#عەبدولڕەحمان سدیق#
زۆرجار دەگەمە ئەو بڕوایەی کە ئایین و، تێگەیشتن لە ئایین و، ئایینپەروەران لە سەردەمانی ڕەسەنایەتیی کوردەواری و، پێش تێکەڵبوونی بەکولتووری هاوردەکراوی گەلانی دەوروبەر، زۆر کراوە و سنگفراوان و ئازاد بوون.
زۆربەشمان لەوانەیە کۆک بین لەسەر ئەوەی کە لەهەموو سەردەمێکدا زانا و ئایینپەروەران لەنێو کۆمەڵگەدا ئامادەییان هەبووە، وەڵامی پرسیارەکانی سەردەمی خۆشیان داوەتەوە، بەڵام بەداخەوە هەندێک تاک و کۆی ئەم سەردەمە، تەنیا بەوەوە ناوەستن کە لیستی قەدەغەکراوەکان درێژ بکەنەوە، بەڵکوو زۆرجاریش دێن و شتانێکیش قەدەغە دەکەن کە لە سەردەمانێکی پێش ئێستا ڕێپێدراو و ئاسایی بوون.
ڕۆمانێک دەیان ساڵ پێش ئێستا نووسراوە، کەچی ئێستا هەندێک لەتوندڕەوانی ئایینی داوای قەدەغەکردنی دەکەن، پەڕتووکێک پێش دەیان ساڵ چاپ کراوە، کەچی ئێستا هەندێک کەسانی دەمارگیر لە دژی دەوەستن، وەک بڵێی دەیان ساڵ لەمەو بەر زانایەک، یان ئایینپەروەرێک نەبووبێت و ئەو نووسراوانەی نەدیبێت.
لە هەزاران ساڵ لەمەو بەرەوە، ئەهرامەکان و باخچە هەڵواسراوەکان و زۆر پەیکەری دیکە هەبوون و بەدرێژایی سەردەمانی فەرمانڕەوایی ئیسلامییش هەر ماونەتەوە، کەچی لەم سەردەمەدا هەندێک قاعیدە فکر و هەندێک تاڵیبان هزر پەلاماریان دەدەن، وا دەزانن زانایانی سەدان ساڵ لەمەوبەر ئاگایان لەم پەیکەرانە نەبووە و نەیان دیوە.
جۆرێکی جلوبەرگی گەلان سەدان ساڵە لەنێو کۆمەڵگەدا بوونی هەیە و ئایینپەروەرانی پێش ئێمە هەر باسیشیان لێوە نەکردووە، کەچی ئێستا هەندێک داوای قەدەغکردنی دەکەن.
دەمەوێ ئەوەش بڵێم، کە زۆرن ئەو کەسایەتیی و ڕێکخراوە ئایینییانەی لە ڕووی تیۆرییەوە باس لە کرانەوە و سنگفراوانی دەکەن، کەچی لە واقیعدا بەداخەوە زۆر داخراو و تەنگەنەفەسانە مامەڵە دەکەن، ئەم جۆرە کەسانەش بەسەر هەموو ڕێکخراوەکاندا دابەش بوون و تەنانەت موسڵمانی داخراو و تەسکبین لەنێو ڕێکخراوی عەلمانیشدا بوونی هەیە.
بۆیە لە عەیبە هەرە گەورەکانی کاری ئایینیی ئەوەیە، کە ئایینپەروەران بچنە نێو وردەکاریی ژیانی تاکەکانی کۆمەڵگەوە، لە کاتێکدا خودی ئایین کۆمەڵێک هێڵی پان و گشتی دەدات و لەپێناوی هێشتنەوەی جیاوازییەکان و پێکەوەژیانی ئاشتییانە وردەکارییەکان بۆ ڕۆژگار و شوێن و مرۆڤەکان خۆیان بەجێ دەهێڵێت.
لێرەوەیە هزری سەپاندن و زۆرەملێ جۆرێکە لە دیکتاتۆرییەت و کەسێک بەرهەم دەهێنێت کە حەز دەکات لە گشت ڕووبەر و پانتاییەکی ژیاندا خۆی فەرز بکات، دیکتاتۆرییەتی ئایینییش کە لە هەڵسوکەوتی هەندێک تاکی نێو کۆمەڵگەدا بەدی دەکرێت، جۆرێکی دیکەیە لەو تاکڕەوییەی کە دەیەوێت هەموو دنیا بەو ڕەنگە بنەخشێنێت کە خۆی پێی جوانە، ئەو ڕووبەر و پانتاییەش داگیر بکات کە خودی ئایین بۆ خەڵکی بەجێ هێشتووە.
جا لەپێناوی پاراستنی کۆمەڵگەی کوردی لە هەر هزرو بیرێکی ئایینیی نامۆو توندڕەو، زۆر گرنگە بەردەوام بە میکانیزمی بەیەکگەیشتن بۆ لەیەکگەیشتن، بەدروشمی: پرد درووست بکە دیوار درووست مەکەن، کولتووری پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی بپارێزیت.
کولتووری پێکەوەژیان پێویستە لەگشت بوارەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت ئەدەب و هونەریشدا ڕەنگ بداتەوە، هەر لەم بوارەشدا و بۆ ئەم مەبەستە ساڵی 2017 هۆنراوەیەکم بەناونیشانی پێکەوەژیان دایە بەڕێوەبەرایەتیی پێکەوەژیانی ئایینی لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان، کەبەڵێنی ئەوەیان دا، بیکەنە سرودێک بۆ پێکەوەژیان، پێم باشە لێرەدا دەقی هۆنراوەکە بخەمە بەر دیدی خوێنەرانی ئازیزی گۆڤاری گوڵان:
پێکەوەژیان
ئەگەر کوردی، یان عەرەبی، یان هاووڵاتیی تورکومانی
گەر ئەرمەنی، یان ئاشووریی، سریانی یاخود کلدانی
گەر موسڵمانی یان ئێزدیی، ئەگەر جووی، یان کریستیانی
گەر سابیئەی، یان بەهائی، زەردەشتیی یاخود یارسانی
گەر کاکەییت، یان شەبەکی، یاخود لەفەیلی کوردانی
هەرچی دی بیت تۆ ئازادی، هەر هاووڵاتی کوردستانی
لەجاڕنامەی گەردوونیدا، بۆ مافی وەک یەکی ئینسان
یان لە یاسای پاراستنی، مافی هەموو پێکهاتەکان
بۆ قەبوڵکردنی یەکدی و، بۆ تەبایی و پێکڤەژیان
مافت هەیە وەک مافی ئەو، بۆ بوون و خوێندن و زمان
کەس بۆی نییە جیاکاریی کا، یا توندوتیژیی، یا تۆقان
مافی خۆتە لە کوێ دەبیت، لەنیشتەجێبوون و گەڕان
ئێرە خاکی کوردستانە، مێرگی ئازادیی بیروڕا
لانکەی پاش تۆفانی نوحە، لە تاریکیی بوو بە چرا
هەر لەدێرین زەمانەوە، مزگێنی ئاشتیی تیا درا
هێمای هەموو گەلانێک و، ئایینێکی تیا هەڵکرا
بەڕێزگرتن لە جیاوازیی، دەژین هەمووان وەکوو برا
وەک تاک و کۆ، تۆش وەک هەموان، با بتبێ ناوی ئاشکرا.[1]