#عەبدولڕەحمان سدیق#
ئەو ناونیشانەی سەرەوە پرسیارێکی ڕەوایە و پێویستە ئاڕاستە بکرێت بۆ وڵاتانی زلهێز بەگشتی و وڵاتانی ئیسلامی بەتایبەتی و بەتایبەتتریش ئەو وڵاتە ئیسلامییانەی کە کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە، چونکە خودای گەورە لە قورئاندا و لە باسی سوپاکەی سولەیمانی پێغەمبەردا (سەلامی خودای لەسەر) لە ئایەتی (18)ی سوورەتی (النمل)دا دەفەرموێت: (حتی إذا أتوا علی واد النمل)، واتە: کاتێک گەیشتنە دۆڵی مێروو..
ئەوەی لێرەدا مەبەستمە ئەوەیە کە خودا شوێنی گردبوونەوەی مێرووەکانی ناو نا: (وادی النمل)، واتە لەبەر بوونی مێرووەکان لەوێدا، خودا ئەو دۆڵەی بە ناوی مێرووەکانەوە ناونا، بۆیە بوو بە مێرووستان.
سەیر لەوەدایە ئەو وڵاتە ئیسلامییانەی کە کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە، کە ملیۆنەها کوردیان تێدان، کەچی پێیان ناخۆشە و لایان قبووڵکراو نییە بە شوێنی کوردان بڵێن کوردستان، لە کاتێکدا:
یەکەم: کوردبوون ناسنامەی نەتەوەیی گەلێکە کە خودا ڕێگەی بە بوون و بەردەوامبوونی داوە، وەک هەر ناسنامەیەکی نەتەوەیی دیکەی گەلانی جیهان. کوردبوونمان بژاردەیەکی خوداییەو مافی ئەوەی نەداوینەتێ تا بیگۆڕین، بەڵام باوەڕداربوونمان بە هەر ئایینێک بژاردەی ئازادانەی خۆمانە.
دووەم: هەڵبژاردنی (دەنگ) و (رەنگ)ی هەر نەتەوەیەکیش لە قورئاندا خراوەتە پاڵ نیشانەیەکی دیکەی باڵادەستیی خوای گەورە، کە درووستکردنی ئاسمانەکان و زەوییە، وەک بڵێی سڕینەوەی (دەنگ) و (رەنگ)ی هەر نەتەوەیەک وەک هەوڵدان بێت، بۆ سڕینەوەی ئاسمانەکان و زەوی، کە ئەمەش ئەوپەڕی وەستانەوەیە لە دژی ئیرادەی خودای گەورە.
سێیەم: نیشتمان و زێدی باب و باپیران لەلای هاووڵاتیان هەمیشە خۆشەویستەو مرۆڤ هیوای هەموو خێر و خۆشییەک بۆ نیشتمانی خۆی دەخوازێت، ناچاریش نەبێت، یان ناچار نەکرێت، زەحمەتە نیشتمانی خۆی بەجێ بهێڵێت، هەر کاتێکیش مرۆڤ لە نیشتمانی خۆی دەربکرێت، ئەوا هەموو ساتێک گەڕانەوە بۆ وڵات بە ئاوات دەخوازێت.
هەر لێرەوە موژدەیەکی گەورە هەیە بۆ هەموو ئەوانەی کە لەسەر خاکی خۆیان دەردەکرێن، کە ڕۆژێک دادێت بە ژوانگە و نیشتمانی خۆیان شاد ببنەوە، چونکە خودای گەورە ناوی ئەو شوێنەی کە مرۆڤ تیایدا لە دایک دەبێت بە (معاد) ناو دەبات، واتە ئەو شوێنەی کە دەرکراوانی بۆ دەگێڕێتەوە.
چوارەم: ئەوە ویستی خودایە و ئیرادەی خودایە کە هەر مرۆڤێک لە شار و شارۆچکە و گوندێکی دیاریکراودا لە دایک دەبێت، بۆیە خۆشویستنی نیشتمان خواکردە، ئەوانەش کە خەڵکی لەسەر خاک و ماڵی خۆیان دەردەکەن، تاوانێکی گەورە بەم کارەیان ئەنجام دەدەن و، خۆیان لە قەرەی کارێک دەدەن، کە خودای گەورە حەرامی کردووە.
پێنجەم: چونکە گەلی بێ خاک و نیشتمان، گەلێکی ڕوو لە مردنە، بۆیە دەرچوونی خەڵک لە خاکی خۆی یانی هەڵبژاردنی مردن، بۆیە بێنیشتمانکردن و دەرکردنی خەڵکی لە خاکی خۆی، بەرانبەرە لەگەڵ کوشتنی ئەو کەسەدا، وەک بڵێی چ کوشتنی هاووڵاتی، یان دەرکردن لە خاکی خۆی.
شەشەم: خودای گەورە داوامان لێ دەکات هەمیشە دۆستایەتی و برایەتی لەگەڵ ئەوانی دیکەدا بکەین، بەڵام لەیەک حاڵەتدا پێی گوتووین، لەگەڵ هەندێک کەسدا دۆستایەتی نەکەین، ئەوانیش ئەوانەن کە دەیانەوێت شەڕی دینمان لەگەڵدا بکەن، یان دەیانەوێت لە خاکی خۆمان وەدەرمان بنێن.[1]