شەوتا Night Fever
#عەتا مەلا کەریم#
شەوتا، تایەکە کە بە شەو لە خەڵک دێت و بە ڕۆژ نییە.
من هۆکاری پزیشکی و زانستی ئەوە نازانم بەڵام لەوانەیە بەهۆی ئەوەوە بێت کە خەڵک بەڕۆژ زۆر سەرقاڵە و نایپەرژێتە سەر خۆی و بە شەو دەحەوێتەوە و زیاتر تێیدا دەر دەکەوێت، یان دەشێت ئەوە بێت کە پلەی گەرمیی لەش لە شەودا زیاتر بەرز دەبێتەوە یان کەمی مادەی کۆرتیزۆڵ هتد.
بەهۆی مانگرتنی ئەمبوڵانس و (دوختۆر) و پەرستارەکانەوە لە شانشینی یەکگرتوو پێویستە بیر لە هۆکاری خۆماڵیی چارەسەر بکەینەوە.
1- بۆ سەرما و هەڵامەت و پەتا وەرزییەکان دەتوانیت چەند هەنگاوێک بەرەو لای ئەو کەسە بڕۆیت کە (ئینقات)ت پێیەتی دەرزییەکت بۆ بکات چاک دەبیتەوە. من خۆم بەرەو ڕووی دوکتۆر جەمال دەڕۆم لە فەرعەکەی حاجی کەریم (کە جاران لەوێ دوکتۆر شەماڵی لێ بوو دەرزی بۆ دەکردم) ئیتر هەست بە باشبوون دەکەم.
2- هەروەها چارەسەر بە میوزیک زۆر کاریگەرە بەتایبەتیی بۆ سەرما و هەڵامەت و پەتا وەرزییەکان. من خۆم بۆ ئەو چارەسەرە گوێ لە هونەرمەندی خۆشەویست مامۆستا عەینەدین دەگرم و ئەگەر دوای گوێڕاگرتن لە چەند دانیشتن (گەعدە)یەکی فەرقم نەکرد ئەوە دیارە یان کۆڤیدە یان ئەنفلۆنزای باڵندە و پێویست بە چەند دانیشتنێکی تر دەکات و ئەگەر دوای ئەوەش هەر فەرقت نەکرد ئەوە پێویست بە دژە-بەکتریا دەکات و ڤایرۆس نییە.
3- بۆ پشتئێشە و ئازاری شان و مل چەند هەنگاوێک بەرەو ڕووی (پیری شەوکێڵ) دەڕۆیت.
4- بۆ نەخۆشییە دەروونییەکان چەند هەنگاوێک بەرەو ڕووی (میری سوور).
5- بۆ شەوتا:
دەبێت شەوتا بانگ بکەیت، بانگکردنی شەوتا بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
کەسێک کە حەوت ساڵی ڕەبەق یان زیاتر لەسەر یەک پیشەی سەرەکی و مایەی بژێوی ژیانی شوانی بووە باوەشێک نان دەگرێت بە دەستییەوە و دەچێتە سەربانی ئەو کەسەی کە شەوتایەتی. لەوێ بە دەنگی بەرز هاوار دەکات:
فڵانی کوڕ/کچی فڵان شەوتایەتی
شەوتا بیگرێت ڕۆژتا بەریدا
ڕۆژ تا بیگرێت شەوتا بەریدا
ئەهێی هێی هێی هێییییی
ئیتر بە هەر چوار دەوردا نانی تیری هەڵ دەدات و سەگەلی ئاوایی هەمووی بە وەرڕین لێی کۆدەبنەوە و دەست دەکەن بە کرتاندنی نانی تیریی.
ئەویش لەگەڵ هەڵدانی نانەکەدا ئەوەی سەرەوە چەند جارێک دووبارە دەکاتەوە و شەوتا سەری لێ تێک دەچێت لەنێوان شەو و ڕۆژدا و نەخۆشەکە ئیفاقەی بۆ دێت.
من لە پاڕەزان زۆرجار گوێم لەوە بووە کە شەوتایان بانگ کردووە. لە پاڕەزان دوو کەس بڕوانامەی شەوتا بانگکردنیان هەبوو؛ هەردوو ڕەوانشاد: کاک مەجید ئەحمەد و کاک شێخ ئەحمەد حەسەن
دوا شەوتا بانگکردن کە من گوێم لێی بووبێت لە سەرەتای هەشتاکاندا بوو بۆ ژنە پێشمەرگەیەک! [1]
شەوتا: تایەکە هەر لە شەودا تووشی مەردووم دەبێ. (فەرهانگی خاڵ)