$تراجیدیای ئێزیدیەکان بەردەوامە!$
بۆ یادی سێی هەشت، ڕۆژی جینۆسایدی ئێزیدیەکان
نووسینی: #ئیدریس مستەفا#
لە ئەڵمانیای ئەشواق و داعشیە کوردەکان و بابانی و سۆرانیەکانەوە تاکو ئینگلیزەکان و نەتەوەکانی تری کیشوەرەکانی ئەمریکا و کەنەدا...
ئەو ڕاستیە تاڵانەی دەبێ بینۆشین گەر دەمانەوێ مرۆڤ بین و هەست و ویژدان و ئەخلاقمان لە ئاستی مرۆییماندا بێت. ئێمە دەبێ مێژوومان بنووسینەوە بەدەر لەهەر سۆز و هەستێک؛ و بە هزرێکی سارد و بیرێکی بابەتیانەوە لەو ڕابردووە بروانین؛ چونکە ڕاستیەکان تەنیا شتن کە هەرگیز نامرن هەرچەندە بخرێنە ژێر گڵەوە.
ئەشواق ئەو کچە یەزدیە ڕزگاربووەی دەستی داعش بوو کە داعشە ئیغتیساب چییەکەی لە ئەڵمانیاش وازی لێ نەهێنا و بە ناچاری گەڕایەوە کەمپی یەزدیەکان لە کوردستان. ساڵی 2018 ئەشواق لە ناو بازارەکانی ئەڵمانیا و بە دیاریکراوی لە بەردەم سوپەرمارکێتێکدا داعشیەکەی دەبینێ کە کۆیلە بووە لە لای و چەندان جار لاقەی کردووە لەکاتێکدا ئەو دەم تەمەنی 14 ساڵان بووە. ئەشواق دەڵێ لە ڕێگەی مەکتەب و لە ڕێگەی بازاڕکردن هاتە سەر ڕێم و باوەڕم نەکرد لە ئەڵمانیا بێت ئەو کەسە بە ناوی ئەبوهەمام. دەڵێ چووم بۆ لای پۆلیس و چیرۆکەکەم بۆ گێڕانەوە و گوتیشم هەرەشەی دووبارە لاقە کردنەوەی لێکردووم، گوتیان ئەو ناوەم لای ئێمە نییە و بە دوای ناوە ڕاستیەکەیدا دەگەڕێین. ئەشواق دەڵێ پێم گوتن فەرموون بچن کامێراکانی ئەو سوپەرمارکێتە سەیربکەن کە ڕێی پێگرتووم و لەوێ سیمای بە جوانی دیارە و دەیناسنەوە. کەچی پۆلیس پێیان گووتووە ببورە ئێمە ناتوانین هەر لە خۆمانەوە بچین سەیری هەموو کامێرایەک بکەین. ئەم وەڵامەی پۆلیس و دواتر مەحکەمەش تەنیا درۆیەکی قەبەدار و داپۆشینێکی تەواوی سیاسەتی ئەڵمانیایە کە خۆیان داعشیەکانیان وەرگرتووە. لەوەدەجێ ئەڵمانیاش ئیشیان پێیان بێ وەک چۆن سیاسەتی دەرەوەی بەریتنیا و ئەمریکا چەندان ساڵە ئەو ئیسلامیانە بەکار دەهێنن بۆ مەرامی خۆیان. ئەشواق دەڵێ دوای ئەوەی تێگەیشتم ئەڵمانیاش شوێنێکی سەلامەت نییە بۆ منێکی ئێزیدی بۆیە بڕیارمدا بگەڕێمەوە بۆ لای خیزانەکەم لە کەمپی ئێزیدیەکان لە باشووری کوردستان.
