بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە 18ی 12 ی 2022 دادگای فیدڕاڵی ئێڕاق دانیشتنێک لەسەر چوار داوای یاسای دژ بەدرێژکردنەوەی تەمەنی پەڕڵەمانی کوردستان ئەنجامبدات.
نەوەی نوێ 3 سکاڵا و یوسف محەمەد سەرۆکی پێشووی پەڕڵەمانی کوردستان بە سکاڵایەک دانیشتنی ڕۆژی یەکشەممەی دادگای فیدڕاڵیان تایبەت کردووە بەپرسی درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەڕڵەمانی کوردستان.
یوسف محەمەد، داوا دەکات دادگای فیدڕاڵی بەپێی دەستوری ئێڕاق درێژکردنەوەی پەڕڵەمانی کوردستان هەڵوەشێنێتەوە و داواکەی لەسەر سەرۆکی پەڕڵەمانی کوردستان تۆمارکردووە.
#نەوەی نوێ# سێ سکاڵای تۆمار کردووە و سکاڵای یەکەم #شاسوار عەبدلواحید# دژی سەرۆکی پەڕڵەمان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان تۆماری کردووە و داوا دەکات بەپێی مادەی 51 لە یاسای پەڕڵەمانی کوردستان ژمارە یەکی ساڵی 1992 درێژ کردنەوەی پەڕڵەمان هەڵوەشێتەوە.
دوو داواکەی تر لە لایەن #سروە عەبدلواحید# سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە #بەغدا# و کاوە عەبدول قادر سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەڕڵەمانی کوردستان، . دژی سەرۆکی پەڕڵەمانی کوردستان تۆمار کراوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەڕڵەمانی کوردستان دەکەن.
لەبەر ئەوەی هەر چوار داواکە یەک داواکاریان هەیە و دادبینیان لەیەک ڕۆژ و دانیشتندا دانراوە.
ڕۆژی 9ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو پەڕڵەمانی کوردستان بە زۆرینەی دەنگ یاسای ژمارە 12ی ساڵی 2022 ی پەسەند کرد تایبەتە بەدرێژ کردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەڕڵەمانی کوردستان بۆ ماوەی ساڵێک. [1]