بەڕێوەبەرایەتی چالاکی وەرزشیی و دێدەوانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی #هەولێر#، وەکو بەرنامەی ساڵانەی خۆی و بەمەبەستی زیاتر پشتگیری کردنی وەرزش لە ناوەندی خوێندن لە سنووری پارێزگای هەولێر، هەڵدەستێ بە ئەنجامدانی چەندین پاڵەوانێتی وەرزشی بۆ هەردوو ئاستی کچان و کوڕانی پەروەردەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر، بەڕێوەبەرایەتیەکە کە یازدە پەروەردەی شارۆچکەی لە سنووری پارێزگای هەولێر لە خۆ دەگرێت بڕیاری داوە هەریەک لەپاڵەوانیەتییەکانی بالە و باسکە و فوتساڵ و چەندین پاڵەوانێتی تری وەرزشیی لە ئاییندە بەڕێوە ببات، لە بارەی ئەنجامدانی ئەم پاڵەوانییەتیانەش مامۆستا بێجان ئیبراهیم بەڕێوەبەری چالاکی وەرزشیی و دێدەوانی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر بۆ گۆڤاری گوڵان وتی: پلانی تۆکمەمان داناوە بۆ ئەوەی بتوانین چەند پاڵەوانیەتییەکی وەرزشیی بۆ پەروەردە گشتییەکانی سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر ئەنجامبدەین، بەرنامەی تەواومان داناوە بۆ ئەوەی دەست بە چالاکییەکانمان بکەین، سوپاسی مامۆستا لوقمان سەعید بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر دەکەین بۆ ئەو هاوکارییە بەردەوامەی لە بواری وەرزشیی و بۆ ئەنجامدانی چالاکییە وەرزشییەکانمان، بەرنامەی تۆکمەمان هەیە بۆ هەستانەوەی وەرزش لە ناوەندی خوێندن، بڕیاریشمان داوە لە ئاییندەیەکی نزیک دەست بە ئەنجامدانی چالاکییەکانمان بکەینەوە بە بەشداری هەر 11 پەروەردەی شارۆچکە لە سنووری پارێزگای هەولێر، وتیشی هیچ کێشە و گرفتێکمان نییە و دەمانەوێ وەرزش ببەینە قۆناغێکی باشتر لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر.[1]
کوردیپێدیا بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم تۆمارە و خاوەنەکەی لێی بەرپرسیارە. کوردیپێدیا بە مەبەستی ئەرشیڤکردن تۆماری کردووە.
ئەم بابەتە 459 جار بینراوە
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!