ڕۆمانی #ئەلف/یا#، گێڕانەوە لە پێناو گێڕانەوەدا؟
کارزان عەلی
ڕۆمانی ئەلف/یا، نووسینی #ڕەزا عەلی پوور#، لە دووتوێی 180 لاپەڕەدا و ساڵی 2020 لە چاپەمەنیی مانگ چاپکراوە.
ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە باس لە دوو زەمەنی جیا دەکات، یوسف کە مامۆستایە و دواتر کاری قاچاخچێتی دەکات و ماوەیەک زیندانی دەکرێت. پاش بەربوونی لە زیندان، داوای لێ دەکرێت لە کۆمەڵێک دەستنووسی پەرتەوازە و پڕوکاو، لێرە و لەوێ، سەربوردی کەسێک بە ناوی “داود ئامێدی” بنووسێتەوە، ئامێدی کە کەسێکی بێ ناونیشان و بێکەسە، بەڵام خەت خۆشی و شارەزایی لە جۆری چەند خەتێکدا، دەیکات بە کەسێکی ناسراو و لە دەرباری والیدا، دەبێتە نامەنووس، و شاهێدی ڕووداوگەل و مێژووی دوو سەدە لەمەوبەر (تاوەکو دەرچوونی ڕۆمانەکە)، واتە بە نزیکەیی دوو سەد ساڵێک بەر لە ئازاد بوونی مامۆستا یوسف لە زیندان.
تا ئێرە تانوپۆی سەرەکی ڕۆمانەکەیە.
لێ هەندێک ڕووداوی تر، لەهەر دوو زەمەنەکەدا ڕوودەدەن، کە پێکەوە، پێکهاتەی ڕۆمانەکە بەهێز و تەواو دەکەن.
بەڵام ئەوەی زیاتر سەرنجی منی خوێنەر ڕادەکێشێت و دەمەوێت بە کورتی لەسەری بدوێم، شێوازی گێڕانەوەیە لەم ڕۆمانەدا.
لەسەرەتای ڕۆمانەکەدا، بۆمان دەردەکەوێت ئێمە لەبەردەم دەقێکی جیاوازداین، ڕووداوێک کە لە ئازادکردنی کەسێک و شێوازی ناسین و پێدانی ئەرکێک، بە خێرایی دەست پێ دەکات. هەر لەم سەرەتایەوە ڕوون دەبێتەوە کە ئەرکێکی قورس، چاوەڕوانی گێڕەرەوەی سەرەکییە، ئەویش دەرکێشان و ساغ کردنەوەی دەستنووسێکی کۆن و پەرش و بڵاوە.
لە پاژەکانی دواتردا، کێشەکان کەمێک کرانەوە و جیاوازی ڕووداو بە خۆوە دەبینن. کێشەگەلی جیابوونەوەی مامۆستا یوسف لە لەیلا، کێشەی چۆڵکردن و بیانووگرتن بۆ فرۆشتنی ئەو خانووەی وەک میراتی ماوەتەوە بۆ مامۆستا یوسف. هاتنە ناوەوەی ئایسان لە زەمەنی یەکەمدا، واتە لە ژیانی یوسفدا، کە ئەمەش هێندەی ساغکردنەوەی دەستنووسەکە، کێشە بۆ یوسف درووست دەکات، وەک ئەوەی یوسف هەرگیز دەرباز نەبێت، لەو تەونە ئاڵۆزەی خێزان و خوشک و براکان بۆی دەچنن.
لەلایەکی ترەوە، ڕووداوگەلی لاوەکی، لە چیرۆکی دووەمدا دێنە ناوەوە و بە هەمان شێوەی مامۆستا یوسف، ژیانی داود ئامێدی شلۆق دەکەن و شێواو. وەک ڕووداوەکانی بێ ماڵی، بسمێ و مەلای گوپ سوور، و دواجار خۆحەشاردان و ڕاکردنی لەدەست پیاوانی والی، بەهۆی نامەیەکەوە کە بۆ شای دەنووسێت.
لە ئاستی گشتیدا، دەتوانرێت، تەونی ئاڵۆز و تاڵی نادیار و نهێنی لەنێوان هەر دوو زەمەن، هەر دوو کارەکتەردا بدۆزینەوە.
