ناونیشانی بابەت: پرسی ژنان لەنێوان شێواندن و پێویستیدا
ئامادەکردن: د. #ڕۆژین کەمال شا محەمەد#
شێواندن و دژایەتیکردن و شەرمەزارکردنی دەستەجەمعی بۆ هەر هەوڵێکی بەهێزکردنی ژنان و پێگەی ژنان، لە ناوەوە یان دەرەوەی ماڵەکەی، کاردانەوەیەکی زۆر پێشبینی کراو و سرووشتیە بۆ هەر کۆمەڵگایەک کە پیاوسالار و چەقبەستوو بێت.
مێژوو و ئێستامان پڕە لەنموونە و وانە لەسەر پیاوسالاری بوون و چەقبەستوویی کۆمەڵگاکەمان. بەشێوەیەکی گشتی لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا، هەوڵەکانی بەهێز کردنی ژنان بە کوێرانە بە مەترسی و هەڕەشە و تەنانەت بەدڕەوشتیش ناوزەند دەکرێ و دەشوبهێنرێ و دەشێوێندرێ.
سەر ئەنجام وشە و خەسڵەت و کردارەکانی وەکو چاونەترسی و ئازایەتی و مەردایەتی و هەقانیەت وهەڵوێست و بەرپرسیاریەتی و پشت بەخۆبەستن، تایبەت دەکرێ بە نێرێنە. بە پێچەوانەشەوە، وشە و خەسڵەت و کرداری نەرم و بێ دەنگانە تایبەت دەکرێ بە مێینە، ئیتر ئەم تایبەت کردنانە بە مەبەست بێ یان بێ مەبەست لەلایەن کۆمەڵگا و تاکەکانیەوە.
لە ڕاستیدا دژایەتی کردنی هەوڵەکانی بەهێزکردنی پێگەی ژنان، نەک تەنیا زیان دەگەیەنێ بە ژنان (وەک نیوەی کۆمەڵگا و دایکی نیوەکەی تر) بەڵکوو زیانی گەورەتر و درێژخایەنتر دەگەیەنێ بە خودی پیاوان (وەک نیوەکەی تری کۆمەڵگا و باوکی نیوەکەی تریش).
مێژوو و زانست پڕە لە نموونە و بەڵگە و داتا. من لێرەدا وەکو ژنێکی بەهێز کراو، چەند نموونەیەکی ئەزموونی ژیانی خۆم باس دەکەم بۆ سوودی گشتی و وەک هەوڵێکم بۆ تیشک خستنە سەر سوود و پێوستیەکانی بەهێز کردنی ژنان کە بەقازانجی خودی پیاوان دەشکێتەوە.
خۆم و پێنج خوشکەکەم بە بەشێک لە بەختەوەرترین و بە بەختترین ژنەکانی ئەم کۆمەڵگایە دادەنێم. دەزانن بۆچی؟
چونکە خاوەنی باوکێک بووین کە نەک هەر کچەکانی خۆی زۆر خۆشدەویست و نازی زۆری پێ دەدان، بەڵکوو باوەڕی بەوە بوو کە کچەکانی دەتوانن هەموو شتێک بکەن کە کوڕ دەیکات، بەسەر بڕینی مریشک و قاز و دەمانچە بەکارهێنانیشەوە!
هەرچەندە تێڕوانین و شێوازەکەی مفەوەز کەمالی ئیجرام (باوکم) بۆ بەهێز کردنی کچەکانی (تا ڕادەیەک) تەقلیدی بوو، بەڵام بۆ بەردەوامی ژیان و گەشەکردن و پاراستنی خۆم و خوشکەکانم نەک هەر زۆر باش بوو، بگرە وەک مەسەلەی ژیان و مردن، زۆر پێویست و هەنوکەیی بوو. دەزانن بۆچی؟
باوکی خۆشەویست و ڕابەری ژیانم هەر زوو جوانەمەرگ بوو لە کاتی شەهیدبوونی دا لە بەرەبەیانی 07-03-1991 دا لە ڕاپەرینی شاری سلێمانی. بە دوای خۆشیدا کۆڵێک خەفەت و شەش کچی منداڵی بەجهێشت کە گەورەکەمان شانزە ساڵ بوو و بچوکەکەمان یەک ساڵ بوو!
