ناو: حاچک
نازناو: حاچک #چەمێ#یی
ناوی باوک: محەمەد حاچک
ساڵی لەدایکبوون: 1928
ساڵی کۆچی دوایی: #03-05-1999#
شوێنی لەدایکبوون: گوندی چەمێ ی شارەدێی #شێروانی مەزن#
$ژیاننامە$
حاچک چەمێ ساڵی 1928 لە گوندی چەمێی سەربە شارەدێی شێروان مەزن لە قەزای #مێرگەسۆر# لە پارێزگای #هەولێر# لەدایکبووە. ساڵی 1955 لە یەکێتی سۆڤیەت ژیانی هاوسەری لەگەڵ ڤالێنتینا ئەلێکساندر ساندرۆف پێکهێنا و دوو کچیان هەبووە کە ناویانناون تانیا و حۆری. ساڵی 1957 بەکالۆریۆسی لە زانکۆی مۆسکۆ بەشی ئەندازیاریی میکانیکی کشتوکاڵ بەدەستهێناوە. ساڵی 1959 بە فەرمانبەر لە فەرمانگەی کشتوکاڵی هەولێر دامەزراوە، هەرسێ زمانی کوردی، ڕووسی، فارسی زانیوە. لە 3ی ئایاری 1999 لە پیرمام کۆچی دوایی کردووە و لە گوندی چەمێی سەر بە پارێزگای هەولێر بە خاک سپێردراوە.
$خەباتنامە$
هاوشێوەی زۆرێک لە بنەماڵەکانی دەڤەری بارزان و کوردستان بەگشتی حاچک لە خانەوادەیەکی کوردپەروەر بووە و باپیری حاچک لە سەرەتای شۆڕشەکانی بارزانەوە لە ساڵی 1908 لەلایەن عوسمانییەکانەوە لە چیای هەڵبت لە نزیک گوندی چەمێ شەهید کراوە و باوکیشی بەشداریی شۆڕشی دووەمی بارزانی کردووە. دوای نسکۆی شۆڕشی یەکەمی بارزان و ئەوکاتەی شێخ ئەحمەدی بارزانی بڕیاردەدات باشووری کوردستان بەجێبهێڵێت و ڕووبکاتە باکووری کوردستان، بنەماڵەی حاچکیش لە 21ی حوزەیرانی 1932 کە ئەوکات تەمەنی حاچک دوو ساڵ بوو، ئاوارەی کۆماری تورکیا دەبن، دواتر دوای ئەوەی لە ساڵی 1933 حکومەتی تورکیا شێخ ئەحمەدی بارزانی ڕادەستی حکومەتی ئێڕاق کردەوە، ئەوانیش وەک هەر بنەماڵەیەکی دیکەی بارزانی کە ئاوارەی باکوور ببوون، گەڕانەوە باشووری کوردستان.
ساڵی 1943 پەیوەندی بە ڕیزەکانی شۆڕشی دووەمی بارزانەوە کردووە. ساڵی 1945 بەشداریی شەڕی مێرگەسۆری کردووە و بەم هۆیەوە لە 19ی ئابی 1945 بە فەرمانی دادگای عورفی سەربازی دەست بە سەر گشت موڵک و ماڵە گواستراوە و نەگواستراوەکانیدا گیراوە.
لە 11ی تشرینی یەکەمی 1945 و لە دوای نسکۆی شۆڕشی دووەمی بارزان، لەگەڵ مستەفا بارزانی و هەڤاڵانی دەپەڕنەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. دوای دامەزراندنی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد، لە 31ی ئاداری 1946 لە چوارچێوەی هێزی بارزاندا بەرگری لە کۆمار کردووە.
دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد و گەڕانەوەی بارزانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بۆ باشووری کوردستان بەشداریی شەڕی نەغەدە و شەڕی شنۆی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە، لەو پێشمەرگانە بووە کە لە ڕێکەوتی 19/4/1947 لە ڕێگای (خواکوڕک و دەشتی بەرازگرەوە) بە خاکی کوردستانی باکووردا گەڕاوەتەوە ناوچەی شێروان و مزوری.
دوای گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە ڕێکەوتی 15ی ئایاری 1947 لە گوندی ئەرگوش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانی دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتی سۆڤیەت، لەوێدا تەواوی هەڤاڵانی بڕیاری بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەوە یەکێتی سۆڤیەت دەدەن، لە 23ی ئایاری 1947 یاوەریی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی کردووە بەرەو یەکێتی سۆڤیەت و لە شەڕی گەلی قتور و شەڕی پردی ماکۆ بەشدارییکردووە و دوای سەختی و ماندووبوونێکی زۆر، لە 18ی حوزەیرانی 1947 لە ڕووباری ئاراس کە دەکەوێتە سنووری نێوان ئێران و یەکێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە 19ی حوزەیرانی 1947 لەگەڵ گشت هەڤاڵانی لە شاری نەخچەوانی کۆماری ئازەربایجان بۆ ماوەی چل ڕۆژ لە کۆمەڵگایەکی سەرئاوەڵا کە بە تەلی دڕکاوی دەورەدرابوو، دانران و لەلایەن کۆمەڵێک سەربازەوە پاسەوانییان لێدەکرا و لە ڕووی خۆراک و پۆشاک و هاتوچۆوە وەکو دیلی شەڕ مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە. دواتر لەسەر بڕیاری حکوومەتی سۆڤیەت بەسەر ناوچەکانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر لە کۆماری ئازەربایجان دابەشکران. لە 10ی کانوونی یەکەمی 1947 گواستراونەتەوە بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریای ئەخزەر لە باکۆی کۆماری ئازەربایجان و لە ڕێکەوتی 23ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سەربازییان پێدراوە و بە سەرپەرشتی ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجان ڕۆژانە هەشت کاتژمێر مەشقی سەربازییان پێ کراوە. لە هەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردییان پێگوتراوەتەوە.
