ناو: دەروێش
ناوی باوک: کەکۆ قۆرتاس
ساڵی لەدایکبوون: 1924
ساڵی کۆچی دوایی: #17-09-2000#
شوێنی لەدایکبوون: گوندی #لێرەبیر# ی شارەدێی #گۆڕتوو#
شوێنی کۆچی دوایی: گوندی لێربیر
$ژیاننامە$
ساڵی 1924 لە گوندی لێرەبیر سەربە شارەدێی گۆڕەتوو لە شارۆچکەی مێرگەسۆر لە پارێزگای هەولێر لەدایکبووە، لە یەکێتی سۆڤیەت خوێندوویەتی، ساڵی 1958 بڕوانامەی بەکالۆریۆسى لە بەشی کشتوکاڵ وەرگرتووە، زمانەکانی کوردی، فارسی، تورکی و ڕووسی زانیوە، ساڵی 1993 گەڕاوەتەوە کوردستان، لە ڕێکەوتی 17ى ئەیلوولی 2000 لە گوندی لێرەبیر کۆچی دوایی کردووە.
#خەباتنامە#
ساڵی 1943 پەیوەندیی بە ڕیزەکانی شۆڕشی دووەمی بارزان کردووە، لە 12ی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵ بەشداریی گرتنی بنکەی پۆلیسی خێرەزۆکی کردووە، لە 19ی ئابی 1945 بە فەرمانی دادگای عورفیی سەربازی ئێڕاق دەست بەسەر گشت موڵک و ماڵە گواستراوە و نەگواستراوەکانیدا گیراوە.
دوای نسکۆی شۆڕشی دووەمی بارزان لە 11ی تشرینی یەکەمی 1945 ڕوویکردووەتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە 31ی ئاداری 1946 لە هێزی بارزان-ى سەربە سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد بووەتە پێشمەرگە، لە ڕێکەوتی 3ى ئایاری هەمان ساڵ بەشداریی شەڕی ملقەرەنی کردووە، دوای نسکۆی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە ڕێکەوتی 3ى ئاداری 1947 بەشداریی شەڕی نەلۆس-ی کردووە، لەو پێشمەرگانە بووە کە لە ڕێکەوتى 19/4/1947 لە ڕێگاى (خواکوڕک و دەشتى بەرازگرەوە) بە خاکى کوردستانى باکووردا گەڕاوەتەوە ناوچەى شێروان و مزورى.
دواى گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ #مستەفا بارزانی# لە ڕێکەوتى 15/5/1947 لە گوندى ئەرگۆش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانى دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لەوێدا تەواوى هەڤاڵانى بڕیارى بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەو یەکێتى سۆڤیەت دەدەن، لە 23ی ئایاری 1947 یاوەریى جەنەڕاڵ #مستەفا بارزانى# کردووە بەرەو یەکێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گەلی قتور و شەڕى پردی ماکۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە 18ی حوزەیرانی 1947 لە ڕووباری ئاراس کە دەکەوێتە سنووری نێوان ئێران و یەکێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە 19ی حوزەیرانی 1947 لەگەڵ گشت هەڤاڵانی لە شاری نەخچەوانی کۆماری ئازەربایجان بۆ ماوەی چل ڕۆژ لە کۆمەڵگایەکی سەرئاوەڵا کە بە تەلی دڕکاوی دەورەدرابوو، دانران و لەلایەن کۆمەڵێک سەربازەوە پاسەوانییان لێدەکرا و لە ڕووی خۆراک و پۆشاک و هاتوچۆوە وەکو دیلی شەڕ مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە. دواتر لەسەر بڕیاری حکوومەتی سۆڤیەت بەسەر ناوچەکانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر لە کۆماری ئازەربایجان دابەشکران. لە 10ی کانوونی یەکەمی 1947 گواستراونەتەوە بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باکۆى پایتەختى کۆماری ئازەربایجان و لە ڕێکەوتی 23ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سەربازییان پێدراوە و بە سەرپەرشتی ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجان ڕۆژانە هەشت کاتژمێر مەشقی سەربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردییان پێگوتراوەتەوە.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بارزانی بڕیاردەدات کەمپە سەربازییەکەى لە 29ی ئابی 1948 لە کۆماری ئازەربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ کۆمەڵگای چرچوک لە نزیک تاشکەندی پایتەختی کۆماری ئۆزبەکستان و لەوێش لە مەشقی سەربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری 1949 لەگەڵ هەڤاڵانی بە شێوەی دەستە و تاخم بە شەمەندەفەر بەسەر گوندە هەرەوەزییەکانی یەکێتی سۆڤیەتدا دابەشکران و لە کێڵگەی کۆلخۆزەکان(ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) کاریان دەکرد.
دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانی باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی تێدادەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووەمی 1951 دەچێتە شاری ڤریڤیسکی لە سۆڤیەت.
دواى شۆڕشى 14ى تەموزى 1958 لە ئێڕاق و گەڕانەوەى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، لە 25ى شوباتى 1959 و بەپێى هەردوو ماددەى سێیەم و حەوتەم و بڕگەى (أ) لە ماددەى دەیەم و کارکردن بە ماددەى (11) بە پشت بەستن بە یاساى هەموارکراوى ژمارە 19 لە ساڵى 1959 دا، خۆى و هەڤاڵانى بەر لێبوردنى گشتى کەوتوون.
لە ساڵى 1958 کۆمارى ئێڕاق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، ناوبراو لە 16ی نیسانی 1959 لەگەڵ هەڤاڵانی بە کەشتیی گرۆزیا لە ڕێی بەندەری بەسڕەوە لە باشووری کۆماری ئێڕاق گەڕاوەتەوە کوردستان.
ساڵی 1961 بەشداریی شۆڕشی ئەیلوولی کردووە، ساڵی 1975 دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول وەک پەنابەر ڕوودەکاتە شانشینی ئێران، ساڵی 1979 بەشداریی شۆڕشی گوڵانی کردووە و سەرپەل بووە، لە شۆڕشەکانی ئەیلوول و گوڵان بەشداری شەڕەکانی سەری ئاکرێ، سەری پیرس، مەرێبا، شوش و شەرمنا، بێرسیاڤ، بادلیان، ناله، زاویتە، نەهلە و گەلی ڕەشى کردووە، لە شەڕی سەری ئاکرێ بریندار بووە. [1]