کەریم سلێمان
#ڕیفراندۆم# بە سەرۆکایەتیی مەرجەعی کورد #مەسعود بارزانی# گەورەترین دەستکەوتی نەتەوەی کورد و کوردانی ئێزدی و پێکهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاکانی دیکەی کوردستان بوو، ڕیفراندۆم نیشاندەری ئەو ڕاستییە بوو کە بارزانی داکۆکیکاری سەرسەختی نەتەوەیی کوردە، گەلی کورد و کوردستانیانی هەمووان پێکەوە بەرەو ڕیفراندۆم بردو دەنگیان بە سەربەخۆیی دا، تەنانەت وێڕای فشارە نێوخۆیی و نێودەوڵەتی و ئیقلیمییەکان، سەرۆک بارزانی ئامادە نەبوو سازش لەسەر ئەم داواکارییەی خوێنی شەهیدان و پێشمەرگە و گەلەکەی بکات و بە هەموو گەلانی جیهانی وت: گەلی کورد لە باشووری کوردستان مافی خۆیەتی سەربەخۆ بێت و ئەو خەونە مەزنەی لە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستاندا بێتەدی، چونکە کورد گەلێکی زیندووە و بە کۆمەڵکوژی و پەراوێزخستنی مافەکانی چۆک دانادات.
ئەو دەمە لە لێژنەی باڵای ئامادەکردنی ڕیفراندۆم هەندێک ئێزدی بەشدار بوون، منیش لە لێژنەیەیکی تایبەتی پێکهاتەکان بەشدار بووم بۆ چەسپاندنی مافی کوردانی ئێزدی لە دوای ڕیفراندۆم، بۆ مێژوو باسی دەکەم جەنابی سەرۆک ڕازی بوو لەسەر سەرجەم ماف و داواکارییەکانمان و تەنانەت یەک وشەی لە داواکارییەکانی کوردانی ئێزدی و پێکهاتەکانی دیکە لا نەبرد، بۆیە بەردەوام هەموو کوردێکی ئێزدی هەست بە هەڵوێستی جوامێرانەی سەرۆک بارزانی دەکات و بە داکۆکیکار و باوکی هەمووانی دەزانین.
کاتێک گەلی کوردستان بە سەرۆکەکەیان گوت: (بەڵێ بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی) تا دنیا ماوە، ئەمە دەبێتە بەڵگەنامەیەکی فەڕمی و ئەرکێکیشە بە سەرشانی سیاسەتمەدارانی کوردستانەوە، کە ڕۆژێک هەر دەبێت بە دەنگ داواکاریی گەلەوە بێن و دەوڵەتی سەربەخۆ ڕابگەیەنن، چونکە (بەڵێ) لە ڕیفراندۆمدا بۆ سەربەخۆیی، ئیرادەی گەلە و دەبێت نەوەی داهاتوو و بگرە گەلانی ناوچەکە و جیهانیش ڕێزی لێ بگرن.
لە کۆبوونەوەیەکماندا لەگەڵ سەرۆک بارزانی کە بۆ پرسی ڕیفراندۆم ساز درابوو لەگەڵ کوردانی ئێزدی، سەرۆک بارزانی پێی ڕاگەیاندین: (هەموو مافە ئایینی و نەتەوەییەکانی پێکهاتەکان پارێزراو دەبێت و لە ناو دەوڵەتەکەدا جێگای دەکەینەوە).
کورد و پێکهاتەکانی کوردستان، بەتایبەتی کوردانی ئێزدی لەبەر کوردبوون و ئایینەکەیان بە درێژایی مێژوو زوڵمیان بەرانبەر کراوە و چەندین جار کۆمەڵکوژ کراون، میللەتێک کۆمەڵکوژ کرابێت و بەرانبەرەکەی بە شێوازی جۆراوجۆری دیکە بەردەوام بێت لە سەر زەوتکردنی مافەکانی و ڕەتکردنەوەی هەموو مافێکی دەستووری و یاسایی، واتا هزری ئاشتی و یەکترقبووڵکردنیان تێدا نییە، ئێمەی شوێنکەوتووانی ئایینی ئێزدی ڕێز و خۆشەویستیمان بۆ هەموو ئایینەکانی دیکە هەیە، بە درێژایی مێژوو بەهۆی ئەم هزرەوە دەستدرێژیمان بۆ سەر هیچ ئایینێک نەکردووە، کاتێکیش ئێمە 73 جار لە مێژوودا قەتڵوعام کراوین لەبەر ئایین و نەتەوەکەمان، هەر لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی و تا سەدەکانی 19 و 20 و 21 کە دواجار لەسەر دەستی داعش قوربانی تەشەنەکردنی هزری ئەو توندوتیژییە بووین کە تا ئەمڕۆ لە ئێڕاقدا درێژەی هەیە.
