$سەردانەکەی #بافڵ تاڵەبانی# بۆ ڕۆژاوای کوردستان، خۆشکردنی پەیوەندییەکانە یان بۆ هەماهەنگی دژی تیرۆرستانە$؟.
#کاوە نادر قادر#
سەردانەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ ڕۆژاوای کوردستان و کۆبونەوەی لەگەڵ #مەزلووم عەبدی# سەرۆکی هێزەکانی قەسەدە لە 20ی ئەم مانگە، بۆ هەر مەبەستێک و هەر چی لەپشتدا بێت و هەرچی لێبکەوێتەوە، ئەوا کۆبونەوەیەکی ڕەچەشکێنە و لەخزمەتی پتەوکردنی پەیوەندی دوو حیزبی کوردستانی لە دوو پارچەدا دەبێت، یەک گوتاری لە بەرانبەر پرسە چارەنووسسازەکان و پاراستن و بەدیهێنانی مافەکانی گەلی کوردستانە لە کۆتایشدا بەرەی دژە کوردستانی پێی ناڕەحەت دەبن، کاتێ بەڕاشکاوی مەزلوم عەبدی ڕایگەیاندووە هەموو هەوڵێکمان لەپێناوی ئازادیی کورد وپاراستنی مافەکانمانە.
ئەو سەردان و کۆبوونەوانە ئەگەر بۆ مەبەستی شکلیش بێ، بەرهەمێکی کرداریشی نەبێ، وەک هەندێک مێدیای کوردستانی دەیوروژێنن! بەڵام بۆ هەردوو لایەن و هەردوو پارچەی کوردستان (باشوور و ڕۆژاوای کوردستان)، پێویستە و گرنگی خۆی دەبێ لەداهاتوودا، بە تایبەت هەردوو لایەن لەژێر فشارێکی سیاسی گەورەدان و پشتیوانییەکی مەعنەوییە بۆ ڕۆژااوای کوردستان لە بەرانبەر ئەو فشار و هەڕەشانەی کە لێی دەکرێ لەلایەن تورکیا و نەیارەکانیدا، کە بەردەوام پێویستە ڕەهەندی نەتەوەیی و نیشتیمانی کوردستانی پەرەی پێبدرێ و گەشە بکا لەنێوان هێزە کوردستانییەکاندا کە داگیرکەران مەترسییان لە پەیوەندی ئەو ڕەهەندەیە چووە و دەچێ.
ئەوەی لە پێکهاتەی شاندەکەی یەکێتی و لێدوانەکانی هەردوولا (یەکێتی و پەیەدە) دەردەکەوێ، پتر بۆ هەماهەنگییە بۆ ڕووبەروبوونەوەی داعش، بەتایبەتی کۆبونەوەی هاوبەشیان لەگەڵ جەنرال ماتیو مەکفارلان فەرماندەی گشتی هێزەکانی هاوپەیمانان لە سووریا و ئێراق، ئەو ئەگەرە زیاتر دەکا و ئەوە دەگەیەنێ لە کاتی ئێستادا، پێویستی بەهەماهەنگی لەگەڵ یەکتر هەیە لەو بارەوە.
ئەوەی لەو دانیشتنە دەردەکەوێ، کە هەسەدە بە زیرەکانە لەپێناو ستراتیژ، هەڵسوکەوتی تاکتیکانەی خۆی نیشاندەدا ، دەمکووتی ئەوانە دەکاتەوە کە ڕەخنە لە قەسەدە و پەیدە دەگرن، لەسەر هەڵواسینی هەندێ دروشم و وێنە کە جارێ پێویست ناکات بەو شێوەیە زەقی بکەنەوەو هەنجەت بە تورکیا بدەن و دۆستانی کوردستانیان ئیحراج بکەن کە نەتوانن وک پێویست بتوانن پشتیوانی لە ڕۆژااوای کوردستان بکەن.
ئەگەر چی هەندێ سەرچاوە دەنگۆی ئەوە بڵاو دەکەنەوە کە گوایە ، بافل پەیامێکی ئەمریکی پێیە و داوای ئەوەیان لێ دەکات کە لە پەکەکە و قەندیل دوور کەونەوە، باوەڕکردن بەو جۆرە قسانە ساویلکەیی نیشان دەدەا لەبەر ئەوەی:
هێندەی هەموو حزبەکانی دیکەی کوردستان، قەسەدە پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان خۆشە و پێویست بە لایەنی سێیەم ناکات ئەو پەیامە بەوان بنێرن، ڕاستەوخۆ خۆیان دەتوانن ئەو کارەبکەن.
ئەمریکا لەهەموو لایەک باشتر دەزانێ کە پەیوەندی نێوان ئەو لایەنە کوردستانییە ( پەیەدە و پەکەکە)، چۆنە و لەسەر چ ئاستێکدایە، دەنا لێژنەی ئەمنی ناتۆ لەسەرەتای 2015، بڕیاری پشتیوانیی سەربازی و ئەمنییەی بۆ هێزەکانی پەیەدەی ئەوسا و قەسەدەی ئێستا نەدەدا.
هەر چۆنێک بێت ئەو جۆرە پەیوەندی وکۆبونەوانە پێویست و گرنگن بەتایبەتی ئەگەر جدیەت لە هەردوولا هەبێ بۆ گەشەدان بە پەیوەندییە کوردستانییەکان و هاوکاری لە پێناو ڕوبەروبوونەوەی هەڕەشەکان.
21ی کانونی یەکەمی 2022. [1]