#فەرید ئەسەسەرد#
نەوەد ساڵ کەوتووەتە نێوان هەڵوەشاندنەوەی سیستمی خەلافەت لە تورکیا لە ساڵی 1924و زیندوو کردنەوەی لە #مووسڵ# لە ساڵی 2014 لە سەر دەستی ئەبوبەکری بەغدای سەرۆکی ڕێکخراوی داعش. لە ڕاستیشدا دەستەواژەی (زیندووکردنەوە) پڕ بە پێستی وشەکە نییە، زۆرتر وەک گوزارەیەکی مەجازی بەکار دەهێندرێ چونکە چەند ساڵێک پاش هەڵوەشاندنەوەی خەلافەت، جیهانی ئیسلام مەسەلەی زیندوو کردنەوەی خەلافەتی لە بیری خۆی بردەوە و سەرقاڵی مشوورخواردنی کاروباری خۆی بوو.
بەڵام ئەمە بەم مانایە نییە کە هەڵوەشاندنەوەی خەلافەت لە ساڵی 1924دا بە شێوەیەکی ئاسایی تێپەڕیوە. لانی کەم لە سێ وڵاتدا، کە بریتین لە میسر و کوردستانی باکوور و هیندستان، ڕووداوەکە ڕەنگدانەوەی گەورەی هەبوو. بە کردەوە، دوو فاکتەری سەرەکی ڕۆڵێکی دیاریان لە ڕەت کردنەوەی هەڵوەشاندنەوەی خەلافەتدا هەبوو. یەکەمیان ڕاهاتنی موسڵمان بوو بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ لە سەر بوونی مەرجەعێکی باڵا بۆ جیهانی ئیسلام کە خۆی لە خەلیفەدا دەبینییەوە. دووەمیشیان ئەوە بوو، کە زۆربەی هەرە زۆری موسڵمانان وا تێگەیشتبوون، کە خەلافەت بەشێکی ستراکتۆری ئایین پێک دێنێ. لەم سۆنگەیەوە پێیان وابوو هەڵوەشاندنەوەی خەلافەت دەبێتە مایەی لەق کردنی ستراکتۆری گشتیی ئایین، بەڵام مایەی تێڕامانە کە جیهانی ئیسلام لە ماوەی دە ساڵدا لە سەر نەبوونی خەلیفە ڕاهات، بە شێوەیەکی پرەگماتییانە هەڵسوکەوتی لەگەڵدا کرد. لە ناو موسڵماناندا، سێ گەل کە بریتین لە میسری و کورد و موسڵمانانی هیندستان، بە شێوەیەکی جیاواز لە گەلانی تری موسڵمان، مامەڵەیان لەگەڵ مەسەلەکەدا کردووە.
لە میسر هەڵوەشاندنەوەی خەلافەت هەرایەکی زۆری لە سەر ئاستی چینی سیاسی و جەماوەر نایەوە. هەر لەو سەروبەندەدا پاشا فوئاد مەسەلەی خەلیفایەتی لە کەللەی دا و کەوتە کار کردن بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکە و گواستنەوەی خەلافەت لە ئێستانبوولەوە بۆ قاهیرە. بۆ پاشا فوئاد و بەشێکی میسرییەکان مەسەلەکە ئەوەندەی ڕوخساری (گێڕانەوەی) خەلافەتی بۆ میسر وەرگرت بوو، ئەوەندە ڕووخساری (گواستنەوەی) وەرنەگرت بوو. مەسەلەکەش بنەمایەکی مێژوویی هەیە چونکە کاتێک سوڵتان سەلیمی یەکەمی عوسمانی لە سەرەتای سەدەی شازدەیەمدا میسری داگیر کرد، شەرعیەتی خەلافەتی لە خەلیفە عەباسییەکەی میسر وەرگرت و لەگەڵ خۆیدا بردی بۆ ئێستانبوول. بۆیە، زیندوو کردنەوەی خەلافەت لە میسر، وەک گێڕانەوەی وا بوو بۆ ئەو شوێنەی بە زۆر لێی سەندرا بوو.
دەرەبەگ و زەویدارانی گەورە پێیان خۆش بوو پاشا فوئاد ئەرکی خەلافەت بگرێتە ئەستۆ. خودی پاشا بە گونجاوی دەزانی ئەرکەکە بگرێتە ئەستۆ، لانی کەم بۆ بەرپەرچ دانەوەی ئۆپۆزیسیۆن بە سەرۆکایەتیی سەعد زەغلول و بۆ ڕێگرتن بە یەکجارەکی لە گۆڕینی سیستمی پاشایەتی بۆ سیستمی کۆماری، چونکە، وەک مێژووی خەلافەت نیشانی داوە، خەلافەت بۆ پاشایەتی تا بۆ کۆمار گونجاوترە.