کاتێک داعش 2014 پەلاماری یەزدیەکانیاندا و بە ئاشکرا قەتڵوعامیان کردن و کچ و ژنیان بە بەرچاوی جیهانەوە سووتاند و ئەوانەشی کە مانەوە بەکاریان هێنان بۆ تێرکردنی سەکسی خۆیان و ڕۆژانە لاقە دەکران؛ کەچی داعشیەکانی کوردستان هەر وەک چۆن ئەزهەری و ئەردۆغانیەکان ئیدانەی داعشیان نەکرد و بگرە پشتیوانی سەربازی و لۆجستی و ڕوحیشیان کردن؛ جگە لەوەی دەسەڵاتە کوردییەکانی باشوور دەستیان هەبووە لە فرۆشتنی ئێزیدیەکان بە داعشە ئەردۆگانیەکان، لە کوردستان ئیسلامیەکانیش بە هەموویانەوە بێ دەنگبوون و هیچیان نەگوت دوایی بەهۆی شەرم و عاری داعشەوە کەمێک هاتنە دەنگ و بەڵام هەر بە ئیسلام و ڕۆڵەی موسڵمانیان لە قەڵەمدا. قەباعەتتر لەمانە، لە ناو نێوەندی ڕۆشبیریش بە نووسەران و خوێنەرانیەوە لەگەڵ ئەوەی پێشتر هەندێکیان ڕوویان لە نوێژکردن کردبوو زیاتر بەردەوام بوون لە نوێژ و جەژنەکانی ڕەمەزان و قوربانیان پیرۆزتر دەکرد و دەیانگوت ئەوانە ئیسلام نین و نوێنەرایەتی ئیسلام ناکەن، یاخود دەیانگوت ئێمە دەبێ ئیسلام لە دەستی ئەوانە بستێنینەوە. واتە بەشێکی زۆری نیوەندی سیاسی و ڕۆشنبیری باشوور هاوشان لەگەڵ حزبە ئیسلامیەکاندا بوون بە بەشێک لەو ڕەوتە کۆمەڵایەتیە سیاسیە ئایینییەی جینۆسادی ئێزیدیەکانی پێکرا.
ئەم حاڵەتە ڕیشەی هەیە و هەر لە خۆڕا نیە. لە سلێمانی ئیبراهیم پاشای بابان و لە سۆرانیش پاشای کۆرە بەشداریکەری سەرەکی ئەو شەڕانەی عوسمانیەکان بوون کە دژی ئێزیدیە کوردەکان بەرپای دەکرد. بە ڕادەیەک پاشای کۆرە کۆشک و خانەکانی بە کچ و ژنی ئێزیدی ڕازاندبۆووە و بۆ ڕابواردن و خزمەتی خۆی و دارودەستەکەی بەکاری دەهێنان هەر وەک چۆن داعشیەکان دەیانکرد. ئیبراهیم پاشای بابان بە دەستی کوردە ئێزیدیەکان دەکوژرێ. مێژوونووسە کوردەکان نووسیویانە (ساڵی 1796 ئیبراهیم پاشای بابان بەخۆی و لەشکرەکەیەوە بۆ یارمەتیدانی والی عوسمانی چووبوونە ناوچەی سنجار، ئیبراهیم پاشا لە نزیک شاری موسڵ کۆچی دەکات و لە نزیک مەرقەدی حەزرەتی یونس بە خاک دەسپێردرێ.) گەر هەر میللەتێک ڕاستیە مێژووییەکان وەک خۆی نەنووسێتەوە یان ناگات بە هیچ وەک کورد یاخود پێی دەگا بەڵام بە سەقەتی دەمێننەوە وەک تورک و فارس و عەرەب. جا ئیبراهیم پاشایەک کە چووە بۆ شەڕی کوردکوشتن کەچی لە ڕوویان نایات ئەمە بڵێن دەلێن چووە بۆ ناوچەی سنجار بۆ یارمەرتی عوسمانیەکان. ئەی یارمەتی عووسمانیەکان یانی چی! بۆ چوو بۆ یارمەتی عووسمانیەکان؟ چونکە عووسمانیەکان جینۆسادی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکانی ژێر دەستی خۆیان دەکرد وەک ئەرمەنی لە تورکیای ئیستا و یەزدیدی لە کوردستانی ئێستا. پاشان، بۆچی لەوێ یەکسەر نەخۆش دەکەوێت و دەمرێت یاخود لە شەری کوشتنی کورددا کوژراوە. ئەم میژووە شەرمهێنەرە بەڵام شەرمهێنەرتر ئەوەیە کە ڕاستیەکان بە درۆ و تەلفیق کردن ئارایش پێبدەی. ئە وراستیە تاڵانەی کە بەشێکی ئێجگار زۆری پانتایی مێژووی ئێمەی درووست کردووە و وەهمی ئەو پانتاییە دەبێ بشکێنرێ و چیتر نەوە دوای نەوە بە درۆ و شاردنەوەی ڕاستیەکان گۆش نەکرێ.
