#فەلەکەدین کاکەیی#
(1)
ئەو حکومەت و حوکمڕانانە، کە ناتوانن گرفت و کێشەکان چارەسەر بکەن، دوو ڕێگە دەگرنەبەر:
1- ناچنە ژێری و، لە بنەڕەتەوە کێشەکان دادەپۆشن و نکوڵی دەکەن لەوەی هیچ کێشەیەکیان هەبێ، وەک هەمیشە بەرانبەر بە کێشەی کورد لە هەمولایەکدا کراوە.
2- ئەگەر بەناچاری بڕیارێک وەربگرن و بەڵێن بدەن، ئەوە هەوڵدەدەن بڕیارەکان دوابخەن، بۆ ئاییندە دووری بخەن، تا لە بیر بچێتەوە، یا هەلومەرجێکی گونجاویان بۆ هەڵبکەوێت تا بە گوێرەی ئارەزوو و سیاسەتی خۆیان چارەسەری بکەن، ئەویش وەک بەڵێنەکان کە بە کورد دەدرێن، لەوانەش بۆ نموونە چارەسەری کەرکووک ساڵانی 1970-1974، ئەمجا ساڵانی 2004 و 2006 تا ئەمڕۆ:
کێشەی باشووری سوودانیش تا ئێستا بە دەردی کێشەی کورد، بەتایبەتی کەرکووک، چووە:
(2)
وێکچوونی سەرەکی کێشەی کورد و باشووری سوودان، عەقلیەت و بیری سیاسی حکومەتەکانی بەغدا و خەرتوومە.
هەردوو ڕژێم، دیموکراتی نین، ئەگەر لە ناچاریش هەندێ بڕیار و بەڵێنیان دابێ، ئەوە بڕوایان بە بەڵێنی خۆیان نەبووە، چونکە بڕوایان بە چارەسەری کێشەکان نین.
هەردوو حکومەتیش ڕەگەزپەرست و پاوەنکار و دواکەوتوو و دژی ئازادی و دیموکراتی و مافی مرۆڤ بوونە.
مەبەستم مێژووی 40-50 ساڵی بەڕێیە، کە هەردوو حکومەتی بەغدا و خەرتووم، تا پێیان کراوە، بەئاگر و ئاسن و جەنگی ناڕەواو کوشتاری بە کۆمەڵ وەڵامی خەڵکی مافداری کوردستان و باشوور سوودانیان داوەتەوە.
هێنانەوەی باسی باشووری سوودان و کوردستان لەبەر وێکچوونی بیری سیاسی حوکمڕانانی هەردوو وڵاتە، گەرنا دوو کێشەی جیاوازی و دوو جوگرافیا و مێژووی جیاوازن، هەر چەندە لە چەندین ئالیی دیکەوە وێکدەچن، بۆ نموونە:
1- هەر دوو کێشە بە درێژایی نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم سەریان هەڵدەدایەوە...
ململانێ گەرم دەبوو، شەڕوپێکدادان ڕوویدەدا، ماوەیەکیش دەکەوتنە گفتوگۆ و بڕیاری ئاشتی و چارەسەریی لەسەر بنەمای ئۆتۆنۆمی یا فیدراڵی دەدرا، وەلێ جارێکی تر شەڕ هەڵدەگیرسایەوە.
2- دوای دەرکەوتنی ڕێککەوتننامەی 11ی ئاداری 1970 لەسەر ئاشتی و کەیانی ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان، لە سوودانیش بۆ کێشەی باشوورەکەی چارەسەرییەکی وەهایان خستە بەردەست، بەڵام حکومەتی سوودان لە ئۆتۆنۆمی باشوور پاشگەز بووەوە و کەوتە شەڕ و سەرکوتی خەڵکی باشوور، هەروەکو حکومەتی ئێڕاقیش ساڵی 1974 بیانووی ڕەتکردنەوەی پڕۆژە سەقەتەکەی بۆ ئۆتۆنۆمی لەلایەنی سەرکردایەتی شۆڕشی کوردەوە، هێرشی بەربڵاوی ئاسمانی و زەوینی و گرتن و کوشتنی هاووڵاتیانی کردە ڕێبازی خۆی، بەوەش ئۆتۆنۆمی ڕاستەقینەی خنکاند و لە ڕێککەوتننامەی جەزائیر 1975 لەگەڵ ڕژێمی شانشاهی ئێران جووت کەوت بۆ خنکاندنی بزاڤی ڕزگاریخوازی دیموکراتییانەی گەلی کوردستان.
