#عەبدولڕەحمان سدیق#
ساڵانێکە دەڵێم: ئێمەی کورد پێویستیمان بە وتارێکی کوردستانییانەی ئایینی هەیە، کە وتاریش بەرهەمێکی کەڵەکەبووی کۆ بێت لە بوارێکدا، بە زمانێک، لە زەمین و زەمانێکدا، ئەوسا بووژاندنەوەی وتاری ئایینی کوردی کە عاریفانی پێشینی کورد بناغەکەیان داناوە، بە چەمکە جوانەکانی تێگەیشتنی کوردانەیان لە ئایین، ئەوە دەبێتە ئەرکێکی لەپێشینەی ئەم سەدەیەمان لەم نیشتمانەدا.
ئێستا ئەگەر سەرنجێکی خێرا بدەین لە هەندێک لایەنی ئەو وتارە ئایینییەی پێشینانی کورد، دەبینین ئەم سیفەتە جوانانەی لەخۆ گرتووە، چونکە گوزارشتە لە ئیسلامێکی کوردی و تێگەیشتنێکی کوردانە لە ئایین، بۆیە وتاری ئایینیی پێشینانی کورد:
1. وتارێکی جوانخوازییە:
مامۆستا سەجادی دەڵێت: مەلای جزیری سەر دەفتەری شیعری تەڕی ئەوینی خوداییە و خاوەنی دڵێکی زیندووە.
مەلای جزیری دەڵێت: کەسێ یوسف فرۆتی، وی د عالەمدا، خەسارەت کر.
یان دەڵێت: مە ژ بل حوسن و جەمالێ چ غەرەز؟
یان دەڵێت: حوسن و جەمالێ خواست ئەڤین..
دواتر دەڵێت: وەر شیعرێ مەلێ ببینە تە ب شیرازی چ حاجەت؟
2- وتاری کۆکردنەوەی گوفتارو ڕەفتارە، وتاری کارخوازییە:
بڕوانە مەحوی کە دەڵێت:
لەگەڵ ئەم عیلمە مەحوی، داغداری جەهلە تۆ تەوفیق
تەبیبی بۆ مەریزی دەردی عیلمی بێعەمەل چارێ
3-وتارێکی پاکخوازە: بەدیعوززەمان سەعیدی کوردی لە (پاشبەندەکان)دا دەڵێت: خزمەتی ئیمان و حەقیقەتەکانی لەهەموو شتێکی ناو گەردوون گەورەترن و نابن بە ئامراز بۆ هیچ شتێک.
یان مەحوی دەڵێت:
قسە گەر عیقدی گەوهەر بێ غەرەز دەیکا بەخەر موهرە
چ بوغزێکت لەوەعزایە واعیز وا پڕ لە ئەغرازی
4. وتارێکی چاکەخوازە: وەک شێخ عەبدولڕەحمانی خاڵیس کە لە 1858 زایینیدا کۆچی دوایی کردووە، حاجی قادری کۆیی لەبارەیەوە دەڵێت: شێخ عەبدولڕەحمانی خاڵیس غەوسی سانی بووە.
مامۆستا (عەبدولکەریمی مودەڕیس)یش دەڵێت: سەردەمی شێخ عەبدولڕەحمانی خاڵیس سەردەمی زێڕین بووە.
شێخ عەبدولڕەحمانی خاڵیس دەڵێت: بەجێگەیاندنی دڵی شکستە، کاری مەردانە.
(پیرەمێرد)یش دەڵێت:
ئەوەی بەچاکەی خۆی خۆشیان دەوێ
دەستگیری زۆرە ئەگەر بشکەوێ.
5- وتارێکی مرۆڤدۆستە: وەک کاک ئەحمەدی موفتیزادە دەڵێت: سوێند بەخوا ئامادەم لە تەواوی عومرم ئەزیەت و ئازارو ئەشکەنجە بچێژم، بەو شەرتەی کە تەواوی بەندەکانی خوا بەختەوەر بن.
هەروەها دەڵێت: خودایە لەسەر من هیچ بەندەیەک عەزاب مەدە.
6- وتارێکی ناخ دوێنە: وەک مەولەوی دەڵێت:
پەی چێش مەیل لەیل پیریش مەحاڵەن
سەنەی باڵغیش سەد هەزار ساڵەن
7- وتارێکی نەتەوەخوازە: وەک شێخ محەمەدی خاڵ، کە تا ڕادەی خواپەرستیی باوەڕی بە کوردایەتی هەبووە.
یان کاک ئەحمەدی موفتیزادە کە دەڵێت:
نیشتمان ئەی بەربەیانت ڕۆشنیی ئیمانمە
نیشتمان ئەی ئێوارانت خەڵوەتی عیرفانمە
8- وتارێکی نوێسازە: وەک ئیبراهیمی مەردۆخی خاوەنی (تیشکێ لەقورئانی پیرۆز) دەڵێت: کاک ناسری سوبحانی بەهەر نووسەرێکی ئایینی دەگوت: ئەگەر تازەت پێیە بنووسە، ئەگەر نا، پەڕتووکخانەکان بە شتی کۆن پڕ مەکەرەوە.
9- وتارێکی هونەردۆستە: وەک مینۆرسکی دەڵێت: دوو کەس دیارن لە ئەدەبیاتی ڕۆژهەڵاتدا، یەکەم ئەبولقاسمی فیردەوسی، دووەم سەید عەبدولڕەحیمی مەولەوی، بۆیە مەولەوی لە ساتەوەختی بینینی شاییەکدا کە نەبات ناوێک و فەرەج ناوێک بە جیا گۆرانییان بۆ ئافرەتان و پیاوانی نێو شاییەکە گوتووە، دەڵێت:
لە سەدای نەبات لە چریکەی فەرەج
لەسەر مەلا و شێخ نەماوە حەرەج
10- وتارێکە دوورە لە ڕیا: وەک وەفایی دەڵێت: نوێژێکی گێژو وێژ بێ، بە ڕیاو دوور و درێژ بێ..موشکیل ئەو پووشە وشکە، بێتە مایەی نەجاتم
11- وتارێکی عەقڵانیی دوور لە خورافاتە: وەک مەلای گەورە دەڵێت: عیسا لە ئاسمان مەهدی لەناو بیر..ئیشمان شلۆقە یاران چ تەدبیر؟
12- وتاری ڕووخۆشی و خەندە بەخشە:
وەک دەبینین کە مامۆستا عەلائەددین سەجادی لە (رشتەی مرواری)یدا سەدان نوکتەی کوردەواری کۆکردووەتەوە.[1]