#فەرید ئەسەسەرد#
کاتێک مستەفا کەمال #ئەتاتورک# لە ساڵی 1924 خەلافەتی هەڵوەشاندەوە، پەی بەوە بردبوو کە ئەم کارەی دەنگدانەوەیەکی گەورەی لە جیهانی ئیسلام لێ دەکەوێتەوە و لەناو تورکیاش بەرهەڵستی دەکرێ، بەڵام پێشبینی نەدەکرد هاووڵاتییەکانی بۆ گێڕانەوەی خەلافەت شۆڕش بکەن. بەکردەوە نیوەی پێشبینییەکەی ڕاست دەرچوو، چونکە هاووڵاتییە تورکەکانی بۆ گێڕانەوەی خەلافەت شۆڕشیان نەکرد، بەڵام هاووڵاتییە کوردەکانی بڕیارەکەیان ڕەتکردەوەو بڕیاریاندا بەچەک ڕووبەڕووی ببنەوە.
ئەگەرچی ئەدەبیاتی نەتەوەییمان جەخت دەکاتە سەر ڕوخساری نەتەوەیی شۆڕشی ساڵی 1925ی کوردی باکوور بە سەرکردایەتیی #شێخ سەعید پیران،# بەڵام هاندەری ئایینی لەم شۆڕشەدا فاکتەرێک نییە کە بتوانرێ بشاردرێتەوە. ئەمەش نیشانی دەدا کە مێژووی سیاسیمان پێویستی بە پێداچوونەوەیەکی ڕیشەیی و ڕەخنەگرانەیە. دەبێ مێژوو وەک ئەوەی کە بووە، نەک وەک ئەوەی کە دەخوازرێ، تاوتوێ بکرێ.
ساڵێک پێش هەڵوەشاندنەوەی خەلافەت، تورکیا لە ساڵی 1923 لە #لۆزان# ڕێککەوتننامەی لەگەڵ هاوپەیمانان واژۆ کرد، تێیدا مافی درووستکردنی دەوڵەت بەپێی پەیمانی سیڤەر لە کوردی باکوور سەنرایەوە. مایەی تێڕامانە کە کوردی باکوور لەکاتی واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی لۆزاندا هیچ بەرهەڵستییەکی نەنواندەوەو پێی لەسەر پەیمانی سیڤەر دانەگرت! کەچی ساڵێک پاش هەڵوەشاندەنەوەی خەلافەت، گەورەترین شۆڕش لە کوردستان لەنیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم هەڵگیرسا. شۆڕشەکە ئەم پرسیارە لەبەردەمماندا قوت دەکاتەوە کە بۆچی کورد لەدژی هەڵوەشاندەوەی پەیمانی سیڤەر شۆڕشی نەکردووە، کەچی لەدژی هەڵوەشاندنەوەی خەلافەت شۆڕشی کردووە؟
گومانی تێدا نییە کە فاکتەری نەتەوەیی لە شۆڕشی 1925 فاکتەرێکی ون نییە، بەڵام هەرچۆنێک هەڵسەنگاندن بۆ مەسەلەکە بکرێ، لە سەرەنجامدا هەر ئەوە دەردەکەوێ کە فاکتەری نەتەوەیی، بە بەراورد لەگەڵ فاکتەری ئایینی فاکتەرە لاوازەکە بووە. ئەگەرچی سەرکردایەتیی شۆڕشەکە گوزارشت لە هاوپەیمانییەکی ئایینی - نەتەوەیی دەکا، بەڵام لە سۆنگەی لاوازیی چینی بورژوازییەوە، ڕۆڵی سەرکردە لیبراڵەکان کە ڕەچەڵەکی زۆربەیان دەچێتەوە سەر زەویدار و دەرەبەگە گەورەکانی دانیشتووی شارەکان، لە شۆڕشەکەدا وەک ڕۆڵێکی لاوەکی ماوەتەوە. سەرکردایەتیی ڕاستەقینە زۆرتر لە دەستی شێخە نەقشبەندییەکاندا بوو. هەر لەسەر دەستی ئەوانیش شۆڕشەکە بەرگێکی سوننەگەرای لەخۆیەوە پێچاو وایکرد کوردە عەلەوییەکان بەشداریی تێدا نەکەن، بگرە دژایەتیشی بکەن.
هەڵوەشاندنەوەی خەلافەت خۆی لەخۆیدا فاکتەری نەتەوەیی ورووژاند. تا پێش هەڵوەشاندنەکە، دەوڵەت کورد و تورکی بە (موسڵمان) دادەنا، بەڵام پاش هەڵوەشاندنەکە دەوڵەت ناسنامەی تورکبوونی بە هاووڵاتییەکانی بەخشی. ئەمە بەم مانایە دێ کە نەمانی خەلافەت هیچ پەیوەستێکی لەنێوان کورد و تورکدا نەهێشتووە تا لە ژێر ئاڵای یەک دەوڵەتدا بژین.
