بەهۆی زۆر بوونی خواست لەسەر کارەبا بەهۆی هاتنی سەرماوە ئاستی پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا لە تەواوی هەرێم کەمی کردووە.
بەپێی داتاکانی کۆنترۆڵی ناوەندی کارەبای هەرێم لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا، تێکڕا لە پارێزگای #هەولێر# پتر لە 10 کاتژمێر و لە #دهۆک# 12 کاتژمێر و لە #گەرمیان# 15 کاتژمێر و لە #سلێمانی# 7 کاتژمێر و 17 خولەک ڕۆژانە کارەبا بە هاووڵاتیان دراوە.
هۆکاری جیاوازی پێدانی کارەبای پارێزگاکانی هەرێم بۆ دابەشکردنی پشکی پارێزگاکان لە کارەبای بەرهەم هاتوو دەگەڕێتەوە و بەپێی دابەشکارییەکە پارێزگای هەولێر و ئیدارەی #سۆران# 43.5٪ ی بەردەکەوێت و پارێزگای سلێمانی و #هەڵەبجە# و ئیدارەی ڕاپەڕین 27٪ و پارێزگای دهۆک و ئیدارەی #زاخۆ# 24.6٪ و ئیدارەی گەرمیان 4.7٪ی بەردەکەوێت.
لە کۆی 3هەزار و 500 مێگاوات کارەبا، پارێزگای هەولێر هەزار و 520 مێگاوات و پارێزگای دهۆک 860 مێگاوات و پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە 940 مێگاوات و ئیدارەی گەرمیان 165 مێگاواتی بەردەکەوێت.
بەرکەوتەی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین هەزار و 100 مێگاواتە، بەڵام بەرهەمهێنانی کارەبا لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە نزیکەی 1800 مێگاواتە. لە وێستگەی 1500 مێگاواتی غازی #چەمچەماڵ# و وێستگەی 165 مێگاواتی حەسیرە و هەردوو بەنداوی #دوکان# و #دەربەندیخان# و وێستگەی 51 مێگاواتی تاسڵوجە. [1]