$کاتێک ساتە مێژووییەکان بەدی دێت$
لەنێوان وەرزش و شتەکانی تر
نووسینی: #ئیدریس مستەفا#
لەوەتەی ئەو تۆپە لە قاچی منداڵانی گەڕەکە هەژارەکان سەندرایەوە و برایە نێو یاریگا گەورە دەوڵەتیەکان، لەو دەمەوە تۆپێن تام و چێژە سادە و ڕەسەنەکەی لە دەستدا چونکە تێکەڵاوی سیاسەت و سەرمایە بوو. نەک هەر ئەم دەورەیە و نەک هەر ئیستا بەڵکوو هەمیشە، لەو کاتەوە، تۆپانە بووە بە ڕەمزێک بۆ شەڕ و خۆدەرخستنە نەتەوەیی و ئایینی و نیشتمانی و جووڵانەوە هەمەڕەنگە کۆمەڵایەتییەکان و تەنانەت ناسنامە شەخسیەکان و لەوەش واوەتر چووە ناو پەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکانی وەک هاوڕێ و خێزان و خزم و تەنانەت ژن و مێردیشەوە. نەک هەر بەش بە حاڵی خۆی بگرە بە ڕادەیەکی زیاد لە پێویست بوو بە بەشێک لەو هەموو شتانە و ئەو شتانەش هەرچییەکی شاراوەی خۆیان هەبوو لە ڕێگەی ئەو تۆپەوە دەریانبڕی.
وەک بابەتێکی ڕوکەش و مەسەلەیەکی وەرزشی و هونەری ساتە مێژووییەکە ئەوەیە کە ئەرجەنتین و میسی جامی جیهانیان بردەوە کە شایستەی بوون. میسی وەک یەکێک لە یاریچییە گرنگ و گەورەکانی مێژووی تۆپی پێ شایستەی ئەوە هەبوو کە ەئو جامە بباتەوە و ئەرجەنتینیش وەک وڵاتێکی کانگەی تۆپی پێ و وەک نوێنەرایەتی کیشوەرێکی زوڵم لێکراو بە دەستی سیاسەتە غەربیە ئیمپریالیستیەکانی وڵاتانی وەک ئەمریکا و بەریتانیاوە هەر لە برسی کردنیان و موئامەرەکردن بەسەر خەڵک و بزووتنەوە سیاسی و حکومەتە شایستەکانیاندا تا دەگات بە درووستکردنی گروپ و ڕێکخراوی مافیایی و، ، هتد
ساتە مێژووییەکان وەک ئەوەی ئێمە لەم چەندان ساڵەی دوایی و لەم جامی جیهانیەدا دیمان تۆپێن چۆن بوو بە بەشێک لە ئاڵوگۆڕە گەورە جیهانیە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان و چۆن ڕووی ڕاستەقینەی بەها و مۆراڵە سیاسی و ئایینی و ئابووریەکان کە پێشتر وێنەی نەبووە زۆر بە ڕووتی و بێ پەردە دەرکەوتن. بۆ نموونە:
1) ئیدیعاکردنی ئەوەی لە غەرب دەگوترا وەرزش وەرزشە نابێ تێکەڵی سیاسەت بکرێ ئەوە گەورەترین درۆ بوو. ڕووداوەکانی ئەم دواییەی یوکراین پیشانیدا کە وەرزش نەک هەر بەشێکە لە سیاسەت بەڵکوو کەرەسەیەکە لە کەرەسەکانی سیاسەت. تۆپی پێی ڕوسیایان قەدەغە کرد لەوەی نابێ بەشداری جامی جیهانی 2022 بکات. لێرەدا بە ڕوونی دەرکەوت فیفا چەندە غەربی ئەمریکایی ناتۆییە. ئەمە تەنیا یەک نموونەیە و چەندان نموونەی تر هەن کە پەیوەندی نێوان دەوڵەتەکان تێکچوون و پەیوەندی نێوان نەتەوەکانیشیان سارد بوونەوە. لە بەرانبەردا خەڵکی وەک ئێمە و مانانیشیان لێکردووە کە هەڵوێست وەرگرین لە وڵاتێک لە کیشوەرێک و ل یاریزانێک کە ئەمانە هەمووی لە ڕوحی وەرزشی خاڵیت دەکاتەوە. وەرزش گەر بەو ڕوحەی منداڵی گەڕەکەوە نەیکەی و سەیری نەکەی ئەوە تۆپێن نییە و شتێکی ترە کە ئیستا لە سەر مێزی پارە و بڕیارەکانی شێخەکانی نەوت و سەرۆکە ئیمپریالیست و بەرپرسە دزێوە سەرمایەدارەکانی دنیای ئێستەیە.