کورد پاش هەڵوەشاندنەوەی خەلافەت، چووە سەر ئەو باوەڕەی کە لێرە بەدواوە ناتوانێ لە دەوڵەتێکی عەلمانیدا بژی، چونکە لەبیرکردنەوەی ئەو کاتەی کورددا کوفر و عەلمانیەت یەکسانن بەیەکتری و موسڵمان نابێ سەر بۆ دەسەڵاتێکی نائایینی کەچ بکا.
لەناو گەلانی موسڵماندا کورد تاکە گەلە بزووتنەوەی چەکداری بۆ گێڕانەوەی خەلافەت هەڵگیرساندووە. دوو ڕاگەیاندنەکەی شێخ سەعید پیران گەوهەری شۆڕشەکە دەردەخەن. لە ڕاگەیاندنی یەکەمدا جەخت کراوەتە سەر جیابوونەوە لە تورکیا و گێڕانەوەی خەلافەت. لە ڕاگەیاندنی دووەمدا بانگەشە بۆ میر سەلیمی کوڕی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم وەک پاشای کوردستان کراوە. هەردوو ڕاگەیاندن ئەگەر بە شێوەیەکی بابەتییانە شی بکرێنەوە، ئیسلام و کوردایەتی پێکەوە گرێ دەدەن، بەڵام تای تەرازووی فاکتەری ئایینی لەتای کوردایەتییەکە قورسترە. تائێستا هیچ بەڵگەیەک لەسەر ئەوە نییە کە میر سەلیم ئاگاداری ئەو جموجووڵەی کورد بووەو هیچ لەبارەی ئەوەوە نەزانراوە کە ئاخۆ لەم مەسەلەیەدا پرسی پێ کراوە، یان نا، یاخود ڕەزامەندیی نیشان داوە، یان ڕەتیکردۆتەوە. بەڵام بەوەی کە لەو کاتەدا میر سەلیم لە سووریا ژیاوە، دەرفەتێک بۆ ئەوە پێکدێ کە ڕەنگە پەیوەندیی پێوە کرابێ.
جەرجیس فەتحوڵڵا لەو بڕوایەدایە کە شێخ سەعید خەلافەتی لە کوردایەتی بەلاوە گرنگتر بووەو لەم بۆچوونەدا پشت بەو بەڵگەیە دەبەستێ کە ئەگەر کوردایەتی بەلاوە گرنگتر بوایە، دەچوو شێخ عەبدولقادری نەهری، یان یەکێ لە نەوەکانی میر بەدرخانی بۆ پاشایەتیی دەوڵەتی کوردستان کاندید دەکرد1.
دیارە هەڵوەشاندنەوەی خەلافەت لە تورکیا، کاریگەریی گەورەی لەسەر چارەنووسی کوردستانی باشوور بەجێهێشت، چونکە ڕاپەڕینی کوردی باکوور لەدژی ئەنکەرە بۆ گێڕانەوەی خەلافەت، لەسەرەنجامدا هەڵوێستی تورکیای لە کێشەی ویلایەتی موسڵ لەق کرد. کاتێک کۆمیسیۆنی کۆمەڵەی گەلان دەستی بە مشتوماڵکردنی کێشەی ویلایەتی موسڵ کرد، نەیتوانی ئەوەی لەبەرچاو نەبێ کە ئەگەر کوردی باکوور هەوڵی جیابوونەوەیان لە تورکیا دابێ، بۆ دەبێ کوردی باشوور ڕادەستی تورکیا بکرێن؟ سەرەنجام مەسەلەکە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەو ئاڕاستەیە ڕۆیی کە کۆمەڵەی گەلان کوردستانی باشوور پێشکەش بە ئێڕاق بکا، نەک بە تورکیا.
لەباری سەرنجی مێژووەوە، هەڵوەشاندنەوەی خەلافەت کە فاکتەری سەرەکیی هاندانی کوردی باکوور بووە بۆ بەرپاکردنی شۆڕش لە دژی کەمالیستەکان، لەبەرەنجامی کۆتاییدا، کێرڤی کوردایەتی بەرەو هەڵکشان بردوو لە بزاڤێکی (ئایینی- نەتەوەیی)ەوە کردی بە بزاڤی درووستکردنی نەتەوە. بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەمە تەنیا پاش ئەوە هاتەئاراوە کە شۆڕشەکە سەرکوت کراو کورد لە تۆمارە فەڕمییەکاندا وەک گرووپێکی جیاواز لە تورک نەمایەوە.
1. جرجیس فتح اللە، یقظة الکرد تاریخ سیاسی 1900- 1925، دار آراس للطباعة والنشر، اربیل، 2002، ص 307.[1]