#فەرید ئەسەسەرد#
بڕیاری خوێندنی #زمانی کوردی# لە تورکیا، لەناو کوردەکانی باکوور مشتومڕێکی زۆری نایەوە. سەرەڕای گرنگیی بڕیارەکە، کە بە ناوەرۆک داننانێکی ناڕاستەوخۆیە بەزمانی کوردی، ڕەنگە ناساندنی وەک هەنگاوێکی (مێژوویی) زێدەڕۆییەکی زۆری پێوە کرابێ. بۆ ئەوروپییەکان، بڕیارەکە مایەی بەختەوەری بوو. پیتەر ستانۆ بە ناوی یەکێتیی ئەوروپاوە ڕایگەیاند کەپشتیوانی لە هەموو بڕیارێک دەکا ببێ بەمایەی دەستەبەرکردنی مافی کەمینەکان و پاراستنی کەلتوریان.
کێشەی بڕیارەکە ئەوەیە کەهێشتا زۆری ماوە پێداویستییەکانی کورد لەبواری فێرکاریدا دابین بکات. بەکردەوە، جیاوازییەکی زۆر لەنێوان خوێندن بەزمانی کوردی کەداوای کوردەکانی باکوورەو لەنێوان خوێندنی زمانی کوردی هەیە. ئەوەی کە دەوڵەت بۆ کوردی سەلماندووە، لە هەموو ئەوروپا کاری پێ دەکرێ و ڕەوەندە کوردەکانی ئەوروپا لەو شوێنانەی کەژمارەیەکی بەرچاو پێکدێنن، دەتوانن داوا بکەن دەوڵەت پێداویستیەکانی خوێندنی زمانی کوردی بۆ منداڵەکانیان دابین بکات. مەسەلەی خوێندنی زمانی دایک پێشینەی خۆی هەیە. ئەم مەسەلەیە لە ڕوسیای پاش شۆڕشی ئۆکتۆبەری ساڵی 1917 وروژێنرا و لەئاکامدا مافی خوێندنی زمانی دایک بۆ کەمینەکان سەلمێنرا.
بڕیارەکەی تورکیا، بە بەراورد لەگەڵ مێژووی خوێندن بە زمانی کوردی لە ئێڕاق، زۆر دواکەوتووە. لە ئێڕاقی پێش بەیاننامەی ئازاری ساڵی 1970، شەش ساڵی قۆناغی یەکەمی خوێندن لەساڵانی سییەکانەوە بە کوردی بووە و ئەمەش دەرفەتێکی وای پێکهێنا کە منداڵانی کورد لە تەمەنی 7 تا 12 ساڵیدا، پاشخانێکی گرنگی کەلتوری زمانی دایکیان هەبێ، لە کاتێکدا بڕیارەکەی تورکیا جگە لەوەی کە لەهیچ قۆناغێکدا خوێندن ناکا بە کوردی، لە پۆلی پێنجەمدا مافی خوێندنی زمانی کوردی بەشێوەیەکی ئارەزومەندانە دەسەلمێنێ. ئەمە بەم مانایە دێ کە خوێندکارەکان لە تەمەنی 10 ساڵیدا بۆیان هەیە زمانی دایک بخوێنن، ئەویش بەدوو مەرج. یەکێکیان، ئەگەر ویستیان زمانی دایک بخوێنن، چونکە بڕیارەکە ئارەزوومەندانەیە، دووەمیشیان، ئەگەر ژمارەیەکی بەرچاوی داواکار هەبێ.
ئەنکەرە واتێدەگا بەم هەنگاوە کورد لەخۆی نزیک دەکاتەوە و لە پەکەکە دووری دەخاتەوە، بەڵام دەشێ پەکەکە بۆ دوورخستنەوەی کورد لەئەنکەرە، زۆرتر سوود لەم بڕیارە وەرگرێ، چونکە بڕیارەکە دەرفەتێکی گونجاو بۆ نەیارانی ئەنکەرە پێکدێنێ تا بتوانن پڕوپاگەندەکانیان لەدژی چڕ بکەنەوەو وای نیشان بدەن کە ئەنکەرە دوودڵە لەهەنگاونان بەرەو سەلماندنی مافە ڕۆشنبیرییەکانی کورد، لەوانە مافی خوێندن بەزمانی کوردی.
لەهەمووی خراپتر ئەوەیە کە ئەنکەرە بڕیارەکەی کردۆتە هاوتای بڕیاری خوێندنی قورئان وەک وانەیەکی ئارەزوومەندانە لەخوێندنگاکاندا. ئەگەرچی هەردوو بڕیار پێوەندییان بەدوو مەسەلەی جیاوازەوە هەیە، بەڵام هاوزەمانیی دەرچوونیان بۆتە مایەی لێکدانەوەی خراپ.
کوردەکان هەڵوێستی توندیان بەرانبەر بەبڕیارەکە دەربڕی. سەرۆکی دووەمی بەدەپە، گولتین کیچک، بڕیارەکەی وا ناساند کەهەوڵێکە بۆ (تواندنەوەی)کورد. لێدوانەکەی کیچک نموونەی زاڵبوونی توندڕەوییە بەسەر بیرکردنەوەی کوردی باکووردا، چونکە خاوەنەکەی ناتوانێ ئەوە ڕوون بکاتەوە کەبۆچی دەبێ سەلماندنی خوێندنی زمانی دایک بە(تواندنەوە)بچووێنرێ. بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کەبڕیارەکە شایستەی ڕەخنەلێگرتن نییە. ناوەرۆکی زۆربەی لێدوانەکان لەم ڕووەوە لەدەور و خولی ئەوە دەسوڕێتەوە کە کورد پێویستی بەشتێکی زۆرتر لەخوێندنی زمانی دایک هەیە و ڕاشکاوتر پێویستی بەخوێندنە بەزمانی دایک.
تەنانەت ئەم بڕیارەش کە کورد بەکرچ و کاڵی دەزانێ، بەدڵی ناسیۆنالیستەکانی تورک نییە. دەوڵەت باخچەلیی سەرۆکی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) بڕیارەکەی بە(سەرەتای پارچە پارچە کردنی تورکیا لەسەر بنەمای ڕەگەز)ناو برد.
ئەگەر بەنیەتێکی پاکەوە سەیری بڕیارەکە بکرێ، دەبێ هیوا لەسەر ئەوە هەڵبچنرێ کەئەم هەنگاوە بچووکە هەنگاوی گەورەتری بەدواوە بێ. بەڵام کێشەکە لەوە دایە کەبەم هەنگاوە بچووک بچووکانە، زۆر درەنگ دەگەینە کۆتایی ڕێ و کەسیش گەرەنتیی ئاکامەکانی پێ ناکرێ.[1]