2) لە دوای ڕووخانی دنیای دوو قوتیەوە ساڵی، 1991، سەردارێتی جەمسەری ڕۆژاواوە بەسەر جیهاندا سەپا کە سیستەمە ئابووریەکەی کردە مۆدێلێکی جیهانی و خستیە نێو هەموو کایەیەکی ژیانەوە لەوانە وەرزش. یانەکان بوونە کۆمپانیایەکی تەواو بزنسی و یازرزانەکانیش بوون بە کاڵایەک و بەدەر لە ئیرادەی خۆشیان کڕین و فرۆشتنیان پێوەدەکرێ. ئەو یاریگایانەی لەسەر شان و لاشەی دەیان و سەدان کرێکار بنیاد دەنرێن وەک تۆپەکەی بەردەمیان شەقی تێ هەڵدەدەن و ئەوەی ئە ویاریچیانە و تەنانەت خەڵکیش لەسەر ئاستی جیهاندا ئەو ڕاستیە مێژووییە چینایەتیە نامرۆڤانیە نابینن و فکریشی لێ ناکەنەوە مەگەر ڕێژەیەکی کەم لە مرۆڤەکان و گروپەکان نەبێت کە بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن
3) هاڕەکردنی بیروباوەڕ و ڕەمزە ئایینیەکان بۆ دنیای وەرزش هاوکات بوو لەگەڵ ئەو نادادی و گەندەڵیەی سەرمایەداری. بۆ خاڵی کردنەوەی مەسەلە ویژدانی و ئەخلاقیەکان لەهەر گەندەڵی و نادادیەک ئایین باشترین دەسکەلا و برووبیانووە. کاتێک یارچییەک شەقێک لە تۆپێک دەدات و ملیۆنێک دۆلار وەردەگرێت و دواتر ڕوودەکاتە خواکەی و سوپاسی دەکات بەڵام ئەو پرسیارە لە خۆی ناکات ئایا خوا بۆچی بە تۆی دەدات لە پای شەقهەلدان لە تۆپێک بەڵام نایدات بە ملیۆنان مرۆڤی تر کە ڕۆژ تا ئێوارە ڕادەکەن و ناشتوانن نانی هەموو ڕۆژەکە پەیدا بکەن. ئەمە ئەو دیدە کۆمەڵناسیە دەسەلمێنێ کە ئایین و گەندەڵی دوو دیوی یەک پارەن.
4) فشەڵکردنی مرۆڤ و ئاستە کۆمەڵایەتیەکەی لە ڕێگەی تۆپی پێوە چەمکێکی گرنگی خۆی نیشاندا لەوەی مرۆڤ چۆن بووە بەشێک لەو گەمە سیاسیە ئایینیە سەرمایداریە لە ژێر ناوی وەرزشدا دەچێتە پێشەوە. بێ هزری مرۆڤەکان بۆ هەستە نەتەوەییەکانیان وەک ئەوەی لە کەناڵە عەرەبیەکانەوە دەیبینین یاخود نمایشکردنی تقوسە دینیەکانیان لە ناو یاریگادا؛ چوونە پشتی تۆپەکان بە بیانووی ئایین و ڕەگەز و نەتەوەوە ئاستێکی تر لە کەم هزری کەسەکان نیشان دەدا تا ڕادەی ئەوەی خوا تێکەڵی ئەو شەق شەقێنە بکەن و هەر یەکە و ڕووی تێ بکات و بڵی خوا داوی بە من وەک ئەوەی کەسە ئایینیەکانی کوردستان بانگەشەیان بۆ دەکرد. ئای کە مرۆڤ گەیشتووە بە چ ئاستێک لە بیرکردنەوە و ڕەفتار و بێ مێشکی.
5) بۆ من کە یاریچی تۆپانە بووم و تۆپێن تەنیا وەرزشە کە حەزم پێ بێ و یەکبینەش بە دوای ئەو دنیایەدا بووم و هەمیشەش دوو تیپم لا لە ترۆپکدا بووە ئەویش یەکەم بەرازیل و دووەم ئەرجەنتین و وەک یاریزانیش میسی یاریزانێکی بێ وینەیە، بەڵام کە دەبینم بوونە بە تۆپەلێ پارە و وەک پەڕۆی پاککەرەوە دەچن بەملاوئەولادا بۆ پارە و بەس و بوونە بە توێژێک لە چینی ملیۆنەران و بلیۆنەرانی جیهانی و منداڵێک کە نازانێ دنیا چییە و چی نییە و تەنیا دەزانێ شەق لە تۆپ هەڵدا کەچی سەرکردەی وڵاتانی دنیا بە خۆیان و خەزێنەکانیانەوە لە خزمەتیاندا دەبن... ئەو دەم تاڵاییەک بە دڵ و مێشکتدا بڵاودەبێتەوە و لە خۆت دەپرسی باشە ئایا ئەو وەرزشە ئەوەی بە بەرەوە ماوە یان ئەو خۆشیەی منداڵی تێدا ماوە تا من ئەو هەموو کات و دانیشتن و قسەوباسەی لەسەر بکەم. بگرە وات لێدەکەن کە کۆمێنتی ئەم هاورێیەم بڵێمەوە کە بۆی نووسیبووم بەدوای بیانووی شیاو و بەجێدا ئەگەڕێم بۆ ئەوەی تۆپی پێ ئەوە نەمێنێ لەلام خەریکە بیانو پەیدا دەبێت. من و ئەو لە کاتێکدا وادەلێین کە سەیرکردنی تۆپێن تەنیا شتە کەمێک لە خەمی ئەم دنیایە دوورمان بخاتەوە.
6).... 7)..... 8)....
ئەمانە ئەو ساتە مێژووییانەیە گەر بەدیش بێن ئەوا مەرج نییە دڵخۆشی و ئامانجێکی باشی پێوە بێ بەڵکوو هەمووی تاریک و بێ مانا و بێ کەڵک دەبێ وەک ئەو خاڵانەی من هەندێکیانم ئاماژە پێدا. [1]