ناو: دەروێش
ناوی باوک: میرۆ محەمەد ئەمین
ساڵی لەدایکبوون: 1925
ڕۆژی کۆچی دوایی: #01-12-2000#
شوێنی لەدایکبوون: گوندی #بێرسیاڤ# ی شارەدێی #پیران#
شوێنی کۆچی دوایی: گوندی بێرسیاڤ
$ژیاننامە$
ساڵی 1925 لە گوندی بێرسیاڤى سەربە شارەدێی پیران لە شارۆچکەی #مێرگەسۆر# لە پارێزگای #هەولێر# لەدایکبووە، لە یەکێتی سۆڤیەت خوێندوویەتی و بڕوانامەی بەشی کشتوکاڵی لە زانکۆی تاشکەند وەرگرتووە، دواى گەڕانەوەى لە یەکێتى سۆڤیەت، ساڵی 1959 بە فەرمانبەر لە فەرمانگەی کشتوکاڵی موسڵ دامەزراوە، لە ڕێکەوتی 1ى کانوونی یەکەمی 2000 لە گوندی بێرسیاڤ کۆچی دوایی کردووە.
$خەباتنامە$
دەروێش میرۆ ساڵی 1943 پەیوەندیی بە ڕیزەکانی شۆڕشی دووەمی بارزان کردووە، لە ڕێکەوتی 15ى تشرینی یەکەمی هەمان ساڵ بەشداریی گرتنی بنکەی پۆلیسی بیرەکەپرا و لە 20ى تشرینی یەکەم بەشداری گرتنی بنکەی پۆلیسی شێروان مەزنی کردووه، بەم هۆیەوە لە 19ی ئابی 1945 بە فەرمانی دادگای عورفیی سەربازی ئێڕاق دەست بەسەر گشت موڵک و ماڵە گواستراوە و نەگواستراوەکانیدا گیراوە. هەر ئەو ساڵە و لە 5ى ئەیلوول بەشداریی گرتنی بنکەی پۆلیسی مەیدان مۆریکی کردووه، دوای نسکۆی شۆڕشی دووەمی بارزان لە 11ی تشرینی یەکەم ڕوودەکاتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە 31ی ئاداری 1946 لە هێزی بارزان-ى سەربە سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان بووەتە پێشمەرگە و لە شەڕەکانی بەرەی سەقز لە کۆماری دیموکراتی کوردستان بەشداری کردووە، دوای نسکۆی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە ڕێکەوتی 3ى ئاداری 1947 بەشداریی شەڕی نەلۆسى ڕۆژهەڵاتى کوردستانى کردووە.
لەو پێشمەرگانە بووە کە لە ڕێکەوتى #14-09-1946#لە ڕێگاى (خواکوڕک و دەشتى بەرازگرەوە) بە خاکى کوردستانى باکووردا گەڕاوەتەوە ناوچەى شێروان و مزورى.
دواى گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە ڕێکەوتى 15/5/1947 لە گوندى ئەرگۆش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانى دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لەوێدا تەواوى هەڤاڵانى بڕیارى بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەو یەکێتى سۆڤیەت دەدەن، لە 23ی ئایاری 1947 یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى کردووە بەرەو یەکێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گەلی قتور و شەڕى پردی ماکۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە 18ی حوزەیرانی 1947 لە ڕووباری ئاراس کە دەکەوێتە سنووری نێوان ئێران و یەکێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە 19ی حوزەیرانی 1947 لەگەڵ گشت هەڤاڵانی لە شاری نەخچەوانی کۆماری ئازەربایجان بۆ ماوەی چل ڕۆژ لە کۆمەڵگایەکی سەرئاوەڵا کە بە تەلی دڕکاوی دەورەدرابوو، دانران و لەلایەن کۆمەڵێک سەربازەوە پاسەوانییان لێدەکرا و لە ڕووی خۆراک و پۆشاک و هاتوچۆوە وەکو دیلی شەڕ مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە. دواتر لەسەر بڕیاری حکوومەتی سۆڤیەت بەسەر ناوچەکانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر لە کۆماری ئازەربایجان دابەشکران. لە 10ی کانوونی یەکەمی 1947 گواستراونەتەوە بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باکۆى پایتەختى کۆماری ئازەربایجان و لە ڕێکەوتی 23ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سەربازییان پێدراوە و بە سەرپەرشتی ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجان ڕۆژانە هەشت کاتژمێر مەشقی سەربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردییان پێگوتراوەتەوە.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بارزانی بڕیاردەدات کەمپە سەربازییەکەى لە 29ی ئابی 1948 لە کۆماری ئازەربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ کۆمەڵگای چرچوک لە نزیک تاشکەندی پایتەختی کۆماری ئۆزبەکستان و لەوێش لە مەشقی سەربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری 1949 لەگەڵ هەڤاڵانی بە شێوەی دەستە و تاخم بە شەمەندەفەر بەسەر گوندە هەرەوەزییەکانی یەکێتی سۆڤیەتدا دابەشکران و لە کێڵگەی کۆلخۆزەکان(ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) کاریان دەکرد.
دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانی باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی تێدادەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووەمی 1951 دەچێتە شاری ڤریڤیسکی لە سۆڤیەت.
دواى شۆڕشى 14ى تەموزى 1958 لە ئێڕاق و گەڕانەوەى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، لە 25ى شوباتى 1959 و بەپێى هەردوو ماددەى سێیەم و حەوتەم و بڕگەى (أ) لە ماددەى دەیەم و کارکردن بە ماددەى (11) بە پشت بەستن بە یاساى هەموارکراوى ژمارە 19 لە ساڵى 1959 دا، خۆى و هەڤاڵانى بەر لێبوردنى گشتى کەوتوون.
لە ساڵى 1958 کۆمارى ئێڕاق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، ناوبراو لە 16ی نیسانی 1959 لەگەڵ هەڤاڵانی بە کەشتیی گرۆزیا لە ڕێی بەندەری بەسڕەوە لە باشووری کۆماری ئێڕاق گەڕاوەتەوە کوردستان.
ساڵی 1961 بەشداریی شۆڕشی ئەیلوولی کردووە، تا ساڵی 1975 پاسەوانی تایبەتی بارزانی نەمر بووە، لە ڕێکەوتی 29ى ئەیلوولی 1971 لە پیلانەکەی بارەگای بارزانی نەمر لە حاجی ئۆمەران بریندار بووە، دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵى 1975 بە پەنابەرى ڕوودەکاتە شانشینی ئێران بۆ کۆمەڵگای زێوە و لەوێوە گواستراوەتەوە بۆ سمنان و دواتر لە شاری قەزوێن نیشتەجێ بووە، ساڵی 1980 گەڕاوەتەوە بۆ سلێڤانا و کراوە بە سەرقولەی پێشمەرگە پاسەوانەکانی مەسعود بارزانی.
ساڵی 1991 گەڕاوەتەوە کوردستان، بەشداریی ڕاپەڕینی کردووه، ساڵی 1995 خانەنشین کراوە، لە ڕێکەوتی 16ى ئابی 1996 لە چوارچێوەی ئاهەنگەکانی یۆبیلی زێڕیندا لەبەر خەبات و بەرخودانی لە شۆڕشی دووەمی بارزان، کۆماری دیموکراتی کوردستان، ڕێڕە و بەرەو یەکێتی سۆڤیەت، شۆڕشی ئەیلوول و ڕاپەڕین لەلایەن سەرۆک #مەسعود بارزانی# میدالیای بارزانی نەمری پێبەخشراوە.[1]