ناو: ڕەشید
ناوی باوک: حەمۆ حاجی
ساڵی لەدایکبوون: 1926
ساڵی کۆچی دوایی:
شوێنی لەدایکبوون: #شنگیل# ی شارەدێی #بارزان#
شوێنی کۆچی دوایی: #بارزان#
$ژیاننامە$
ساڵی 1926 لە گوندی شنگیلی سەر بە شارەدێی بارزان لە قەزای #مێرگەسۆر# لە پارێزگای #هەولێر# لەدایکبووە، لە یەکێتی سۆڤیەت خوێندوویەتی و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بەشی میکانیکی زانکۆی شۆ لە مۆسکو وەرگرتووە، ساڵی 1959 بە فەرمانبەر لە کارگەی ڕستن و چنین لە مووسڵ دامەزراوە، ساڵی 1970 دووبارە بە فەرمانبەر لە کارگەی مافوور لە هەولێر دامەزراوە، زمانەکانی کوردی، فارسی و ڕووسی زانیوە.
$خەباتنامە$
ساڵی 1943 پەیوەندی بە ڕێزەکانی شۆڕشی دووەمی بارزان کردووە، بەشداریی شەڕی نەهلێی کردووە، لە 19ی ئابی 1945 بە فەرمانی دادگای عورفیی سەربازیی ئێڕاق دەستبەسەر گشت موڵک و ماڵە گواستراوە و نەگواستراوەکانیدا گیراوە. لە 5ی ئەیلوولی 1945 بەشداریی گرتنی بنکەی پۆلیسی مەیدان مۆریکی کردووە.
دوای نسکۆی شۆڕشی دووەمی بارزان لە 11ی تشرینی یەکەمی 1945 ڕوودەکاتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە #31-03- 1946# لە هێزی بارزانی سەر بە سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان خزمەتی پێشمەرگایەتی کردووه، لە 29ی نیسانی هەمان ساڵ بەشداریی شەڕی قاراوای لە ناوچەی #سەقز# کردووە.
دوای نسکۆی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە ڕێکەوتی #03-03-1947# بەشداریی شەڕی نەلۆس و لە ڕێکەوتی 19 ئادار بەشداریی شەڕی نەغەدە و شنۆی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە، بەشداریی شەڕەکانی عەرەب و کوێکان، گردی قەڵاتێ، سۆفیان، باب خەڵاقێ نزیک سۆفیان و گەڵازنێی کردووە.
لەو پێشمەرگانە بووە کە لە ڕێکەوتی #19-04-1947# لە ڕێگای (خواکوڕک و دەشتی بەرازگرەوە) بە خاکی کوردستانی باکووردا گەڕاوەتەوە ناوچەی شێروان و مزوری.
دوای گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە ڕێکەوتی 15/5/1947 لە گوندی #ئەرگوش# کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانی دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتی سۆڤیەت، لەوێدا تەواوی هەڤاڵانی بڕیاری بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەو یەکێتی سۆڤیەت دەدەن، لە 23ی ئایاری 1947 یاوەریی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی کردووە بەرەو یەکێتی سۆڤیەت و لە شەڕی گەلی قتور و شەڕی پردی ماکۆ بەشدارییکردووە و دوای سەختی و ماندووبوونێکی زۆر، لە 18ی حوزەیرانی 1947 لە ڕووباری ئاراس کە دەکەوێتە سنووری نێوان ئێران و یەکێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیونەتەوە.
لە ساڵی 1958 کۆماری ئێڕاق بە سەرۆکایەتی عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، ناوبراو لە 16ی نیسانی 1959 لەگەڵ هەڤاڵانی بە کەشتیی گرۆزیا لە ڕێی بەندەری بەسڕەوە لە باشووری کۆماری ئێڕاق گەڕاوەتەوە کوردستان.
ساڵی 1961 بەشداریی شۆڕشی ئەیلوولی کردووە، لە شەڕەکانی چیای پیرس، بجیل، بلێ، بارزان، شێلە بەراز و مەلای کردووە، لە ڕێکەوتی 14 لەسەر 15 حوزەیرانی 1963 بەشداریی شەڕی سەری ئاکرێی کردووە و لاقی چەپی بریندار بووە.
ساڵی 1974 دەگەڕێتەوە ناو ڕیزەکانی پێشمەرگە لە حاجی ئۆمەران و لەسەر چەکی دۆشکە کاری کردووە، ساڵی 1975 دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول وەک پەنابەر ڕوودەکاتە شانشینی ئێران، چووەتە کۆمەڵگای زێوە و لەوێوە گواستراوەتەوە بۆ شاری مەشهەد و کاری کردووە. ساڵی 1976 بەشداریی شۆڕشی گوڵانی کردووە و سەرلق بووە، ساڵی 1980 گەڕاوەتەوە بۆ کۆمەڵگای زێوە لە کۆگای چەک و تەقەمەنی حزب خزمەتی کردووە، لە مانگی تەمووزی 1981 لە گوندی هەلەج پاسەوانی مەزارگەی بارزانی نەمر بووە، ساڵی 1991 بەشداریی ڕاپەڕینی کردووە، پاشان گواستراوەتەوە بۆ بەشی کۆمەڵایەتی ناوچەی بارزان، ساڵی 1993 خانەنشین کراوە. لە ڕێکەوتی 16 کانوونی یەکەمی 2010 لە کۆنگرەی سێزدەیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبەر خەبات و بەرخودانی لە شۆڕشی دووەمی بارزان، کۆماری دیموکراتی کوردستان، ڕێڕەوی بەرەو یەکێتی سۆڤێەت، شۆڕشی ئەیلوول، شۆڕشی گوڵان و ڕاپەڕین لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی میدالیای بارزانی پێ بەخشراوە.[1]