بەجێهێشتنی ئەم ئەمانەتە بۆ خێزان و دایکێک (کە وەک پورێکم بۆی باس کردین) شازادە ئاسا تاکاتی ئەو کۆسپە نەیدەزانی کیلۆیەک تەماتە بکڕێ، ئەمانەتێکی زۆر سەخت بوو. بەدەر لە ڕاگرتنی دڵ و ناز و ئەرکی 6 کچی منداڵی دڵشکاو، دایکی کۆڵنەدەر و شانازی ژیانم ئەرکی پاراستن و فراوان کردنی ئامانجەکانی باوکە جوانەمەرگەکەم لە بەهێز کردنی کچەکانی دا بەباشترین و جوانترین شێوە گرتە ئەستۆ لە خراپترین دۆخی ئابووری و ئەمنی و ئاساییشی کۆمەڵگاکەمان لە ساڵانی نەوەدەکاندا.
ئەوەی باوکی شەهیدم بە باوەڕ و متمانە و هەندێک هەڵوێست فێری دەکردین، دایکی خۆشەویستم بە پراکتیکی پێی دەکردین. ئاخر خودی دایکیشم هەرچەندە لە دەربڕین و و هەڵسو کەوتدا دا نەرموو نیانی و ئارامیەکەی 180 دەرەجە جیاوازە لە حماسیەتەکەی باوکم، بەڵام لە ناوەرۆک دا خاوەنی هەمان هێز و ئیرادە و غیرەت و خۆڕاگری و هەقانی بوون و پشتبەخۆبەستن بوو کە باوکم هەیبوو. ئەمەش چونکە دایکیشم بەرهەمی پەروەردە و تێڕوانینی خێزانێک بووە کە باوەڕی بە توانا و ماف و بەهێزکردنی ژنان هەبووە. ئەو کارەکتەر و پەروەردەیەی دایکیشم، لە پاش شەهیدبوونی باوکم، بە قازانجی باوکی شەهید و پیاوەکانی تری خێزانەکەم شکایەوە لەوەی کە بمان کات بە 6 کچی بەهێز و بەئیرادە و پشت بەخۆبەستوو تا نەک نەبین بە مشەخۆر و بار بەسەر کۆمەڵگاوە، بگرە خزمەتی کۆمەڵگاش بکەین.
متمانە و باوەڕی باوکم بە هێز و توانای کچەکانی و باوەڕ و کارەکتەر و پشتگیری دایکم بۆ ئەو متمانە و باوەڕە، بوو بە فریادڕەسی خۆم و خوشکەکانم لە ڕووداو و هەڵوێست و بڕیارەکانی ژیانماندا.
بۆ نموونە، ئەوە دی ئین ئەی و پەروەردەی باوک ودایکم بوو کە وای کرد کە وەک کچێکی هەرزەکار نەک هەر زاڵ بم بەسەر ترسەکانم و چۆک دانەدەم بۆ دزێک کە هاتبووەوە سەر ماڵەکەمان کە نێرینە ی تیا نەبوو، بگرە دواشی بکەوم بۆ ئەوەی بیگرم و بمەوێت ڕووبەڕووی یاساشی بکەمەوە. چەندین ساڵ دواتریش، هەمان باوەڕ و پەروەردە بووە وە فریادڕەسم کاتێک لە سەردانێکی ئەکادیمیدا بۆ وڵاتێکی ئەوروپی، دزێکی تری هەلپەرست دەیویست چاوقایمی نێرینەی بەکاربهێنێ بەرانبەر بە مێینەیەکی غەریبی تەنیا لە شەمەندەفەرێکی پڕدا!
ئەوەی من دیومە و بیستومە و خوێندومەتەوە، بەهێز کردن و ئازادبوونی ژنان واتە فێرکردنیان بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتی و پشتبەخۆبەستن و چاونەترسی، نەک بەکاڵابوون یان بەدڕەوشت بوون یان ڕێز نەگرتنی پیاوەکانیان.
ئەمەی باسمکرد بچوکترین نموونەی ژیانمە لەسەر ڕۆڵ و کاریگەری ئەرێنی و قوڵ و درێژخایەنی بەهێزکردنم وەکو ژنێک لەسەر دەستی خێزانەکەم.
لە کۆتاییدا لە ئێوەی خوێنەری بەڕێز دەپرسم، ژنێکی بێ هێز و بێ ئیرادەکراو چۆن دەتوانێت شەرەفمەندانە و شکۆمەندانە پێداویستیەکانی بەدەستبهێنێ و خۆی بپارێزێ کاتێک برا و باوک و هاوسەری لە چوار دەور نەبێ؟! [1]