ناو: بابەکر
نازناو: بابەکر محەمەد
ناوی باوک: محەمەد زوبێر
ساڵی لەدایکبوون:1920
ساڵی کۆچی دوایی: 2003
شوێنی لەدایکبوون: #هەسنێ#
شوێنی کۆچی دوایی: #هەسنێ#
$ژیاننامە$
بابەکر محەمەد زوبێر ساڵی 1920 لە گوندی هەسنێ لە شارۆچکەی #مێرگەسۆر# لە پارێزگای #هەولێر# لەدایکبووە. لە یەکێتی سۆڤیەت خوێندوویەتی و لە بەشی کشتوکاڵ بڕوانامەی پەیمانگای بەدەستهێناوە. هەر لە یەکێتی سۆڤیەت ژیانی هاوسەری لەگەڵ شوکریە یوسف پێکهێناوە و کوڕێکیان بە ناوی زوبێر بابەکر هەبووە کە لە ساڵی 1959 لەدایکبووە، کچێکیشیان هەبووە بە ناوی هەدیا. خێزانەکەی لە نەتەوەی تاتارەکانی نیمچە دورگەی قرم لە (کۆماری ئوکرانیا)یە. لە 12ی حوزەیرانی 1963 تا 20ی کانوونی یەکەمی 1963 شوکریە یوسف لەگەڵ دوو منداڵەکەی لە هەولێر لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە بە تۆمەتی ئەوەی کە هاوسەرەکەی یاوەری #مستەفا بارزانی# و پێشمەرگە بووه، دەستبەسەر دەکرێت و خراوەتەوە بەندیخانه، دوای بەربوونی لە زیندان لە گەڕەکی ئیسکان و دواتر لە گەڕەکی سەیداوە نیشتەجێ دەبێت و لە ژێر چاودێری پیاوانی حکومەت بووە و دواتر دەگەڕێتەوە یەکێتی سۆڤیەت.
دوای گەڕانەوەی لە یەکێتی سۆڤیەت، بابەکر محەمەد ساڵی 1959 لە فەرمانگەی کشتوکاڵی هەولێر بە ڕێنیشاندەری کشتوکاڵی دادەمەزرێت. بەهۆی بەشداریی لە شۆڕشی ئەیلوولەوە لە پیشەکەی دادەبڕێت، بەڵام ساڵی 1971 دوای ڕێککەوتننامەی یازدەی ئازار گەڕاوەتەوە سەر پیشەکەی خۆی. ساڵی 1972 تا 1975 وەک ڕێنیشاندەری کشتوکاڵی دەگوازرێتەوە بۆ فەرمانگەی کشتوکاڵی بارزان. هەر سێ زمانی کوردی و ڕووسی و فارسی زانیوە. ساڵی 1998 لەگەڵ خێزانەکەی گەڕاوەتەوە باشووری کوردستان و ساڵی 2003 کۆچی دوایی کردووە و لە گوندی هەسنێ بەخاک سپێردراوە.
خەباتنامە
بابەکر محەمەد پێش ئەوەی ساڵی 1943 پەیوەندی بە شۆڕشەوە بکات، لە ڕێزەکانی سوپای ئێڕاقدا سەرباز بووە و هاوشێوەی زۆرینەی خەڵکی کوردستان کە قایل نەدەبوون لە سوپای ئێڕاقدا ببنە سەرباز، لە سەربازی ڕایکردووە و پەیوەندی بە ڕیزەکانی شۆڕشی دووەمی بارزانەوە کردووە، بەم هۆیەوە لە 19ی ئابی 1945 بە فەرمانی دادگای عورفیی سەربازی دەست بە سەر گشت موڵک و ماڵە گواستراوە و نەگواستراوەکانیدا گیراوە.
لە 11ی تشرینی یەکەمی 1945 و لە دوای نسکۆی شۆڕشی دووەمی بارزان، لەگەڵ مستەفا بارزانی و هەڤاڵانی دەپەڕنەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. دوای دامەزراندنی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە #مەهاباد#، لە 31ی ئاداری 1946 لە چوارچێوەی هێزی بارزاندا بەرگری لە کۆمار کردووە. برایەکیشی کە ناوی زوبێر محەمەد بووە، لە ساڵی 1945 لە کۆماری دیموکراتی کوردستان کۆچی دوایی کردووە.
دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد و گەڕانەوەی بارزانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بۆ باشووری کوردستان بەشداریی شەڕی #نەغەدە# و شەڕی #شنۆ#ی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە، هەروەها لەو پێشمەرگانە بووە کە لە ڕێکەوتی 19/4/1947 لە ڕێگای خواکوڕک و دەشتی بەرازگرەوە بە خاکی کوردستانی باکووردا گەڕاوەتەوە ناوچەی شێروان و مزوری.