پاشا فوئاد، بۆ زیاد کردنی دەسەڵاتەکانی، پێویستی بە خەلافەت نەبوو چونکە دەستوری 1923 دەسەڵاتی پێویست و خوازراوی پێ بەخشی بوو، بەڵام نازناوی خەلیفە دەیتوانی ڕێزێکی زۆرتری لە جیهان ئیسلام بۆ پەیدا بکا. بۆیە، دەکرێ لەو گۆشەنیگایەوە سەیری هەوڵدانەکەی بکرێ، کە ئەو بۆ خزمەت کردنی ئایین خەلافەتی نەویستووە، بەڵکوو تەنیا بۆ فیز و لافی گەورەیی لێدان ویستوویەتی. پاشا فوئاد عەرەبیی بە چاکی نەدەزانی و قورئانیشی بە چاکی پێ نەدەخوێندرایەوە و زۆر کەمی لێ تێدەگەیشت، بەڵام بە دڵنیاییەوە پێگەی خەلافەت پێگەی پاشایەتییەکەی سەقامگیرتر دەکرد.
بەخشینی خەلافەت بە پاشا فوئاد لە ناو چینی مەلاکاندا لایەنگرێکی زۆری هەبوو، لەوانە محەمەد ڕەشید ڕەزا و محەمەد حسێن هەیکەل و ژمارەیەکی زۆری دەرچووانی ئەزهەر، بەڵام نەیاریشی هەبوو، دیارترینیان عەلی عەبدولڕازق بوو کە بە دەرکردنی پەڕتووکی (ئیسلامء بنەماکانی حوکمڕانی) هەرایەکی گەورەی نایەوە چونکە تێیدا گوتبووی خەلافەت پێوەندیی بە بنەماکانی ئیسلامەوە نییە و تەنانەت حوکمڕانیی ئەبوبەکر و عومەر و عوسمان و عەلیش حوکمڕانییەکی (نائایینی) بووە.
بەریتانیا هیچ هەڵوێستێکی لە دژی بە خەلیفە بوونی پاشا فوئاد دەرنەبڕیوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە پێی خۆش نەبووە خەلیفایەتی زیندوو بکرێتەوە. ئەوەی ئەمە ساغ دەکاتەوە ئەوەیە، کە هەڵوەشاندنەوەی خەلافەت یەکێ لە مەرجە نهێنییەکانی هەڵوەشاندنەوەی پەیمانی سیڤەر بووە، کە بەهۆیەوە دەبوایە دوو دەوڵەت لە ڕۆژهەڵاتی تورکیا، یەکێک بۆ کورد و ئەوەی دی بۆ ئەرمەن، پێک بهێندرێ. پێداگرتنی بەریتانیا لەسەر هەڵوەشاندنەوەی خەلافەتی عوسمانی هیچ بوارێک بۆ پشتگیری کردنی زیندوو کردنەوەی لە میسر ناهێڵێتەوە.
بە هەر حاڵ، پاش مشتومڕێکی توند و گەرم و گوڕ کە دووراییەکی کۆمەڵایەتیی وەرگرت بوو، پاشا فوئاد بە شێوەیەکی کتوپڕو پێشبینی نەکراو لە وەرگرتنی خەلافەت پەشیمان بۆوە. سەرچاوەکانی ئاماژەی ڕوونیان بۆ هۆیەکانی پەشیمان بوونەوەی نییە، بەڵام دەشێ بریتانیا لە چوارچێوەی دیپلوماسیەتە نهێنییەکەیدا سەرکەوتوو بوو بێ لە پەشیمان کردنەوەی، بەڵام یەکێک لەگەورەترین کاردانەوەکانی دژ بە هەڵوەشاندنەوەی خەلافەتی عوسمانی، لە ساڵی 1928دا دەبیندرێ، کاتێک حەسەن بەننا لە شاری ئیسماعیلیە کۆمەڵەی ئیخوان موسلمینی دامەزراند. ئەم ڕێکخراوە کە لە ساڵانی دواتردا کاریگەرییەکی زۆری لە سەر سیاسەتی ناوخۆیی و هەڵسوڕانی کۆمەڵایەتی دەبێ، تەنیا پاش چوار ساڵ لە هەڵوەشاندنەوەی خەلافەت سەری هەڵدا. بە دڵنیاییەوە ئەگەر خەلافەت لە تورکیا هەڵنەوەشێندرایەتەوە، ڕێکخراوی ئیخوان موسلمین لە میسر دانەدەمەزرا یاخود لانی کەم زۆر درەنگ، لە ساڵانی چلەکان و پەنجاکاندا، دادەمەزرا.[1]