ناو: ڕەشید
نازناو: مامۆستا ڕەشید
ناوی باوک: ڕەسوڵ قۆرتاس
ڕۆژی لەدایکبوون: 1920
ڕۆژی کۆچی دوایی: 2009
شوێنی لەدایکبوون: گوندی #لێرەبیر# ی شارەدێی #گۆڕەتوو#
شوێنی کۆچی دوایی: مێرگەسوور
$ژیاننامە$
ساڵی 1920 لە گوندی لێرەبیری سەر بە شارەدێی گۆڕەتوو لە قەزای مێرگەسۆر لە پارێزگای هەولێر لەدایکبووە، لە یەکێتی سۆڤیەت خوێندوویەتی، لە ڕێکەوتی 15 شوباتی 1954 لە زانکۆی تاشقەند وەرگیراوە و لە ڕێکەوتی 29 ئاداری 1959 توانیویەتی بڕوانامەی بەرزی دیپلۆم وەربگرێت، دوای گەڕانەوەی لە یەکێتی سۆڤیەت، ساڵی 1959 لە قوتابخانەی خەبات لە هەولێر مامۆستا بووە، لە ڕێکەوتی 21 ئابی 1982 بە فەرمانبەر لە فەرمانگەی کشتوکاڵی هەولێر دامەزراوە، شارەزایی لە زمانەکانی کوردی، فارسی، تورکی و ڕووسی هەبووە، ساڵی 2009 کۆچی دوایی کردووە.
$خەباتنامە$
ساڵی 1945 پەیوەندی بە ڕێزەکانی شۆڕشی دووەمی بارزان کردووە و لە شەڕەکان بەشدار بووە، لە 19ی ئابی هەمان ساڵ بە فەرمانی دادگای عورفیی سەربازیی ئێڕاقی دەست بەسەر گشت موڵک و ماڵە گواستراوە و نەگواستراوەکانیدا گیراوە.
لە 23ی ئایاری 1947 یاوەریی جەنەڕاڵ #مستەفا بارزانی# کردووە بەرەو یەکێتی سۆڤیەت و لە شەڕی گەلی قتور و شەڕی پردی ماکۆ بەشدارییکردووە و دوای سەختی و ماندووبوونێکی زۆر، لە 18ی حوزەیرانی 1947 لە ڕووباری ئاراس کە دەکەوێتە سنووری نێوان ئێران و یەکێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە 19ی حوزەیرانی 1947 لەگەڵ گشت هەڤاڵانی لە شاری نەخچەوانی کۆماری ئازەربایجان بۆ ماوەی چل ڕۆژ لە کۆمەڵگایەکی سەرئاوەڵا کە بە تەلی دڕکاوی دەورەدرابوو، دانران و لەلایەن کۆمەڵێک سەربازەوە پاسەوانییان لێدەکرا و لە ڕووی خۆراک و پۆشاک و هاتوچۆوە وەکو دیلی شەڕ مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە. دواتر لەسەر بڕیاری حکوومەتی سۆڤیەت بەسەر ناوچەکانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر لە کۆماری ئازەربایجان دابەشکران. لە 10ی کانوونی یەکەمی 1947 گواستراونەتەوە بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریای خەزەر لە باکۆی پایتەختی کۆماری ئازەربایجان و لە ڕێکەوتی 23ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سەربازییان پێدراوە و بە سەرپەرشتی ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجان ڕۆژانە هەشت کاتژمێر مەشقی سەربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردییان پێگوتراوەتەوە. لە ساڵی 1958 کۆماری ئێڕاق بە سەرۆکایەتی عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، ناوبراو لە 16ی نیسانی 1959 لەگەڵ هەڤاڵانی بە کەشتیی گرۆزیا لە ڕێی بەندەری بەسڕەوە لە باشووری کۆماری ئێڕاق گەڕاوەتەوە کوردستان.
ساڵی 1962 بەشداریی شۆڕشی ئەیلوولی کردووە و لە شەڕەکان بەشدار بووە، لە شەڕی چیای پیرس بریندار بووە. ساڵی 1983 وەک پەنابەر ڕوودەکاتە کۆماری ئیسلامی ئێران، ساڵی 1998 گەڕاوەتەوە کوردستان. ساڵی 2009 کۆچی دوایی کردووە. [1]