ناو: خانۆ
ناوی باوک: جوج خان
ساڵی لەدایکبوون: 1927
ساڵی کۆچی دوایی: 2019
شوێنی لەدایکبوون: گوندی #ژاژوک# ی شارەدێی #گۆڕەتوو#
شوێنی کۆچی دوایی: وڵاتی تورکیا
$ژیاننامە$
ساڵی 1927 لە گوندی ژاژوکی سەربە شارەدێی گۆڕەتوو لە قەزای مێرگەسۆر لە پارێزگای هەولێر لەدایکبووه، دوای نسکۆی شۆڕشی یەکەمی بارزان کە شێخ ئەحمەدی بارزانی و ژمارەیەکی زۆری خاوخێزانی بارزانییەکان پەنا دەبەنە بەر باکووری کوردستان، ئەویش لە 21ی حوزەیرانی 1932 لەگەڵ بنەماڵەکەی ئاوارەی کۆماری تورکیا بووه، بەڵام دوای ئەوەی لە ساڵی 1933 دەسەڵاتدارانی تورک شێخ ئەحمەدی بارزانی ڕادەستی حکومەتی ئێڕاق دەکەنەوە، خانەوادەی ئەوانیش وەک تەواوی ئەو خانەوادانەی لەگەڵ شێخ ئەحمەد ئاوارەی باکووری کوردستان بووبوون، دێنەوە باشووری کوردستان. لە یەکێتی سۆڤیەت خوێندوویەتی و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بەشی کشتوکاڵی زانکۆی تاشکەند وەرگرتووە، هەر لەوێ ساڵی 1955 ژیانی هاوسەری لەگەڵ ئەلفیا ئیسماعیلوفنا زالافیا پێکهێناوە. دوای گەڕانەوەی بۆ کوردستان ساڵی 1959 بە فەرمانبەر لە فەرمانگەی کشتوکاڵی هەولێر دامەزراوە، زمانی کوردی، تورکی، عەرەبی و ڕووسی زانیوە، لە ڕێکەوتی 25ی حوزەیرانی 2019 لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی وڵاتی تورکیا کۆچی دوایی کردووە، لە 26ی حوزەیرانی 2019 لە گۆرستانی ژاژوک بەخاک سپێردراوە.
خەباتنامە
ساڵی 1943 پەیوەندی بە ڕیزەکانی شۆڕشی دووەمی بارزان کردووە، لە 12ی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵ بەشداریی گرتنی بنکەی پۆلیسی خێرەزۆکی کردووە. لە 19ی ئابی 1945 بە فەرمانی دادگای عورفی سەربازی ئێڕاقی دەست بەسەر گشت موڵک و ماڵە گواستراو و نەگواستراوەکانیدا گیراوە، لە 5ی ئەیلوولی 1945 بەشداریی گرتنی بنکەی پۆلیسی مەیدان مۆریکی کردووە، لە 11ی تشرینی یەکەم و لە دوای نسکۆی شۆڕشی دووەمی بارزان لەگەڵ بنەماڵەکەی ڕوویکردووەتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
لە 31ی ئاداری 1946 لە هێزی بارزان-ی سەر بە سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان خزمەتی پێشمەرگایەتی کردووه، دوای نسکۆی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە 3ی ئاداری 1947 بەشداریی شەڕی نەلۆس و لە 19ی ئادار بەشداریی شەڕی نەغەدە و شنۆی کردووە. لەو پێشمەرگانە بووە کە لە ڕێکەوتی 19/4/1947 لە ڕێگای (خواکوڕک و دەشتی بەرازگرەوە) بە خاکی کوردستانی باکووردا گەڕاوەتەوە ناوچەی شێروان و مزوری.
ساڵی1961 بەشداریی شۆڕشی ئەیلوولی کردووە، ساڵی 1963 لە شەڕەکانی ناوچەی مزووریان بەشداربووە، لە دوای ڕێکەوتنی 11ی ئازاری 1970 دەبێتە پاسەوانی سنوور لە ناوچەی مێرگەسۆر، ساڵی 1975 دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول هەر لە ناوچەی مێرگەسۆر ماوەتەوە، ساڵی 1988 لە کاتی کیمیابارانی ناوچەی بادینان ڕوودەکاتە چیای برادۆست و دوای تێپەربوونی مانگێک کاتێک حکومەتی ئێڕاق لێبوردنی گشتی ڕاگەیاند، گەڕاوەتەوە گوندی ژاژوک، ساڵی 1991 لەلایەن حکومەتی ئێڕاق بۆ کۆمەڵگای شاخۆلان ڕاگوێزراوە و لەوێ نیشتەجێکراوە و دوای ڕاپەڕینی بەهاری 1991 گەڕاوەتەوە گوندی خۆی، لە شەڕی مەزنێ بەشدار بووە و لەم شەڕە بریندار بووە، لە ڕێکەوتی 16ی کانوونی یەکەمی 2010 لە کۆنگرەی سێزدەیە می پارتی دیموکراتی کوردستان لەبەر خەبات و بەرخودانی لە شۆڕشی دووەمی بارزان، کۆماری دیموکراتی کوردستان، ڕێڕە و بەرەو یەکێتی سۆڤیەت و شۆڕشی ئەیلوول لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی میدالیای بارزانی نەمری پێبەخشراوه.[1]