەڕاوەتەوە ناوچەی شێروان و مزوری.
دوای گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ #مستەفا بارزانی# لە ڕێکەوتی 15/5/1947 لە گوندی ئەرگوش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانی دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتی سۆڤیەت، لەوێدا تەواوی هەڤاڵانی بڕیاری بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەو یەکێتی سۆڤیەت دەدەن، لە 23ی ئایاری 1947 یاوەریی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی کردووە بەرەو یەکێتی سۆڤیەت و لە شەڕی گەلی قتور و شەڕی پردی ماکۆ بەشدارییکردووە و دوای سەختی و ماندووبوونێکی زۆر، لە 18ی حوزەیرانی 1947 لە ڕووباری ئاراس کە دەکەوێتە سنووری نێوان ئێران و یەکێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای شۆڕشی 14ی تەموزی 1958 لە ئێڕاق و گەڕانەوەی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، لە 25ی شوباتی 1959 و بەپێی هەردوو ماددەی سێیەم و حەوتەم و بڕگەی (أ) لە ماددەی دەیەم و کارکردن بە ماددەی (11) بە پشت بەستن بە یاسای هەموارکراوی ژمارە 19 لە ساڵی 1959 دا، خۆی و هەڤاڵانی بەر لێبوردنی گشتی کەوتوون.
لە ساڵی 1958 کۆماری ئێڕاق بە سەرۆکایەتی عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، ناوبراو لە 16ی نیسانی 1959 لەگەڵ هەڤاڵانی بە کەشتیی گرۆزیا لە ڕێی بەندەری بەسڕەوە لە باشووری کۆماری ئێڕاق گەڕاوەتەوە کوردستان.
ساڵی 1961 کە شۆڕشی ئەیلوول هەڵگیرسا، لەلایەن حکومەتی ئێڕاق گیراوە و بۆ ماوەی 59 ڕۆژ لە زیندان بووە و دواتر ئازاد کراوە، بەهۆی تێکچوونی باری تەندرووستی، نەشتەرگەری بۆ کراوە و دوای چاکبوونەوە بە تۆمەتی پەیوەندیکردنی لەگەڵ پێشمەرگە بۆ ماوەی سێ مانگی تر لەلایەن حکومەتی ئێڕاق دەستگیرکراوەتەوە و بە لێبوردنی گشتی ئازادکراوە و گەڕاوەتەوە ناوچەی مێرگەسۆر، دواتر لەگەڵ هێزی حسۆ میرخان چووەتە ناوچەی #قەڵادزێ# و چوارقوڕنە، تا ساڵی 1970 لە و هێزە بووە، لە ڕێکەوتی #24-04- 1974# بەهۆی بۆردومانی ناوچەی قەڵادزێ لەلایەن فڕۆکەکانی هێزی ئاسمانی ئێڕاق، ناوبراو هاوکاری کۆکردنەوەی شەهید و بریندارەکانی کردووە لە مزگەوتی قەڵادزێ.
ساڵی 1975 دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول، بە پەنابەری ڕوودەکاتە ئێران و لە کۆمەڵگای #زێوە# نیشتەجێ بووە، ساڵی 1991 بەشداریی ڕاپەڕینی هەولێر و کەرکووکی کردووە، لەگەڵ هێزی بارزان لە خەلیفان و کانی شەکران و سارداو بووە، ساڵی 1994 بەهۆی شەڕی ناوخۆ لە سەڵاحەددین نیشتەجێ بووە، لە ڕێکەوتی 16ی کانوونی یەکەمی 2010 لە کۆنگرەی سێزدەیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبەر خەبات و بەرخودانی لە شۆڕشی دووەمی بارزان، کۆماری دیموکراتی کوردستان، ڕێڕەوی بەرەو یەکێتی سۆڤیەت و شۆڕشی ئەیلوول، شۆڕشی گوڵان و ڕاپەڕین لەلایەن سەرۆک #مەسعود بارزانی# میدالیای بارزانی نەمری پێبەخشراوه. لە ڕێکەوتی 12-04-2011 لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کردووە. [1]