ناو: ڕەسوڵ
نازناو: مەلا ڕەسوڵ
ناوی باوک: مەلا محەمەد تاجەدین
ساڵی لەدایکبوون: 1927
ساڵی کۆچی دوایی: 1952
شوێنی لەدایکبوون: شارۆچکەی #مێرگەسوور#
شوێنی کۆچی دوایی: شاری سەمەرقەندی ئۆزبەکستان
$ژیاننامە$
مەلا ڕەسوڵ ساڵی 1927 لە شارۆچکەی مێرگەسۆرى سەر بە پارێزگای هەولێر لەدایکبووە، لە یەکێتی سۆڤێت لە شاری مۆسکۆ لە کۆلێژی (پارتی شکۆلا) خوێندوویەتى، هەردوو زمانى کوردی و ڕووسی زانیوە، ساڵی 1952 لە سەمەرقەندى ئۆزبەکستان لە یەکێتى سۆڤیەت کۆچی دوایی کردووە و هەر لەوێش بەخاک سپێردراوە.
خەباتنامە
ساڵی 1943 پەیوەندیی بە ڕیزەکانی شۆڕشی دووەمی بارزان کردووە و لە شەڕەکان بەشدار بووە، لە 19ی ئابی 1945 بە فەرمانی دادگای عورفیی سەربازی ئێڕاق دەست بەسەر گشت موڵک و ماڵە گواستراوە و نەگواستراوەکانیدا گیراوە، لە 11ی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵ لە دوای نسکۆی شۆڕشی دووەمی بارزان، ڕوویکردووەتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە 31ی ئاداری 1946 لە هێزی بارزان-ى سەر بە سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد پێشمەرگە بووە و لە شەڕەکانی بەرەی سەقز لە کۆماری دیموکراتی کوردستان بەشداری کردووە، لە 29ی نیسانی ئەو ساڵە بەشداری شەڕی قاراوا لە ناوچەی سەقز کردووە.
لە 19ی نیسانی 1947 بڕیاری داوە کە لە ژێر فەرماندەیی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە بەرخودان بەردەوام بێت، لە 23ی ئایاری 1947 لەگەڵ دوو برای بەناوەکانی (محەمەد مەلامحەمەد و حەسەن مەلامحەمەد) بەشدارییان لە ڕێڕە و بەرەو یەکێتی سۆڤێتی کردووه، لە ڕێکەوتی 9ى حوزەیرانی 1947 تا 11ى حوزەیرانی هەمان ساڵ بەشداریی شەڕەکانی گەلی قتور و پردی ماکۆ کردووە، لە 18ی حوزەیرانی 1947 لە ڕووباری ئاراس کە دەکەوێتە سنووری نێوان ئێران و یەکێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە 19ی حوزەیرانی 1947 لەگەڵ گشت هەڤاڵانی لە شاری نەخچەوانی کۆماری ئازەربایجان بۆ ماوەی چل ڕۆژ لە کۆمەڵگایەکی سەرئاوەڵا کە بە تەلی دڕکاوی دەورەدرابوو، دانران و لەلایەن کۆمەڵێک سەربازەوە پاسەوانییان لێدەکرا و لە ڕووی خۆراک و پۆشاک و هاتوچۆوە وەکو دیلی شەڕ مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە. دواتر لەسەر بڕیاری حکوومەتی سۆڤیەت بەسەر ناوچەکانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر لە کۆماری ئازەربایجان دابەشکران. لە 10ی کانوونی یەکەمی 1947 گواستراونەتەوە بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باکۆى پایتەختى کۆماری ئازەربایجان و لە ڕێکەوتی 23ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سەربازییان پێدراوە و بە سەرپەرشتی ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجان ڕۆژانە هەشت کاتژمێر مەشقی سەربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردییان پێگوتراوەتەوە.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بارزانی بڕیاردەدات کەمپە سەربازییەکەى لە 29ی ئابی 1948 لە کۆماری ئازەربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ کۆمەڵگای چرچوک لە نزیک تاشکەندی پایتەختی کۆماری ئۆزبەکستان و لەوێش لە مەشقی سەربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری 1949 لەگەڵ هەڤاڵانی بە شێوەی دەستە و تاخم بە شەمەندەفەر بەسەر گوندە هەرەوەزییەکانی یەکێتی سۆڤیەتدا دابەشکران و لە کێڵگەی کۆلخۆزەکان(ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) کاریان دەکرد.
دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانی باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی تێدادەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووەمی 1951 دەچێتە شاری ڤریڤیسکی لە سۆڤیەت. [1]