هێرشی داعش دژی کوردانی ئێزدی لە شنگال قێزەوەنترین تاوانی کومەڵکوژی بووە لە سەدەی 21دا، ئەوە عەقڵییەتی تیرۆریستی و توندوتیژی و ڕەتکردنەوەی بەرانبەر بوو کە پیاو و گەنجەکانی کوشت و دایک و خوشکەکانمانی وەکوو کەنیزەک ڕفاند و کڕین و فرۆشتنی پێوە کردن. ئەم بارودۆخەی ئەمڕۆ کە ئێڕاق پێیدا تێپەڕ دەبێت، سەلمێنەری بڕیاری ڕاست و درووستی سەرۆک بارزانییە کە دەیزانی هەر زوو سەرکردەکانی ئێڕاق لە بنەماکانی درووستبوونی دەوڵەتی نوێی ئێڕاق لە شەراکەت و ڕێزگرتن لە مافی نەتەوەی کورد پاشگەز بوونەتەوە، بە پێچەوانەی کوردەوە کە هەڵگری کەلتووری پێکەوەژیان و لێبوردەیین.
لە ڕیفراندۆمدا هەموو نەتەوە و ئایینزاکان و چین و توێژەکان و بە جیاوازیی ڕاوبۆچوونی سیاسی و ناوچەکانیانەوە، تەنانەت کوردی هەرچوار پارچەی کوردستان زوڵم و چەوسانەوە و زەوتکردنی مافەکان و کۆمەڵکوژییان ڕەت کردەوە، گەلی کورد تاکە گەلە لە جیهاندا بەو قەبارە و ژمارە زۆرەی کە 40 ملیۆن کەسە، بێ دەوڵەت و بێ مافە، لە دوای هەر دوو جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانییەوە کوردبە موسڵمان و کریستیان و ئێزدی و ئایینزاکانی دیکەوە مافەکانیان زەوت کراوە، بەردەوام لەبەر نەبوونی دەوڵەت کۆمەڵکوژ و ئاوارە و دەربەدەر دەکرێین، ئێمەش دوو جار بووینەتە قوربانی، جارێک کە کورد بووین و جارێکیش کە ئایینەکەمان ئایینی ئێزدی بووە.
بە درێژایی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان و لە هەموو شۆڕش و ڕاپەڕینەکاندا میللەتی کورد بۆ ئازادی و سەربەخۆیی تێکۆشاوە، بەڵام بە پێی قۆناغەکە و سەردەمەکە و بە ناوی جیاجیاوە کاری بۆ سەربەخۆیی کردووە، لە سەردەمی ڕەحمەتی مەلا مستەفا بارزانی لە شۆڕشی بارزان و ئەیلوول کە نموونەی سەرکردە و هزری پێکەوەژیان بووە و هەموو کورد و کوردستانییان لە دەوری بوون، ئێمەی کوردانی ئێزدییش بە ژمارەیەکی زۆر لەگەڵ ئەو سەرکردەیە بووین و پێشمەرگەی مستەفا بارزانی بووین و، بەشداریی ئەو شۆڕشەمان کرد و چەندین سەرکردەی وەکوو خوا لێخۆشبووان (حەسۆ میرخان و عیسا سوار)ی لەگەڵدا بوون، بارزانیی نەمر غەدر و زوڵمی ڕەت کردەوە و شۆڕشەکانی هەڵگیرساند و داوای مافە زەوتکراوەکانی کوردی بە بێ جیاوازی دەکرد. مەلا مستەفا بارزانی بارزانی نیشتمانپەروەر بوو، ڕێزی لە مافی گەلانی دیکەش دەگرت، بڕوای تەواویشی بە نیشتمان و مافی بوون بە خاوەن دەوڵەتی بۆ کورد هەبوو، ئێمەی