ناو: بەهجەت
ناوی باوک: عەبدولخالق عەبدولقادر
ساڵی لەدایکبوون: 1917
ساڵی کۆچی دوایی: 1980
شوێنی لەدایکبوون: #ئاکرێ#
شوێنی کۆچی دوایی: وڵاتی ڕووسیا
$ژیاننامە$ بەهجەت عەبدولخالق عەبدولقادر لە ساڵی 1917 لە شارۆچکەی #ئاکرێ#ی سەر بە پارێزگای #دهۆک# لەدایکبووە. لە یەکێتی سۆڤیەت خوێندوویەتی، ساڵی 1953 بەشداریی خولی میکانیکی کردووە. ساڵی 1954 گواستراوەتەوە بۆ شاری تاشکەند بۆ بەشداریکردن لە خولی دارتاشی و کەلوپەلی کارەبایی. ساڵی 1954 لە کارگەی دارتاشی ژمارە 682 بەشی 9 دامەزراوە و لە هەمان ساڵدا بووەتە دارتاشی پلە 3 و ساڵی 1955 بووەتە دارتاشی پلە 4. ساڵی 1956 گواستراوەتەوە بۆ قوتابخانەی تەحەسیبە و خولی نەفت لە باشکیریا. ساڵی 1957 گواستراوەتەوە بۆ کارگەی دارتاشی- بەشی 55 لە تاشقەند. لە ڕێکەوتی 5 ئاداری 1958 بڕوانامەی ئەندازیاری پیشەسازی و کشتوکاڵی لە ڤریڤسکی ئۆزبەکستان وەرگرتووە. ساڵی 1979 بە فەرمانبەر لە دەزگای تراکتۆر و هەناردەکردن بە وەرگێڕ دامەزراوه. هەردوو زمانی کوردی و ڕووسی زانیوە. ساڵی 1980 خانەنشین کراوە و هەر ئەو ساڵە کۆچی دوایی کردووە.
$خەباتنامە$
دوای گەڕانەوەی جەنەڕاڵ #مستەفا بارزانی# لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دوای ئەوەی بڕیاردەدات بچێتە یەکێتی سۆڤیەت، بارزانی کردووە بەرەو یەکێتی سۆڤیەت و لە شەڕی گەلی قتور و شەڕی پردی ماکۆ بەشدارییکردووە و دوای سەختی و ماندووبوونێکی زۆر، لە 18ی حوزەیرانی 1947 لە ڕووباری ئاراس کە دەکەوێتە سنووری نێوان ئێران و یەکێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە 19ی حوزەیرانی 1947 لەگەڵ گشت هەڤاڵانی لە شاری نەخچەوانی کۆماری ئازەربایجان بۆ ماوەی چل ڕۆژ لە کۆمەڵگایەکی سەرئاوەڵا کە بە تەلی دڕکاوی دەورەدرابوو، دانران و لەلایەن کۆمەڵێک سەربازەوە پاسەوانییان لێدەکرا و لە ڕووی خۆراک و پۆشاک و هاتوچۆوە وەکو دیلی شەڕ مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە. دواتر لەسەر بڕیاری حکوومەتی سۆڤیەت بەسەر ناوچەکانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر لە کۆماری ئازەربایجان دابەشکران. لە 10ی کانوونی یەکەمی 1947 گواستراونەتەوە بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریای خەزەر لە باکۆی پایتەختی کۆماری ئازەربایجان و لە ڕێکەوتی 23ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سەربازییان پێدراوە و بە سەرپەرشتی ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجان ڕۆژانە هەشت کاتژمێر مەشقی سەربازییان پێکراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردییان پێگوتراوەتەوە.
پاش مامەڵەی خراپی جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانی، بارزانی بڕیاردەدات کەمپە سەربازییەکەی لە 29ی ئابی 1948 لە کۆماری ئازەربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ کۆمەڵگای چرچوک لە نزیک تاشقەندی پایتەختی کۆماری ئۆزبەکستان و لەوێش لە مەشقی سەربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری 1949 لەگەڵ هەڤاڵانی بەشێوەی دەستە و تاخم بە شەمەندەفەر بەسەر گوندە هەرەوەزییەکانی یەکێتی سۆڤیەتدا دابەشکران و لە کێڵگەی کۆلخۆزەکان (ئەو زەویانەی خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشی حکومەتیان دەدایەوە) کاریان دەکرد.
دوای هەوڵێکی زۆر و ناردنی چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانی باسی دەردەسەرییەکانی هەڤاڵانی خۆی تێدادەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیاری پێکهێنانی لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخی هەڤاڵانی بارزانی و دواجار بڕیاری لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شاری ڤریڤسکی کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووەمی 1951 دەچێتە شاری ڤریڤیسکی لە سۆڤیەت. لەوێ گواستراوەتەوە بۆ ساڵخوزی ژمارە 9 بەشی 2 لە لیوای تاشقەند.
دوای شۆڕشی 14ی تەموزی 1958 لە ئێڕاق و گەڕانەوەی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، لە 25ی شوباتی 1959 و بەپێی هەردوو ماددەی سێیەم و حەوتەم و بڕگەی (أ) لە ماددەی دەیەم و کارکردن بە ماددەی (11) بە پشت بەستن بە یاسای هەموارکراوی ژمارە 19 لە ساڵی 1959 دا، خۆی و هەڤاڵانی بەر لێبوردنی گشتی کەوتوون.
لە 16ی نیسانی 1959 لەگەڵ هەڤاڵانی بە کەشتی گرۆزیا لە ڕێی بەندەری بەسرەوە لە باشووری کۆماری ئێڕاق گەڕاوەتەوە کوردستان.[1]