ئەوەی سەیرە بەڵامەوە، ئەوانەی لە کوردستان خۆیان زۆر بە کورد دادەنێن کەچی ئەو کوردکوژانە دەکەن بە ڕەمزی نەتەوەیی و کاتێکێش پییان دەلێی بۆ؟ دەلێن ئێ لەوە زیاترمان نییە و گەر وابێ ئەوا هیچ شتێک نامێنێتەوە دەستی پێوە بگرین. خۆزگە نەبوونایە و ئەو شەرمەیان لە مێژووی ئێمەدا تۆمار نەکردایە. داپۆشین و خۆهەڵخەڵەتاندن و کوڕوزانەوە هیچ بەرێکی سەوزی نابێت و هەرواش بووین بۆیە مێژوو و ئیستای ئێمە هەر پاییز بووە و بە ڕەنگزەردی ماوەتەوە؛ ئەگەرنا هەر نەتەوەیەک بە ڕاستی مێژووەکەی خۆی بنووسێتەوە دەتوانێ ئاییندەیەکی درووستیش بۆ نەوەکانی دادێی مسۆگەر بکات. بۆ نموونە لە کەنەدا هەروەها ئەمریکاش، ئەو ڕستاینە هەرگیز ناشارنەوە یاخود ئارایشتی بکەن کە چۆن کوشتاری نەتەوە بوومیەکانی ئەم کێشوەرەیان کردووە. تەنانەت لە سیستەمی پەروردەی سەرەتاییەوە تاکو دوایین قۆناغەکانی خوێندن. بەتایبەتتر لەم دوو سالەی دواییدا کە بەڵگە مێژووییەکان نیشانیاندا کریستۆفەر کۆڵۆمبوس دۆزەرەوە یاخود گەڕیدە نەبووە بەڵکوو مرۆڤکوژ و لاقەکەر و تالانچی بووە و دەستی سوورە بە خوێنی سەدان و هەزاران نەتەوە ڕەسەنەکانی کیشوەری ئەمریکا. جۆن ئەی ماکدۆناڵد کە بە باوکی دامەزراندنی کەنەدا دادەنرێت و یەکەمین سەرۆک وەزیرانی کەنەدا بوو دەرکەوت دەستی لە هەندێ کوشت و بڕی نەتەوە بوومیەکاندا هەیە لە زۆر شوێن پەیکەرەکەیان تێکشکاند و ڕووخان و بگرە لە سیستەمی خوێندیش زۆرێک ەلو شەرمە مێژووییانە لابران یاخود دەبێ وەک خۆیان چۆنە ئاوها بناسرێن. نموونەی تر زۆرن بەڵام من هەر ئەم دوانە باس دەکەم.
خۆزگە لای خۆشمان ئەوەندە بە دوای ستایش و پیرۆزکردن و درووستکردنی وەهمی ڕەمزی نەتەوەییەوەن ئەوەندە بە دوای ڕاستیە مێژووییەکاندا دەبوون و نەوەی دادێ وەک ئێمە گیرۆدە نەدەبوون بە دوای ڕاستیەکاندا. [1]