کوردی ئێزدییش درێژەپێدەری ئەو هزرەی مەلا مستەفا بارزانی-ین و ئایین و نەتەوە پێمان دەڵێت ڕێزگرتن لە سرووشت و خاک و مرۆڤ لای ئێمە دەبێت پیرۆز بێت، لە ئێستاشدا مەرجەعی کورد مەسعود بارزانی لەسەر ئەو بنەمایە بەشداریی لە بونیاتنانی ئێڕاقی نوێدا کرد و، کوردیش وەکوو نەتەوە سەرەکییەکانی دیکەی ئێڕاق لە نووسینەوەی دەستوورێکی هەمیشەیی بۆ ئێڕاق بەشدار بوو، تاوەکو لە چوارچێوەی ئەو دەستوورەدا مافە دەستوورییەکانی گەلی کورد بپارێزرێت، نەوەکو دوای ئەو هەموو قوربانی و تێکۆشانە دادگایەک بێت و بە دەستێوەردانی دەرەکی و سیاسییانە کار بۆ پێشێلکردنی مافەکانی نەتەوەیی و تایبەتمەندییەکانی کوردستان بکات و، هاوشێوەی گەمارۆی ئابووری و بڕینی بودجە و تێکدانی گوندەکان گورزی گەورە لە ئابووریی کوردستان و بژێویی ژیانی خەڵکەکەی بدات.
لە ئێستادا زۆر پێویستە هەنگاو بەرەو نووسینەوەی دەستوور و پەسەندکردنی لە لایەن گەلەوە بنێین، کات یاوەرمان نییە و دەبێت لە ناو ئەم پشێوی و بێسەروبەری و توندوتیژی و سڕینەوەی یەکترەدا لە ئێڕاق، گەلی کوردستان هەست بە ئارامی بکات و متمانەی بە دواڕۆژ هەبێت، ناکرێت چەندین ساڵە کورد مافەکانی پێشێل بکرێت و ماددەیەکی وەکوو 140ی دەستووری زیندەبەچاڵ بکرێت و بودجە و پشکی هەرێمی کوردستان ببڕدرێت و هەموو مافێک زەوت بکرێت، کەچی کەسانێک هەبن دژی ئەو مافە ڕەوایەی گەلی کوردستان بۆ سەربەخۆیی بوەستنەوە، بەشداریی کوردی ئێزدیی شنگال و بەعشیقە و دەشتی نەینەوا لە ڕیفراندۆمدا هێندەی جێبەجێکردنی ماددەی 140 ی دەستووری گرنگ بوو.
هەر کوردێکی ڕەسەن لە کوردستان بێت، یان لەدەرەوەی وڵات، پاڵپشتی لە ڕیفراندۆم دەکات، چونکە مافێکی ڕەوای گەلی کوردستانە، دەوڵەت و سەربەخۆیی لەگەڵ ناوەرۆکی ئایین و یاسا و عورفی نێودەوڵەتی و ئەخلاقی مرۆڤایەتیدا یەک دەگرێتەوە، کورد دەمێکە قوربانیی جینۆساید و قەتڵوعامکردن بووە، ئێمە خاوەن خاک و میللەتی ڕەسەنی سەر ئەم خاکەین و زمان و کەلتووری تایبەت بە خۆمان هەیە، خودا و ویژان قبووڵ ناکات لە مافی دەوڵەتبوون پێبەش بکرێین، سەرۆک بارزانی لە ڕیفراندۆمدا ڕای گەلی وەرگرت و میرو بابەشێخی ڕەحمەتی و جڤاتی ڕۆحانیی ئێزدی و بیرمەند و شێخانی ئێزدی هەموویان حازر بوون و بە ئاشکرا پاڵپشتییان لەم دەستکەوتە گەورەیەی ڕیفراندۆم کرد و، داوامان کرد خەونی گەورەی کوردان بێتە جێبەجێکردن.
()
ڕاوێژکاری جڤاتی ڕۆحانیی ئێزدی.[1]