بەپێی ڕەشنووسێکی پێشنیار کراو، کە بۆ یاسای نەوت و گازی ئێڕاق ئامادەکراوە و لە ناوەرۆکی پڕۆژەکەدا پێشنیار بۆ چارەسەری بنەڕەتی کێشەی نێوان هەرێم و #بەغدا# کراوە، ئەو لە ڕێگەی درووستکردنی سێ کۆمپانیا لە هەرێمی کوردستان بۆ ئیدارەدانی مەلەفی غاز و نەوت لە هەرێم.
لە پڕۆژە یاساکەدا پێشنیاری درووستکردنی سێ کۆمپانیا کراوە کە کۆمپانیایەک بەناوی کۆمپانیای نەوتی کوردستان بێت و سەرپەرشتی کێڵگە نەوتییەکان بکات.
کۆمپانیایەکی تر بەناوی کۆمپانیای غازی کوردستان درووست بکرێت و کێڵگەکانی غاز لە هەرێم بەڕێوە ببات.
کۆمپانیای سێیەمیش کە درووست بکرێت کە تایبەت بێت بە پاڵاوتن و بەرهەمە نەوتیەکان.
لە پێشنیازە یاساکەدا هاتووە هەر سێ کۆمپانیاکە سەر بە وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ بن و گرێبەستە نەوتییەکان هەموار بکرێنەوە، هاوشێوەی گرێبەستی خزمەتگوزاریان لێبکرێت و بە هاوبەشی لەگەڵ ئەو سێ کۆمپانیایە کاربکەن.
#یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان# پێشوازی لە درووستکردنی کۆمپانیایەکی تایبەت بە غازی هەرێم دەکات بەو پێیەی زۆربەی کێڵگەکانی غاز لە سنووری یەکێتییە و چاوی لەڕێکەوتنی هەرێم و بەغدایە تا لە دۆخی ئێستا ڕزگاری بێت. بەڵام هەرچی #پارتی دیموکراتی کوردستان#ە گومانی لە پڕۆژە یاساکە هەیە و دەیەوێت بەهاوبەشی پڕۆژە یاسایەک ئامادە بکرێت، چونکە بە پێی ئەم پڕۆژەیە هیچ دەسەڵاتێک بۆ وەزارەتی سامانە سرووشتیەکانی هەرێم نەماوەتەوە، چونکە ئەگەر ئەو کۆمپانیایانە سەر بە بەغدا بن هیچ ڕۆڵێک بۆ وەزارەتی سامانە سرووشتیەکان نامێنێتەوە.
پارتی دیموکراتی کوردستان، دەیەوێت لە یاسای نەوت و غازدا گرێبەست و مافی کۆمپانیا بیانیەکان و دەسەڵاتی هەرێم لە دۆسیەی نەوت و غاز لەبەرچاو بگیرێت و درووستکردنی ئەو سێ کۆمپانیایە ڕەت دەکاتەوە کە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدڕاڵدا بن.
حکومەتەکەی محەمەد شەیاع سوودانی بەپێی کارنامەکەی دەیەوێت لە ماوەی شەش مانگ بۆ ساڵێک یاسای نەوت و گاز لە پەڕڵەمان تێپەڕێنرێت تا کێشەی نەوت و غاز لەنێوان هەرێم و ئێڕاق چارەسەر بکرێت. [1]