پاش مامەڵەی خراپی جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانی، بارزانی بڕیاردەدات کەمپە سەربازییەکەی لە 29ی ئابی 1948 لە کۆماری ئازەربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ کۆمەڵگای چرچوک لە نزیک تاشکەندی پایتەختی کۆماری ئۆزبەکستان و لەوێش لە مەشقی سەربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری 1949 لەگەڵ هەڤاڵانی بە شێوەی دەستە و تاخم بە شەمەندەفەر بەسەر گوندە هەرەوەزییەکانی یەکێتی سۆڤیەتدا دابەشکران و لە کێڵگەی کۆلخۆزەکان(ئەو زەویانەی خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشی حکومەتیان دەدایەوە) کاریان دەکرد.
دوای هەوڵێکی زۆر و ناردنی چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانی باسی دەردەسەرییەکانی هەڤاڵانی خۆی دەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیاری پێکهێنانی لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخی هەڤاڵانی بارزانی و دواجار بڕیاری لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شاری ڤریڤسکی کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووەمی 1951 دەچێتە شاری ڤریڤیسکی لە سۆڤیەت.
دوای شۆڕشی 14ی تەموزی 1958 لە ئێڕاق و گەڕانەوەی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، لە 25ی شوباتی 1959 و بەپێی هەردوو ماددەی سێیەم و حەوتەم و بڕگەی (أ) لە ماددەی دەیەم و کارکردن بە ماددەی (11) بە پشت بەستن بە یاسای هەموارکراوی ژمارە 19 لە ساڵی 1959 دا، خۆی و هەڤاڵانی بەر لێبوردنی گشتی کەوتوون.
لە 16ی نیسانی 1959 لەگەڵ هەڤاڵانی بە کەشتیی گرۆزیا لە ڕێی بەندەری بەسڕەوە لە باشووری کۆماری ئێڕاق گەڕاوەتەوە کوردستان.
ساڵی 1961 لەبەر کوردایەتی لە بەندیخانەی مووسڵ بەند کراوە، لە کاتی گواستنەوەی بۆ بەندیخانەی بەغدا خۆی ڕزگار کردووە. هەمان ساڵ بەشداریی شۆڕشی ئەیلوولی کردووە و ئامر بەتالیۆن بووە. ساڵی 1962 بەشداریی شەڕی مرێبا، داستانی پێرس، شەڕی گەرووی نەهلێ و شەڕی سیدەکانی کردووە و لە شەڕی نەهلێدا بریندار بووە.
لە بەردەوامی شۆڕشی ئەیلوولدا و لە ساڵی 1963 بەشداری شەڕی چیای پێرس و شەڕی ئاکرێی کردووە. ساڵی 1964 کراوە بە فەرماندەی پاسەوانەکانی مستەفا بارزانی. ساڵی 1966 بەشداری شەڕی پێنجوێنی کردووە. دوای ڕێکەوتننامەی 11ی ئازار، ساڵی 1970 بە فەرمانی ئەحمەد حەسەن بەکر سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش، لەمەڕ کێشەی کوشتنی ئەحمەد ئاغای زێباری لە شاری موسڵ، لێبوردنی بۆ دەرچووە. ساڵی 1975 دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول وەک پەنابەر ڕوودەکاتە وڵاتی ئێران. دوای خۆ کۆکردنەوە و تێپەڕاندنی نسکۆ لەلایەن سەرکردایەتی سیاسی کوردەوە، ساڵی 1976 بەشداری شۆڕشی گوڵانی کردووە و هەر لە هەمان ساڵدا لە لێژنەی ڕاوێژکاری لەگەڵ ئیدریس بارزانی و مەسعود بارزانی هاوکار بووە.
ساڵی 1995 دەگەڕێتەوە بۆ باشووری کوردستان. لە 16ی ئابی 1996 لە چوارچێوەی ئاهەنگەکانی یۆبیلی زێڕیندا لەبەر خەبات و بەرخودانی لە شۆڕشی دووەمی بارزان، کۆماری دیموکراتی کوردستان، یاوەریکردنی بارزانی بەرەو یەکێتی سۆڤێت، شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕشی گوڵان، لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانییەوە میدالیای بارزانی نەمری پێبەخشراوە. [1]