ناو: ئەحمەد
ناوی باوک: عەزیز عەلاف
ساڵی لەدایکبوون: 1941
ڕۆژی کۆچی دوایی: #01-11-2009#
شوێنی لەدایکبوون: #سلێمانی#
شوێنی کۆچی دوایی: سلێمانی
$ژیاننامە$
ئەحمەد عەزیز عەلاف لە ساڵی 1941 لە گەڕەکی شێخانی شاری سلێمانی لەدایکبووە، لە تەمەنی شەش ساڵیدا بەهۆی چاوئێشەوە بینایی لەدەستداوە،
لەبەر نەبوونی قوتابخانەی نابینایان لەو سەردەمەدا ماوەیەک چووەتە حوجرە لە مزگەوتی گەورە لای (مەلا عەبدوڵڵای ئیمام) لەبەر زیرەکی و وریایی هەر زوو بەهرەی فێربوونی تێدا دەرکەوتووە، باوکی بەهۆی خزمێکیانەوە دەیباتە شاری بەغدا و لە قوتابخانەی تایبەتی قۆناغی سەرەتای تەواودەکات، پاشان گەڕاوەتەوە لە سلێمانی و لە قوتابخانەی ئێواران ناوەندی تەواو دەکات، لە بەر ئەوەی دواناوەندی ئێواران لە سلێمانی نەبووە، دائیرەی مەعاریف بە هەوڵی باوکی ڕازی دەبن لە بەشی وێژەیی کار بکات.
لە ساڵی 1961 لە کۆلێژی ئاداب بەشی عەرەبی وەرگیراوە کە ئارەزووی خۆی بووە لە ساڵی 1965 بەسەرکەوتویی زانکۆی تەواوکردووە، لەبەرئەوەی پێویستی بە خێزانەکەی بووە بۆ هاتوچۆی زانکۆ و یارمەتیدانی لە خوێندنەوەی وانەکان، خێزانەکەی لەگەڵیدا دەچنە بەغدا، ئەوکاتە مامۆستا عوسمان عەزیزی برای لە پۆلی سێی ناوەندی دەبێت و خوشکەکەی ئافتاو عەزیز لە پۆلی یەکی ناوەندی دەبێت ئەبنە یاریدەدەری بۆ خوێندنەوەی پەرتووکەکان، پاشان هاوڕێ و برادەریشی زۆر دەبن بۆ هاتوچۆکردن و خوێندنەوە...دوای دووساڵ مامۆستا عوسمانی براشی دەچێتە کۆلێژی ئاداب بەشی مێژوو.
بەدوای یەکدا زانکۆ تەواو دەکەن و دەگەڕێنەوە بۆ سلێمانی و تا دواساتەکانی ژیانیان لەخزمەتی خوێندن و خوێندکاراندا ئەبن...
یەکەم دەمەزاراندنی مامۆستا ئەحمەد عەزیز لە ناوەندی جمهوری بووە لە گەڕەکی سەرشەقام دواتر گواستراوەتەوە بۆ خانەی مامۆستایان..دواتر بۆ ناوەندی کانێسکان یان وەتەن...
وەک مامۆستایەک هەمیشە جێگای ڕەزامەندی بەڕێوبەر و مامۆستاکان و خوێندکاران بووە
هەرچەندە زمانی عەرەبی قوورس بووە بۆ خوێندکارانی کورد بەڵام هەمیشە بەهۆی زیرەکی و جوان شەرحکردنی وانەکان خوێندکار هەرگیز ماندوو نەدەبوو، مامۆستایەکی بەهەست و زیرەک بوو بە یەکجار ناوی خوێندکاران و جێگای دانشتنیانی زانیوە.
لە ساڵی 1973 هاوسەرگیری لەگەڵ (سەبریە قادر عەلی) کردووە و بوونەتە خاوەنی چوار منداڵ دوو کوڕ و دوو کچ (ئاسوودە، ئاسایی، ئارێز و ئاوان) .
دوا جار لەگەڵ هاوسەرەکەی گواستراونەتەوە بۆ ناوەندی سەرچنار لە گردی سەرچنار تا کاتی خانەنشینکردنی لەخزمەتی خوێندندا بووە...
مامۆستا ئەحمەد هەر لە تەمەنی لاوێتیدا تێکەڵ بە سیاسەت بووە و لە 1963لە بەغدا بەشداری لە مانگرتنی خوێندکاران کردووە، لە ساڵی 1981 لە ناوەندی کانیسکان بە قوڵبەستراوی براوەتە دائیرەی ئەمن و شەو و ڕۆژێک لە ژیر ئەشکەنجە و لێداندا بووە. شەوێکی درەنگ لە بەردەم ماڵەکەیاندا بەجێی دەهێڵن.
لە هەشتاکان بۆ درێژەدان بەخوێندنی باڵا داوای پێشکەشی زانکۆی ئەزهەر کردووە و ڕەزامەندی وەرگرتنی بەدەستهێناوە بەڵام لەلایەن ڕژێمی ئەوکاتی ئێراق بە پاساوی تێکەڵبوونی بە کاری سیاسی ڕێگری لێکراوە.
لە ساڵی 1954 لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێی کۆمەڵەی نابینایانی دامەزراندووە بۆداکۆکی لە مافەکانی نابینایان بەسەرۆکایەتی خۆی و ئەندامەکان پێک هاتبوون لە (مامۆستا حسێن عارف-مامۆستا ئەحمەد سەعید-جەلال میرزا کەریم-مەلا تۆفیق حاجی برایم-غەفوری میرزا کەریم) هەوڵدەدەن بۆ بڵاوکردنەوەی نووسینی زبر هێڵی (بڕایل) یەکەم کەس بووە نووسینی برایلی لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو هێناوەتە شاری سلێمانی، سەرەتا (مەلا محەمەد و مەلا توفیق و بەهرام) فێری ئەو نووسینە دەکات
ڕۆژی 01-11-2009 کۆچی دوایی کردووە لە گۆڕستانی بەکرەجۆ بەخاکسپێردراوە. [1]