نمایشی درێفت بۆ سەرکێشی ئۆتۆمبێل بەڕێوەچوو
وەرزشی درێفت Drift وەرزشێکی سەرکێشی و تایبەتە بە ئوتومبێل کە لە پاش تۆپی پێ دووەمین وەرزشە کە زۆرترین هاندەر و بینەری تایبەتی خۆی لەسەر ئاستی جیهان لەنێو چین و توێژی گەنجان هەیە.
بۆ یەکەمجار ناوەندێکی وەرزشی ئۆتۆمبێل ڕانی لە ساڵی 1897 لە ژێرناوی (RAC) لە وڵاتی بەریتانیا دامەزرا، لە دواییدا گەشە بەم وەرزشە دراو لە ساڵی 1900 لە
وڵاتی مەجەر و لە ساڵی 1902 یش لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دامەزرا.
بەرەبەرە ئەم وەرزشە زیاتر بایەخی پێدرا و بەهۆی زۆری چالاکی وەرزشی ئۆتۆمبێل لە وڵاتان ئەم وەرزشە دامەزراوەیی کرا و FIA (فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ئوتومبێل ڕانی) لە سەر ئاستی جیهان دامەزرا کە لە ئێستادا 2022 پترلە120 وڵات تێدا ئەندامن و خەڵکێکی زۆر ئێستا لە جیهان ڕووی لەم وەرزشە کردووە.
لە هەرێمی کوردستانیش بەلێشاو گەنجان ڕوویان لەم وەرزشە کردووە و ناوەناوە لەبەر نەبوونی گۆڕەپانی تایبەتی لە گۆڕەپان و شوێنە چۆڵەکان ئەم نمایشەیان ئەنجام دەدا کە ڕووبەڕووی برایانی پۆلیسی هاتوچۆ دەبوون و پەرتەوازەی پێ دەکرا.
نووسەر و ڕۆژنامەنووس هاشم داوودی بۆ یەکەم جار توانی ئەو گەنجانەی کە ئارەزووی وەرزشی ئۆتۆمبێلیان هەیە لەسەر ئاستی کوردستان لە دەوری یەک کۆبکاتەوە و دامەزراوەییان بکات و مۆڵەتی فەڕمیان بۆ لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان وەربگرێت تاکو بتوانن بەبێ کێشە چالاکی وەرزشی ئەنجام بدەن، لە بارەی دامەزراندنی ئەم ڕێکخراوەش هاشم داودی بۆ گۆڤاری گوڵان وتی
ئامانج لە دامەزراندنی ئەم دەزگایە جیاکردنەوەی شۆفێری وەرزشکار و ئۆتۆمبێلی وەرزشیی بوو لە ئۆتۆمبێلی سەر شەقام، چونکە ئەو ئۆتۆمبێلانە لەبەر هۆی بەرزی دەنگیان کەڵکی ئەوەی نییە لە شەقام بهاژورێت.
ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە ئەم وەرزشەی پێ ئەنجام دەدرێ بۆ خۆپاراستن و سەلامەتی گیانی شۆفێرەکە ئەو ئۆتۆمبێلە هەموو کەلوپەلەکانی بە مەکینەیشەوە هەڵدەوەشێنرێت و دەستکاری دەکرێن وسەرلەنوێ دادەنرێن و مەکینەی بە هێزتر دەکڕێت.
هاشم داوودی سەرپەرشتیاری ئەم وەرزشە لە کوردستان باسی لەوە کرد کە لە لەماوەی ڕابردوو گرووپی وەرزشیی نمایشەکانی ئۆتۆمبێل بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیدارەی سەربەخۆی #سۆران# و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری دەڤەرەکە نمایشی وەرزشیی دریفتDRIFT لەسەر ئاستی ئێڕاق بۆ 30سی شۆفێری دریفتکار لە گۆڕەپانی هاوینە هەواری جوندیان ڕێکخرا کە نزیکەی 5000 کەس ئامادەی نمایشەک بوون و بە سەرکەوتوویی و بێ کێشە بە ڕێوە چوو، شایانی ئاماژە پێکردنە هەریەک لە دریفتکارانی #هەولێر# و کەربەلا و #سلێمانی# و #بەغدا# و #دهۆک# و حلە و موسل و #کەرکووک# و نەجەف و بەسرا تێدا بەشداربوون.
داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین هاوکاریمان بکەن گۆڕەپانێکی نێودەوڵەتیمان لەدەرەوەی شاری هەولێری پایتەخت بۆ درووست بکەن بۆ ئەوەی بتوانین ساڵانە پاڵەوانێتی و نمایش و کێبڕکێی ئوتومبێلی لێ ئەنجام بدەین و تاکو لە داهاتوو وەرزشکارانی ئەم بوارەیش بتوانن شان بە شانی وەرزشکارانی نێودەوڵەتی بە ئاڵای پیرۆزی کوردستان بەشداری کێبڕکێی جیهانی بکەن و پلەی باش بە دەست بێنن و ببنە شانازی بۆ کوردستان.[1]