ناونیشانی بابەت: تاریکی نیوەڕۆی حەقیقەت لە وەرزی زانستدا
ناوی نووسەر: #ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
$(دوو وشە لەسەر ئیمان و زانست و ئیعجازی زانستی)$
کاتێک ئەبو عەلای مەعەرری هەزار ساڵ پێش ئێستا دەیگوت: (اما اليقين فلا يقين وانما اقصي اجتهادي ان اظن و احدسا) واتە: گرنگترین شت کە مرۆڤ بتوانێ بیکات ئەوەیە گومان دەکات شتێک نییە بە ناوی یەقین لەسەر ئەم قسەیەی تەکفیر و تەفسیقیش کراو بەزەندیقیش ناسێندرا.
بەڵام ڕاستییەک هەیە ئەویش ئەوەیە زانستی ئەزموونی ئەمڕۆ هەمووی کار لەسەر ئەو گومانە دەکات کە دە سەدە بەر لە ئێستا ئەبو علای مەعەرری هێمای بۆ دەکرد. زۆرینەی زانا ئەزموونییەکانی دیکەی موسوڵمانیش هەر لەسەر ئەم بنەما گۆڕا و و عەقڵانییە کاریان کردووە بەڵام لەترسی تەکفیرکردن نەیانوێراوە بە ئاشکرا دەریببڕن. شتێکی بەدیهییە کاری زانست ئەوە نییە بەشوێن یەقینیاتدا بگەڕێت، بەڵکوو هەموو کارەکەی ئەوەی لەڕێگەی ئەو ئەدات و پێشمەرجانەی کە خۆی وەک پێش فەرزە بۆ خۆی چنیوە لە کۆکردنەوەی داتاو تێستکردنی داتا و پاشان بە یاساکردنی ئەو تێستانەی کە دەستی کەوتووە بگاتە گومانێکی باشتر لە گومانەکەی پێشووتری.
زانستی ئەمڕۆ زۆر جیاوازە لە زانستی پێنجسەد ساڵ پێش ئێستا، زانستی دونیای کۆن زانستێکی یەقین پەروەر بوو، خەمی پیرۆزی لەکۆڵ نابوو، غایەیەکی کەشفیی هەبوو، دەیویست لە چییەتی شتەکان بکۆڵێتەوە، بە پێچەوانەوە و لەبەرانبەردا زانستی نوێ زانستێکی گومان پەروەرە، نەک هەر خەمی پیرۆزی لەکۆڵ نەناوە بەڵکوو دەشیەوێت بە بەڵگەی عەقڵی و ئەزموونکراو پیرۆزییەکانیش تێکبشکێنێت، غایەتەکەی لەبری غایەتێکی کەشفیی غایەتێکی تەسەڵوتگەریی هەیە، لەبری چییەتی شتەکان، زاڵبوونی بەسەر شتەکان بەلاوە گرنگە. بۆ نموونە گەر لە پێش مۆدێرنیتەدا زانست هەوڵی ئەوەی دابێت لەهەوا تێبگات، ئەوا دوای مۆدێرنیتەو و زانستی نوێ بەتەنیا لە تێگەیشتندا نامێنێتەوە، دەیەوێت لەهەوا تێبگات و بیخاتە خزمەتی خۆیەوە و سواریشی ببێت. گەر ئەستێرەناسی لە پێش مۆدێرنیتەدا ئامانجێکی موقەدەسی لەکۆڵنابێت بۆ کەشفی دەسەڵاتی ڕەهای خودا، ئەوا پاش مۆدێرنیتە ئامانجەکە دەبێتە ئەوەی داخۆ جگە لەدەرەوەی زەوی دەشێت شوێنێکی دیکە هەبێت بۆژیان کۆچکەین بۆی، داخۆ دەبێت مەزەندەی ئەڵماس و ئاڵتونی سەر ئەستێرەکانی دیکە چەند بن و دەبێت بە چ میتۆدێک بیانهێنینەوە بۆ سەر زەوی!