بۆ نموونە لە تەونە شاراوە و لەیەک چووەکانی نێوان مامۆستا یوسف و داود ئامێدیدا، دەتوانین دەست بخەینە سەر ئەوەی هەر دوو کارەکتەر، پەیوەندی بەهێزیان لەنێواندایە لە ڕووی نووسین و قەڵەم و کاغەزەوە، مامۆستا یوسف دەیەوێت، نهێنییەکانی ئامێدیی خۆشنووس، زیندوو بکاتەوە، هەردووکیان پێکەوە و لە زەمەنێکی جیاوازدا. لە کاتێکدا، داودی خۆشنووس، لەپاڵ نووسینی نامەکانەوە، نهێنی ئەو ستەم و ژیانە شاراوەیەی والی بۆ شا، بەیان دەکات.
لە ئاستی دووەمدا، هەر دوو کارەکتەر، گرفتی خانوو و ماڵیان هەیە. کارەکتەری مامۆستا یوسف، زۆری لێ دەکرێت، کە بێ ماڵ و خانوو بمێنێتەوە و ئەو میراتیەی بەر خێزانەکە دەکەوێت، بە زوویی بفرۆشرێت، کە ئەمەش، گرفتی بێ ماڵیی بۆ مامۆستا درووست دەکات. لەهەمان کات و لە زەمەنێکی جیاوازدا، بێ ماڵی و بێ دەرەتانی، یەکێکە لە کێشە گەورەکانی خۆشنووس ئامێدی، هەر ماوەیەک لە مزگەوتێک، و دیوانێک و دواجار لە کڵێسایەکدا دەژێت.
بەم شێوەیە دەتوانین چەندین پنتی هاوشێوەی تریش بدۆزینەوە لەنێوان هەر دوو زەمەنەکەدا.
$گێڕانەوە لە ئەلف/ یا’دا$
بنەمای گێڕانەوەی پۆست مۆدێرن، کە لە ئەمریکای سەرەتای ساڵانی شەستەکاندا درووست دەبێت، لەسەر دەستی کۆمەڵە نووسەرێک، لەوانەش جۆن بارت، کۆرت فۆنیگۆت، و تۆماس بینشۆن و هەندێک نووسەری ترن. هاوکات لە فەرەنساش تەوژمێک درووست دەبێت، بەناوی شەپۆلی نوێی ڕۆمان، هەر یەکە لە ئالان ڕۆب گرێ، میشێل بۆتۆر، ناتالی ساروت، و مارگرێت دۆراس، و چەند نووسەرێکی تریش دەگرێتەوە.
ئەم گێڕانەوەیە، بە چەندین خاڵ لە گێڕانەوەی کلاسیکی جیا دەکرێتەوە. بێگومان سەرەتاکانی ئەم شێوازە نوێیەی گێڕانەوە لە فەرەنسادا پەیوەستە بە دیدی بونیادگەراکانەوە، بە تایبەتی ڕۆڵان بارت و دێریدا و فوکۆ لە ئاستە تیۆرییەکەیدا.
بەڵام ئەوەی بۆمان دەردەکەوێت ئەم شێوازی گێڕانەوە، گێڕانەوەیەکی ناجێگیر و فرە جووڵە و فرە ڕووداوە، پشت بە گەڕانەوە و فلاش باکی هەمیشەیی دەبەستێت بۆ ئەوەی ڕووداوەکان بە یەکەوە ببەستێت. ئەم گێڕانەوە ناجێگیرە، جگە لە فلاش باکی بەردەوام، بە ڕستەی کورت کورت و خێرا، بنەماکانی تری گێڕانەوە بتەو و بەهێز دەکات.
یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی ئەم جۆرە گێڕانەوەیە، پرس کردنە بە خوێنەر، بەردەوام خوێنەر دەبێت ئامادە بێت لە وەها دەقێکدا، ڕستەیەکی خەبەریت دەداتێ، و هەر یەکسەر پرسیارت لێ دەکات، وایە یان نا؟ وتم یان نا؟ کردم یان نا؟ لێرەدا خوێنەر دەبێت بە زۆر ئامادەی چیرۆکەکە بکرێت، ببێت بە ڕەگەزی تەواوکەر لە دووتوێی دەقەکەدا. پەلکێشی خوێنەر دەکات، بۆ ئەوەی چیرۆکەکە تەواو بکات. وەک ئەوەی دواتر لە تیۆری وەرگرتن (نظرية التلقي) جەختی زیاتر دەکرێتەوە سەر خوێنەر، وەک خاوەن دەسەڵاتی ڕەها لە لێکدانەوە و تێگەیشتنی دەقدا.
من بۆ خۆم، هەندێک جار چێژێکی سەیر لەوەدا دەبینم، هەست دەکەم نووسەر هەمیشە چاوێکی لە منی خوێنەرە و پرسم پێ دەکات.
لێرەدا بە خێرایی بەر ڕووداو ناکەوین، بەڵکوو بەر پارچە پەرتەکانی ڕووداو دەکەوین. ڕووداو دەبێت بە ئاوێنەیەکی شکاو، و هەر پارچە و پەرتێکی لە پاژ و بەشێکی سەربەخۆدایە. ئەوەی لەم جۆرە گێڕانەوەیەدا بەری دەکەوین، یەکەمجار وشەبازی، پرسیاری ئامادەبوون و حزووری خوێنەر، تەکنیکی گێڕانەوە، دواجار چیرۆکە و پنتی کۆتایی دەبێتە چێژ. بە پێچەوانەی گێڕانەوەی کڵاسیکی، کە یەکەمجار بەر ڕووداو، چیرۆک، ئەگەر هەبێت تەکنیکی گێڕانەوە و دواجار ئامادەکردنی چێژ دەکەوین. ئەم جۆرە گێڕانەوەیە، جگە لە تێهەڵچوون و بەیەکداچوون و پاش و پێش کردنی ڕووداوەکان، دەستکاری تۆخی کات دەکات، کاتی ڕووداوەکان، هێنانە پێشەوە و بردنە دواوەی زەمەنەکان، ئەمەش لەڕێگەی دەستکاری کردنی بکەر، کردارەکان و گۆشەنیگا، کە یەکێکە لە بنەماکانی گێڕانەوەی پۆست مۆدێرن. لێرەدا دەکرێت قسە لە ڕابردوو بکەین بە زەمەنی داهاتوو، هێنانە پێشەوەی ئەوەی کەمتر لە زمانی ڕۆژانەدا بەکار دێت، وشەگەلی وەک خواردبێتم، کردبێتم، دەکرا کرابا، نەدەکرا نەکرابا.. و زۆری تریش خەسڵەتی تۆخ و دیاری ئەم جۆرە گێڕانەوەیەن.
بەڵام ئەگەر ورد بینەوە لە مێژووی گێڕانەوە بە زمانی فارسی، دەردەکەوێت کە سەرەتای ئەم گێڕانەوەیە، لە سادقی هیدایەت بە کوندەپەپوی کوێر دەست پێ دەکات، دواجار تاڵ و تەوژمی ئەم گێڕانەوەیە، لە هۆشەنگی گوڵشیریدا دەگاتە لوتکە، بەڵام ئێمە بە تەنیا گوڵشیری بە خاوەنی سەرەکی ئەم ڕیتمە دەزانین، لەبەرئەوەی بەشێکی زۆری چیرۆکەکانی ئەم نووسەرە، بەم شێوازە تازەیەی گێڕانەوە نووسراون. بەڵام ئەم شێوازی گێڕانەوەیە، نابێتە شەقڵی زاڵ و تاکڕەوی ناو ئەدەبیاتی فارسی، چونکە لەهەمان کاتدا، ئێمە نووسەرگەلی زۆر درەوشاوەی ترمان هەیە کە کەموزۆر هاوسەردەمی هۆشەنگی گوڵشیری بوون و پەیڕەوەی ئەم جۆرە لە گێڕانەوە ناکەن، لەو چیرۆکنووس و ڕۆماننووسە دیارانە کە بە شوێنپێی گوڵشیری و گێڕانەوەکەیدا هەنگاو نانێن و دوور دەکەونەوە لەو وشەبازی و تێکچڕژانی زەمەن و دیمەن و گێڕەرەوە، دەتوانین ئاماژە بە غوڵام حسێن ساعدی، مەحمودی دەوڵەت ئابادی و ڕەزا بەراهەنی و عەلی ئەشرەف و عەبباسی مەعروفی و زۆر نووسەری دیاری تریش بکەین.