3- دوای ڕوخاندنی ڕژێمی بەعسی عەرەبی و سەدام حسێن ساڵی 2003 ئیتر دەرکەوت کە کەیانی فیدڕاڵی کوردستان وەک خۆی دەچەسپێت، هەروەکو دەستووری ئێڕاقی 2006 دانی بەوەدانا(ئەگەر لێی پەشیمان نەبنەوە!). لە ساڵانی 2003-2004 یش بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی باشووری سوودان کەوتە داواکردنی سیستەمی فیدراڵی لە سوودان، لە ئەنجامدا ڕێککەوتنێکی نێوان حکومەتی سوودان و باشوور، بە ئامادەبوون و شایەدیی کۆڕ و کۆمەڵەی ئەفریقایی و نێودەوڵەتی، هاتە واژۆکردن، لەسەر دوو بناغەی هەرە گرنگ
أ - سیستەمی سوودان ببێ بە فیدراڵیزم و نوێنەرانی باشوور لە پۆستە سەرەکییەکاندا بەشداربوون و، بڕیاری دابەشکردنی سامانیش وەرگیراو، پەڕڵەمان و حکومەتی باشوور دامەزران.
ب - لە کانوونی یەکەمی 2011 خەڵکی باشووری سوودان ئازادبن لە ڕیفراندۆمی هەڵبژاردنی چارەنووسی خۆیان، کە ئایا لەنێو سوودانی یەکگرتوودا دەمێننەوە، یا جیا دەبنەوە و دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان دادەمەزرێنن، (کە ڕەنگە ئەو وەختە ناوێک لە باشووربنێن بەپێی کەلتوور و ئایینی خۆیان کە تێکەڵاون لە کریستیان و موسڵمان و فریشە پەروەر(ئەرواحی) و بوتپەرست و هی تر.
4- سنوور: ئێستا گەرمترین کێشەی نێوان حکومەتی مەرکەزی و حکومەتی باشوور دەستنیشانکردنی سنووریانە، کە هەرچەندە لە ڕێککەوتننامەکەیان ئاماژەی گشتی بۆ کراوە، بەڵام(هەروەکو ناوچەکانی کەرکووک خانەقین و شەنگار و هی دی) هێشتا بە وردی و درووستی یەکلا نەکراوەتەوە، کێشەی سەرەکی شۆڕشی کورد لەگەڵ حکومەتی ئێڕاق و ساڵی 1974 سنووری هەرێمی کوردستان بوو، ئێستاش کێشەکە لە دوتوێی ماددەی 140 دا ماوەتەوە.
باشووری سوودانیش، بەشێوەی خۆی، ماددەی وەهای هەیە، کە لە یەکلابوونەوەی هەرێم و شاری(ئێبی) خۆی دەبینێتەوە.
5- نەوت و داهاتی سوودان، هەروەکو ئێڕاق بەشێوەی دیکە، باکوور باشووری سوودان کێشەی دابەشکردنی سەرچاوەکانی نەوت و سامانە سرووشتییەکان و داهاتی وڵات و ئاوی ڕووباری نیل و قەرزەکانی سوودانیان نەبڕیوەتەوە.
6 باشوور هێشتا کێشەی ڕەگەزنامە و زمان و نوێنەرایەتی دیبلۆماسی و پێوەندیی بە جیهانەوە ماوە.[1]