$ئەوروپا لە لێواری مەرگدا$
نووسینی: #ئیدریس مستەفا#
بۆ ئەوەی لە هەر ڕووداوێک تێبگەین دەبێ ئەو هەنگاو و دەستپێکانە ببینین کە بەرەو کەنارەکانی ئەو ڕووداوە دەڕۆن. هەڵایسانی جەنگێکی گەورە گەر سێهەم نەبێت وا لە کەنارەکانی ئەوروپادا شەپۆلە گەرمیەکانی ئاسمانی ئەو کیشەوەرەی گرتۆتەوە. پەلاماردانی سەربازی ئۆکرانیا لەلایەن ڕوسیاوە، پشتیوانی تەواو و گشتگیری ناتۆ بۆ ئۆکرانیا بە هەموو هێزی سەربازی و دارایی خۆیەوە، ئامادەیی چڕوپڕی کەشتیە هەرە گەورە سەربازیەکانی ئەمریکا لە دەریای بەڵتیک، جێگیرکردنی کڵآوە ئەتۆمی و چەکە دەنگیەکانی ڕوسیا لە هەرێمی کاڵینگرادی ڕوسیا کە لە ناوجەرگەی دەریای بەڵتیک و ڕووربەڕووی وڵاتانی ئەسکەندەنافیە، پێدانی چەک و تەقەمنیە هەرە پێشکەوتووە مەترسیدارەکانی ئەمریکا بۆ یۆکراین کە بە ئاسانی توانیتی بۆردومانی ناوچەیەکی دوورگەی قرمی ڕوسیای پێ بکات و بگرە هەڕەشەی لێدان لە بنکەی هەستەیی زابارۆژیا دەکات... هەموو ئەمانە پەیامی جەنگێکی وێرانکەری گەورەی جیهانیان پێیە لەو کیشوەرەدا و پریشکەکەیشی، بێ شک، هەموو جیهان دەگرێتەوە.
بنکەی هەستەیی زابارۆژیا گەورەترین بنکەی ئەتۆمی وزەیە لە هەموو ئەوروپادا و یەکێکیشە لە دە بنکە ئەتۆمیە گەورەکانی جیهان بۆ وەبەرهێنانی وزەی کارەبا. ئێستە لە ژێر دەسەڵاتی ڕوسیادایە و ئۆکراینیش دەیەوێ بیگرێتەوە بەهەر نرخیک بێت و گەر ئەوەی بۆ نەکرا ئەوا بە نیازە بۆردومانی بکات بەو چەکە دوورهاوێژانەی لە ئەمریکای وەرگرتووە. ڕوسیا بە ڕەسمی داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ناتۆ کردووە کە نەهێڵن ئۆکراین ئەو کارە بکات چونکە مەترسیەکەی هەموان دەگرێتەوە بەتایبەت کیشوەری ئەوروپا. ئەنتۆنیۆ گوترێس، سکرتێری گەشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، دوینێکە لە سەردانێکیدا بۆ ئۆکراین و ناوچەکە ڕایگەیاند کە هەر هەڵە نواندنێکی سەربازی کارەسات بە دوای خۆیدا دەهێنێت. بۆیە داوای چەک داماڵێنی ناوچەکەی کرد.
هێزە نازیەکانی ئۆکراین بە فیتی ئەمریکا دەیانەوێ دەنکە شقارتەیەکی لێ بدەن و وڵاتەکە و کێشوەرەکە لەگەڵ خۆیاندا گڕ تێبەردەن. ڕوسیاش دەڵێ هەر هەڵە نواندنێک وەڵامی توندی بە دواوە دەبێت. واتە ئاگری زیاتر هەڵدەگیرسێ و جەنگی ئەتۆمی دەرگاکانی دۆزەخ بۆ مرۆڤایەتی دەکاتەوە. زانکۆی ڕەتگەرسی ئەمریکی لێکۆڵینەوەیەکی بڵآوکردۆتەوە لە بارەی هەڵایسانی جەنگی هەستەیی نێوان ئەمریکا و ڕوسیا دەڵێ گەر شەڕی ئەتۆمی ڕووبدات بەو ئاستە تەقلیدیەوە ئەوا نزیک بە پێنچ بلیۆن مرۆڤ لە ناو دەچن لە کاتێکدا هەموو دانشتوانی گۆی زەوی نزیکەی هەشت بلیۆن کەسە. واتە نێزیک بە لە سەدا حەفتاوپێنجی هەموو دانیشتوانی گێتی. گەر بێتوو جەنگی ئەتۆمی بە مانا گشگیریەکەی هەڵبگیرسێ ئەوا لەوانەیە هەموو دانیشتوانی گۆی زەوی بەرەو لە ناوچوون بچن کە ترسناکترینیان کورتهێنان و دەستنەکەوتن و نەمانی خۆراکە. واتە دوای جەنگیش برسێتی هەڕەشەیەکی گەورە دەبێت بۆ سەر چارەنووسی مرۆڤایەتی.
هنری کیسنجەر یەکێک لە شارەزاترین سیاسیە ستراتیجستەکانی ئەمریکا بە ڕۆژاواییەکان و ناتۆ و بە تایبەتی بە سەرکردە ئەمریکاییەکان دەڵێت ڤلادیمێر پۆتین لە خۆتان توڕە مەکەن، ئەو کابرایە سەرۆکی وڵاتێکی خاوەن زۆرترین بنکە و کڵاوەی ئەتۆمیە و قبوڵی ناکات ڕسوایی بە وڵآتەکەی بکرێت. بەڵام لەوەدەچێ ئیدارەی ئەمریکای ئیستا پەیڕەوی لە سیاسەتە خڵەفاوییەکانی بایدن بکات و گوێ لە ئامۆژکاریەکانی هنری کیسنجەری شارەزا لە پەیوەندی و مەترسیە نێودەوڵەتیەکان نەگرێت و چارەنووسی ئەوروپا و گێتی بەرەو خراپتر بوون بەرن. [1]