دوای گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە ڕێکەوتی #15-05-1947# لە گوندی ئەرگۆش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانی دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتی سۆڤیەت، لەوێدا تەواوی هەڤاڵانی بڕیاری بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەو یەکێتی سۆڤیەت دەدەن، لە 23ی ئایاری 1947 یاوەریی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی کردووە بەرەو یەکێتی سۆڤیەت و لە شەڕی گەلی قتور و شەڕی پردی #ماکۆ# بەشدارییکردووە و دوای سەختی و ماندووبوونێکی زۆر، لە 18ی حوزەیرانی 1947 لە ڕووباری ئاراس کە دەکەوێتە سنووری نێوان ئێران و یەکێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە 19ی حوزەیرانی 1947 لەگەڵ گشت هەڤاڵانی لە شاری نەخچەوانی کۆماری ئازەربایجان بۆ ماوەی چل ڕۆژ لە کۆمەڵگایەکی سەرئاوەڵا کە بە تەلی دڕکاوی دەورەدرابوو، دانران و لەلایەن کۆمەڵێک سەربازەوە پاسەوانییان لێدەکرا و لە ڕووی خۆراک و پۆشاک و هاتوچۆوە وەکو دیلی شەڕ مامەڵەیان لەگەڵداکراوە. دواتر لەسەر بڕیاری حکوومەتی سۆڤیەت بەسەر ناوچەکانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر لە کۆماری ئازەربایجان دابەشکران. لە 10ی کانوونی یەکەمی 1947 گواستراونەتەوە بۆ سەربازگەیەک لە باکۆی کۆماری ئازەربایجان و لە ڕێکەوتی 23ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سەربازییان پێدراوە و بە سەرپەرشتی ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجان ڕۆژانە هەشت کاتژمێر مەشقی سەربازییان پێکراوە. لە هەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردییان پێگوتراوەتەوە.
پاش مامەڵەی خراپی جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانی، بارزانی بڕیاردەدات کەمپە سەربازییەکەی لە 29ی ئابی 1948 لە کۆماری ئازەربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ کۆمەڵگای چرچوک لە نزیک تاشکەندی پایتەختی کۆماری ئۆزبەکستان و لەوێش لە مەشقی سەربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری 1949 لەگەڵ هەڤاڵانی بە شێوەی دەستە و تاخم بە شەمەندەفەر بەسەر گوندە هەرەوەزییەکانی یەکێتی سۆڤیەتدا دابەشکران و لە کێڵگەی کۆلخۆزەکان(ئەو زەویانەی خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشی حکومەتیان دەدایەوە) کاریان دەکرد.
دوای هەوڵێکی زۆر و ناردنی چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانی باسی دەردەسەرییەکانی هەڤاڵانی خۆی تێدادەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیاری پێکهێنانی لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخی هەڤاڵانی بارزانی و دواجار بڕیاری لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شاری ڤریڤسکی کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووەمی 1951 دەچێتە شاری ڤریڤیسکی لە سۆڤیەت.
لە 25ی شوباتی 1959 و بەپێی هەردوو ماددەی سێیەم و حەوتەم و بڕگەی (أ) لە ماددەی دەیەم و کارکردن بە ماددەی (11) بە پشت بەستن بە یاسای هەموارکراوی ژمارە 19 لە ساڵی 1959 دا، خۆی و هەڤاڵانی بەر لێبوردنی گشتی کەوتوون.
سەرەڕای ئەوەی کۆماری ئێڕاق لە ساڵی 1958 بە سەرۆکایەتی عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، بەڵام ناوبراو بەهۆی سەرقاڵی بە خوێندنەوە، لە 16ی نیسانی 1959 لەگەڵ هەڤاڵانی بە کەشتیی گرۆزیا لە ڕێی بەندەری بەسڕەوە لە باشووری کۆماری ئێڕاق گەڕاوەتەوە کوردستان.
ساڵی 1962 بەشداریی شۆڕشی ئەیلوول کردووە و بووەتە سەرپەل و لە شەڕەکاندا بەشداربووە. ساڵی 1975 دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول بە پەنابەری ڕوودەکاتە ئێران و لە نەغەدەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نیشتەجێ دەبێت.
ساڵی 1979 بەشداریی شۆڕشی گوڵانی کردووە و لە هەردوو شەڕی لۆلان و شەڕی ئەلوەتان بەشداربووە. ساڵی 1992 خانەنشین کراوە و ساڵی 1998 لەگەڵ خێزانەکەی گەڕاوەتەوە باشووری کوردستان.[1]