ئەوەی دەبێت ئێمە بەهەندی وەربگرین ئەوەیە کە زانست و حەقیقەت دووشتی لێکجیاوازن، هەندێک جار تەریب و هەندێکجار دژی یەکترن. نابێت بەهیچ کلۆجێک حەقیقەت یەکسان بکرێت بە زانست، ئەو شتەی زانستی بوو شەرت نییە حەقیقیش بێت و بە پێچەوانەشەوە. زانست گومانپەروەر و حەقیقەت یەقین پەروەرە. بەو ئەداتانەی ئەمڕۆ زانست لەبەردستێتی کارێکی هەڵەو نالۆژیکییە یەقین و ئیمان تەقویەو تەغزیە بکرێن و ڕاستی و درووستی شتێکی یەقینی بسەلمێندرێت. نەکردەیە حەقیقەت بدەیتە دەست گومان بۆۆ ئەوەی بزانیت حەقیقەتە یان نا. زانست وەک هەندێک ئیدیعای دەکەن بێلایەنیش نییە، هیچ ئەپرۆچێکی زانستی بە مێشکێک و پێشگریمانەیەکی بێلایەنیانە مامەڵە ناکات.
فرانسس بەیکن دەڵێت زانست ئیدی کاری بەسەر تەعریف و پێناسەکردنەوە نەماوە وەک ئەوەی دونیای کۆن دەیکرد، ئیدی زانست ئەو زانستە نییە کە بە شوێن حەقیقەتدا بگەڕێت، بەڵکوو زانست ئەمڕۆ بەهەموو هێزی بە شوێن هێزدا دەگەڕێت و دەیەوێت و بە تەواوی سرووشت بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. زانست و سرووشت ئەمڕۆ دوو شتی تەواو دژی یەکن. گەر لە ڕابردوودا زانسست بە شوێن ئاشکراکردن و کەشفی سرووشتەوەبووبێت ئەوا لە دوای مۆدێرنیتە ئیدی زاست دەیەوێت سواری سرووشت بێت و وەک مەرکەبێک لەبەرژەوەندی خۆی بەکاری بهێنێت.
میتۆدی زانستی بۆ سەلماندنی پرسە عەقڵانیی و فەلسەفییەکان هەرگیز لای فەیلەسوفانی موسوڵمان لە پێشترشدا میتۆدێکی خاوەنشکۆو بەهرەدار نەبووە، مەلا سەدرای شیرازی لە ڕەخنەگرتن لە ئیبن سینادا دەڵێت ئەو کوا دەتوانیت بە وردبوونەوە لەمیز پرسی فەلسەفیی مێشکی ئێمە چارەسەر بکات وشەی میزی بۆ بچوککردنەوەی تەبابەت و پزیشکییەکەی ئیبن سینا بەکار بردووە.
نابێت خۆمان بخەڵەتێنین و بەوە تەخدیری ئیمانی خۆمانبکەین کە زانست و ئیمان تەریبن. میتۆدی ئیمانی و میتۆدی زانستی ئەمڕۆ دوو شتی تەواو پێچەوانەن. زانست گومان دەداتە دەست گومان بۆ گەیشتن بە گومانێکی نوێ،لەکاتێکدا ئیمان دەیەوێت ئینسان تەسلیمی حەقیقەتێکی تەواو موتڵەق بکات، پەردە دوای پەردەی یەقین دەدڕێت بۆ گەیشتن بە یەقینێکی گەرموگوڕتر. ئەمڕۆ هیچ زانستێک بەدوای حەقیقەتدا ناگەڕێت، بۆشی تەنانەت بۆشی گرنگ نییە. لەوانەیە هەموو هەدەفێکی ئێمە لە ژیان حەقیقەت بێت، بەڵام تەقە لەدەرگایەکی هەڵە دەدەین گەر لە دەرگای زانست بدەین بۆ دۆزینەوەی. [1]