ئەوەی لێرەدا دەمەوێ بیڵێم، یان بەلایەنی کەمەوە لەم ڕۆمانەی عەلی ڕەزا پووردا ئاماژەی بۆ بکەم، ئەوەیە ئەم جۆرە لە گێڕانەوە، گێڕانەوەیەکی ماندووکەرە، بەو مانایەی خوێنەر ناچار بە جۆرێک لە وریایی و چاوکراوەیی دەکات بۆ ئەوەی کۆی ڕووداوەکە پێکەوە ببەستێت. لەهەمان کاتدا، گێڕانەوەیەکی ناڕوونە، پێکداچوونێکی دژبەر و تێکەڵکردنێکی گۆشەنیگاکانە. بەڵام لەم ڕۆمانەدا، گۆشەنیگا، ڕووداوە پەرتەکان، بەیەکداچوونی وێنەکان، بە شێوەیەک بەیەکدا چوون، کە هەندێکجار هەست بە ون بوونێکی بێ ئەنجام دەکەیت، لە بازنەیەکی زۆر فراوانی گێڕانەوەی وشەبازی و یاریکردن بە کارەکتەر و دیمەن و بکەرەکان، خوێنەر دەخاتە گێژاوێکی وەڕزەوە. ناڕوونییەکی سەیر، بە کۆی دەقەکە دەدات. وەک ئەوەی نووسەر، تەنیا لە پێناو گێڕانەوەدا، لە پێناو یاریکردن بە وشە و هێنان و بردنی دیمەنەکاندا، ئەم یارییە بکات. ئەوەی دەبێتە پرسیاری گەورە لای من، دەگمەنیی و کەمی ئەم جۆرەیە لە گێڕانەوە لە ئەدەبیاتی جیهانیدا، بە تایبەتی لە ئەدەبیاتە باڵاکانی ئەمریکای لاتین و ئیسپانیا و دەقە ئینگلیزییەکاندا، بە تایبەتی لەم دە ساڵەی دواییدا، بۆ نموونە دەکرێت ئاماژە بەو ڕۆمان و چیرۆکانە بکەین کە ساڵانە خەڵاتەکانی مان بوکەر و پۆکەری عەرەبی و خەڵاتی سێرڤانتس کە تایبەتە بە ئەدەبیاتی نووسراو بە زمانی ئیسپانی و خەڵاتەکانی پەڕتووکی گەورە بکەین کە تایبەتن بە ئەدەبیاتی ڕوسیا. تەنانەت لەناو نووسەرانی ئەدەبیاتی فارسیشدا، ناوگەلێکی گەورە هەن، کە ئەم ڕیتمی تازەی گێڕانەوەیە بەکارناهێنن لە گێڕانەوەدا، وەک لە پێشەوە باس کرا.
بەڵام وەکو شێوازی گێڕانەوە، لە ئەدەبیاتی باشووری کوردستاندا، تا ئێستا، دەقی زۆری ڕۆمانمان نییە کە بەم شێوازی گێڕانەوەیە نووسرا بێت، کە ئەمەش هەرگیز ناکات بە نەنگی یان بێ ئاگابوون لە ئەدەبیات و شێوازەکانی گێڕانەوە لە جیهاندا، بەڵکوو ئەو فۆرمی گێڕانەوەیەی کە لە باشووردا لەم چەند ساڵەی دواییدا کاری لەسەر کراوە و دەکرێت، زیاتر فۆرمە باوە جیهانییەکەی گێڕانەوەیە کە کەمتر خۆی لە وشەسازیی و تێکەڵکردن و تێکچڕژانی دیمەن و کارەکتەرەکاندا، قەتیس دەکات. [1]