#فەرید ئەسەسەرد#
ساڵی 1930 وەزیری دادی تورکیا مەحمود ئەسعەد بەگ بوزکورت کە ئەندامی پارتی گەل (جەهەپە) بوو لە لێدوانێکدا وتی (گەورەی ئەم وڵاتە، تورکە. ئەوەی بەڕەچەڵەک ناچێتەوە سەر ڕەگەزی پاکی تورک، لە نیشتمانی تورکدا تەنیا یەک مافی هەیە، ئەویش ئەوەیە کە نۆکەرو کۆیلە بێ). ئەم وتانە لە ڕۆژنامەی (میللیەت) بڵاوکراونەتەوەو هەر کەسێک بیەوێ، بەئاسانی دەتوانێ دەقەکەی چنگ کەوێ. ئەم وتانە، بۆ 83 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێنەوە. لەسەردەمێکدا وتراون کە هێشتا دیموکراسی لە تورکیا دەرنەکەوتبوو و سیستمی سیاسی لەسەر بنەمای حوکمڕانیی تاک حزبی دامەزرابوو و تەوژمی ڕەگەزپەرستی و شۆڤێنیزم و دژایەتی کردنی کورد باڵی بەسەر دەوڵەت و کۆمەڵگادا کێشابوو. بۆیە دەکرێ لەچوارچێوەی سەردەمی خۆیان و وەک بەشێک لە مێژووی شۆڤێنیزم تەماشا بکرێن.
لەباری سەرنجی ڕیالیزمەوە، تەنانەت کەس داوای لە جەهەپە نەکردووە لەسۆنگەی ئەم وتانەی 83 ساڵ لەمەوبەری وەزیری دادەوە داوای لێبوردن بکات یاخود لانی کەم ڕەخنە لە ناوەرۆکی وتەکان بگرێ. بەڵام پارو ئەمساڵ دوو ڕووداو دەریانخست کە جەهەپەی 83 ساڵ لەمەوبەر هەمان جەهەپەی ئەمڕۆیە. ساڵی پار سەرۆکی جەهەپە، کەمال کلیجدار ئۆغلۆ، باخچەیەکی لە کوساداسی بەناوی مەحمود ئەسعەد بەگ بوزکورتەوە کردەوەو پەردەی لەسەر پەیکەرێکیشی لادا. ئەم مانگەش پەڕڵەمانتار لەسەر لیستی جەهەپە، خانم بیرکول ئەیمەن گیلەر، لەناو پەڕڵەمان دژی یەکسانیی کورد و تورک قسەی کردو بانگەشەی بۆ ئەوە کرد کە ناکرێ بەیەک چاو تەماشای کورد و تورک بکرێ.
بۆچوونەکەی خانم گیلەر پاساوی بابەتییانەی بەهێزی نییە. هاندەری بۆ دەربڕینی ئەم بۆچوونە، پەیوەندیی بەوەوە نییە کە ئەنکەرە بەنیازە مافەکانی کورد بسەلمێنێ، بەڵکوو زۆرتر پەیوەندیی بەوەوە هەیە کە پەڕڵەمان گفتوگۆی لەسەر یاسایەک کردووە لێ دەگەڕێ کوردێک، کە تورکی نازانێ، لە دادگا بەزمانی خۆی بەرگری لەخۆی بکات.
پارتی دادو پەرەپێدان وەک ئەوەی هەنگی لەداردا دۆزیبێتەوە، وتەکانی خانم گیلەری قۆستەوەو ڕەهەندە شۆڤێنیستییەکانی ناو جەهەپەی شەرمەزار کرد. خودی #ئەردۆغان# لە لێدوانێکدا لە ئێستانبول وتی (هەر کەسێک بەڕەچەڵەک و خێڵەوە بنازێ، کەسێکی تا بڵێی سووک و چروکە). ڕۆژنامەی (هورییەت دەیلی نیووز) لەپەراوێزی ئەم لێدوانەی ئەردۆغان، نووسیویەتی (ئەگەرچی وتەکانی ئەردۆغان زۆر توندن، بەڵام گوزارشت لەئەندێشەیەکی بنەڕەتی دەکەن کە خەڵکانی پێشکەوتنخواز لەسەری هاوڕان). نووسەری وتارەکەی هورییەت دەیلی نیووز، سەمیح ئایدیز، کەزۆرتر دژی ئەردۆغان و سیاسەتەکانی دەنووسێ، ئەم جارە هیچ بیانوویەکی بۆ هێرش کردنە سەر ئەردۆغان بەدەستەوە نەبوو، بۆیە هەر ئەوەندەی لەدەست هات بنووسێ (ئەردۆغان ساغی کردەوە کە لێبڕاوانە دژایەتیی شۆڤێنیزم دەکات).
خانم گیلەر بەم وتانەی هیچ خزمەتێکی حزبەکەی خۆی نەکردووە. سەرباری ئەوەی کەبۆتە مایەی لەکەدارکردنی ناوبانگی حزبەکەی، کێشەشی بۆ درووست کردووەو بۆتە هۆی ئەوەی کە پەڕڵەمانتارە کوردەکانی سەر بەلیستی جەهەپە بیر لەدەستلەکارکێشانەوە بکەنەوە. لانی کەم تائێستا دوو پەڕڵەمانتاری کورد وازیان لە جەهەپە هێناوە، یەکێکیان نوێنەری ئادیامانەو ئەوی تر نوێنەری ماردینە لقی ئامەدی جەهەپەش ناچار بوو کۆبوونەوەی نائاسایی بۆ تاوتوێ کردنی وتەکانی خانم گیلەر بکات.
بەدڵنیاییەوە خانم گیلەر پێی خۆش نییە پێی بوترێ شۆڤێنی و بۆ ڕوونکردنەوەی هەڵوێستی خۆی کۆنفرەنسێکی ڕۆژنامەوانیی بەست و بەرگریی لەخۆی کرد. لەکۆنفرەنسەکەدا جگە لەوەی کەهیچ ئاماژەیەکی بۆ ئەوە نەکرد کە ئامادەیە داوای لێبوردن لە هاووڵاتییە کوردەکانی بکات، گوزارشتی لەوەش کرد کە ئەو چاوەڕێیە هەموو ئەوانەی تۆمەتی شۆڤێنیزمیان خستۆتە پاڵ، داوای لێبووردنی لێ بکەن.
بیریل دید ئۆغلو لە ڕۆژنامەی (تودەیز زەمان) نەیشاردەوە کە دیاردەی شۆڤێنیزم لەناو ژمارەیەکی زۆری سیاسەتمەدارانی تورکیا هەیە و ئەوەی بەبیر هێنایەوە کە لە تورکیا شۆڤێنیزم بەیاسا قەدەغە کراوە، کەچی کەس لەسۆنگەی ئەم تاوانە سزا نەدراوە.
بەڵام سەرەڕای هەموو شتێک، وتەکانی خانم گیلەر بێ سوود نەبوون. لانی کەم ئێستا دەزانین شۆڤێنیزم لە تورکیا ددانی هەیە و دەتوانێ بگەزێ.[1]