$کێن ئەوانەی بۆیان ھەیە لەسەر دین قسەبکەن؟$
نووسینی: #مەریوان وریا قانع#
ئەوانەی بۆیان ھەیە لەبارەی دینەوە بدوێن، تەنھا ئەوانە نین کە ئەندامی پارتێکی سیاسیی ئیسلامین، یان کەسانێکن خوێندەواری بواری ڕشتە دینییەکان. بۆ نموونە دەرچوی کۆلێژی شەریعە. واتە تەنھا کەسانی دینیی نین بتوانن پێمنابڵێن دین چییە و چۆن سەیربکرێت و چۆن لێکبدرێتەوە. یاخود لەدەرەوەی کەسە دینییەکان خۆیاندا، کەس نەتوانێت و بۆی نەبێت، قسە لەسەر دین و دینداریی بکات. بە بۆچونی من ئەم ڕوانینە بەرتەسکە بۆ دین و ئەم تێگەیشتنە بۆ شەرعیەتبەخشین بە قسەکردن لەسەر دین، بەر لە ھەمووشتێک، نیشاندەری چۆنیەتی ئیشکردنی عەقڵیەتێکی دینیی قۆرخکارە، کە زۆربەی جار بنەمای دامەزراندنی دەسەڵاتێکی قۆرخکارترە. بە حوکمی ئەوەی دین لە دونیای ئێمەدا گۆڕاوە بۆ ھێزێکی گەورەی کۆنترۆڵکردنی ڕەھەندە جیاوازەکانی ژیانی تاکەکەسیی و دەستەجەمعیی ناو کۆمەڵگاکە، بووە یەکێک لە سیستمە سەرەکییەکانی سانسۆر و چاودێریی و کۆنترۆڵکردن، لە ئێستاشدا گۆڕاوە بۆ ھێرشکردنە سەر ھەر کەسێک ھێزە دینییەکان بە ناحەزی ناوببەن، بۆیە ھەموو کەسێک مافی ئەوەی ھەیە لەبەرانبەر ئەو ئامادەگییە گشتیی و بەرفراوانەی دین لەناو ژیانیدا، قسەی لەسەر دین ھەبێت و بتوانێت دەربارەی دین بدوێت. لانی کەم دەبێت مافی ئەوەی ھەبێت ڕای لەسەر دین ھەبێت، واتە ڕای لەسەر شتێک ھەبێت کە بە ویست یان بێویستی خۆی کراوە بە بەشێک لە ژیانی خۆی و کۆمەڵگاکەی و کاریگەریی لەسەر شێوەژیان و ھەڵسوکەوت و شیاو و نەشیاوەکانی ناو ژیانی بەجێدەھێڵێت. لەمەش بترازێت قسەکردن لەسەر دین کورتناکرێتەوە تەنھا بۆ قسەکردنی پیاوانی دین لەسەر دین، یان بۆ قسەکردنی دینییانە لەسەر دین. بەڵکوو لە سەدەی ھەژدەھەمەوە کۆمەڵێک ڕشتە و زانستی جیاواز ھەن کە قسەی مەنھەجی لەسەر دین و لەسەر شێوازەکانی دینداریی دەکەن و وادەکەن تەنھا خوێندەوارە دینییەکان و چالاکەوانە سیاسییە دینییەکان، خاوەنی قسەکردن لەسەر دین نەبن. لەپاڵ پیاوانی دیندا ھەموو ئەوانەش لەسەر دین قسەکەربن کە لە بواری زانستە تازەکانی ناو مێژووی فیکردا کاردەکەن، لەوانەش: بوارەکانی ”کۆمەڵناسیی دین“، ”دەروونناسیی دین“، ”ئەنترۆپۆلۆژیای دین“، ”فەلسەفەی دین“، بواری ”لێکۆڵینەوە کولتورییەکان“، ھتد...ھەموو ئەم زانستانە دین وەک بابەتێکی ئینسانیی و کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و فەرھەنگیی دەخوێننەوە و مامەڵەدەکەن. ئەوەی لە دونیای ئێمەدا ڕووئەدات جەنگی ھێزە دینیی و کادر وھەوادارە سیاسییەکانی ئەو ھێزانەیە، لەگەڵ ئەم زانستانەدا. ئەوان جگە لە قسەکردنی دینیانە لەسەر دین و جگە لە قسەکردنی کەسی دینیی لەسەر دین، ھیچ جۆرە قسەکردنێکی تریان لەسەر دین قبووڵنییە. بەمەش سەرجەمی دەسکەوتە زۆرەکانی زانستە ئینسانیی و کۆمەڵایەتییەکان وەک تەعداکردنە سەر دین و وەک کوفر مامەڵەدەکەن. دین زۆر لەوە گرنگتر و ترسناکترە کە تەنھا بۆ پیاوانی دین و کادر و ھەوادارانی ھێزە سیاسییە دینییەکان بەجێبھێڵدرێت“ [1]