#فەرید ئەسەسەرد#
هەڵوەشاندنەوەی خەلافەت لە تورکیا لە ساڵی 1924، هەرایەکی زۆری لەناو موسڵمانانی هیندستان درووست کرد. موسڵمانانی هیندستان خۆیان بە بەشێکی جیهانی ئیسلام دەزانی و لەکاتی جەنگی یەکەمی جیهاندا زۆر بەتەنگ ئەوەوە بوون کە دەوڵەتی عوسمانی بتوانێ خۆی لەبەردەم بریتانیا و فەرەنسا و ڕووسیادا ڕاگرێ. پاش تێکشکانی دەوڵەتی عوسمانی لە جەنگ و داگیرکردنی ئێستانبول لەلایەن هاوپەیمانەکانەوە، موسڵمانەکانی هیندستان لە ساڵی 1919دا بۆ پشتیوانیکردن لەخەلافەت بزووتنەوەی خەلیفەیان دامەزراند.
دامەزراندنی بزووتنەوەی (خەلیفە) لە هیندستان، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ترسی موسڵمانانی هیندستان لە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی خەلافەت. بۆیە کاتێک مستەفا کەمال لە ئەناتۆلیا بزووتنەوەی بەرگریی بە هاوکاریی کورد دەست پێکرد، موسڵمانانی هیندستان ئەم هەوڵەیان بە کارێکی مێژویی دایە قەڵەم، بەتایبەتی کە وتاری سیاسیی بزووتنەوەی کەمالیست لەو قۆناغەدا ڕووی لەوە بوو کە ئامانجەکەی بووژاندنەوەی خەلافەت و ڕزگارکردنی خەلیفەی دەستبەسەرە. سەرکەوتنی مستەفا کەمال لە شەڕی سەقاریا و وەرگرتنەوەی ئزمیر لە یۆنانییەکان لە ساڵی 1921، ناوبانگێکی زۆری بۆ درووست کرد. لەم سۆنگەیەوە موسڵمانەکانی هیندستان وەک پاڵەوان سەیری (مستەفا کەمال)یان کرد و، ئۆمێدی ئەوەیان خواست کە بتوانێ سەروەری بۆ ئیسلام بگێڕێتەوە. لەهیندستان شیعە و سوننەکان هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی کە تێکشکانی تورکیا مەترسییە بۆ سەر ئیسلام وەک هێزێکی جیهانی.
بەڵام لە ساڵی 1924دا موسڵمانانی هیندستان تووشی شۆک بوون، نەک هەر بە بیستنی هەواڵی هەڵوەشاندنەوەی خەلافەت، بەڵکوو هەروەها بە بیستنی ئەوەی کە هەڵوەشاندنەوەی خەلافەت لەسەر دەستی ئەو کەسە هاتۆتەدی کە لەمەوبەر بە پاڵەوانیان زانیوە. لەسەر ئەم بنەمایەو لە پێداچوونەوەیەکی دراماتیکیدا، کەمالیزم بەجۆرێکی تر هەڵسەنگێنرا، کە بزووتنەوەیەکە لەبری خزمەتکردنی ئیسلام، زیان بە ئیسلام دەگەیەنێ.
گەیل میناولت وای بۆ دەچێ کە هەڵوەشاندنەوەی خەلافەت بزووتنەوەی خەلیفەی داڕماند و وای لێ کرد، واز لە بیروباوەڕە پان ئیسلامیستییەکانی بێنێ و زۆرتر بەکارکردن بۆ دابینکردنی مافە سیاسییەکانی موسڵمانانی هیندستانەوە سەرقاڵ بێ[1].
لە بەرەنجامی کۆتاییدا هەڵوەشاندنەوەی خەلافەت وای لە موسڵمانانی هیندستان کرد، میانڕەوتر و پرەگماتیتر و بەشێوەیەکی واقیعبینتر بیر بکەنەوە. هەڵوەشاندنەوەی خەلافەت ساغی کردەوە کە دامەزراندنی یەک دەوڵەت بۆ موسڵمانانی جیهان شتێکە زۆرتر لە ئەفسانە دەچێ.
ئەمە بەم مانایە دێ کە هەڵوەشاندنەوەی خەلافەت لە تورکیا، بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ موسڵمانانی هیندستانی هانداوە واز لە تیۆریی (یەک دەوڵەت بۆ موسڵمانانی جیهان) بێنن. ئەم بۆشاییە ئایدیۆلۆژییە چانسێکی باشتری بۆ دەرکەوتنی تیۆریی درووستکردنی دەوڵەتی پاکستان وەک (نیشتمانێکی ئیسلامی) دابین کرد. لەم سۆنگەیەوە، چەند لە ساڵی 1947 نزیک ببینەوە، چانسی تیۆریی (نیشتمانی ئیسلامی) بەهێزتر دەبێ و چانسی تیۆریی (یەک دەوڵەت بۆ هەموو موسڵمانانی جیهان) زۆرتر پاشەکشە دەکا. تەنانەت ئەبو ئەعلای مەودودی، یەکێ لە گەورەترین تیۆریسینەکانی ئەو کاتە، کە داوای دەکرد دەوڵەتێکی ئیسلامی لە ڕۆژاوای هیندستانەوە تا مەغریب پێکبهێنرێ، وازی لە داواکەی هێنا و پشتگیریی دامەزراندنی دەوڵەتی پاکستانی کرد.
بیرکردنەوەی موسڵمانانی هیندستان بە پێچەوانەی بیرکردنەوەی هەموو موسڵمانانەوە بوو. لەکاتێکدا هەموو موسڵمانان سەرقاڵی درووستکردنی (دەوڵەتی نەتەوەیی) خۆیان بوون، تەنیا موسڵمانەکانی هیندستان بیریان لە دەوڵەتی خەلافەت دەکردەوە، ئەمەش لەگەڵ لۆجیکی مەسەلەکاندا نەدەگونجا. لەبەرەنجامی کۆتاییدا، ئەوانیش، لەژێر فشاری هەڵوەشاندنەوەی خەلافەت و بێئومێد بوون لە زیندووکردنەوەی، بەرەو جیابوونەوە لەهیندستان و دامەزراندنی پاکستان وەک نیشتمانێکی ئیسلامی هەنگاویان نا.[1]
__________________
Minault، Gail، “the khalifat Movement، Oxford Universty Press، 1982، pp. 203- 204.[1]