$رۆڵ و پێگەی ژن لەناو کۆمەڵگەدا$
نووسینی: #بێریوان مەحمود عەزیز#
ژنان سەدان ساڵە لەپێناو دابینکردنی مافەکانیان خەبات دەکەن، بەڵام خەبات بۆ جێگیرکردنی مافەکانی ژن وەک مرۆڤ و هاوسەنگکردنی، لەلایەن بزووتنەوەکانی ژنانەوە لەسەر ئاستی دنیا هێشتا هەر نوێیە، بەهۆی ئەوەی زۆر بوار و ماف ماوە ژن دەستەبەری بکات تا هاوسەنگی ڕاستەقینە درووست بکەن.
لەم 20 ساڵەی دواییدا جووڵەکان لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گڕوتینی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێ و هەوڵ و کۆشش بۆ مسۆگەرکردنی مافەکانی ژن، بەراورد بە ڕابردوو زیاتر هەستی پێ دەکرێ، ئەویش بەو ئامانجەی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیی پێکەوە هاوکار بن لە نەهێشتن و کوشتنی دیدی پیاوسالاری و نەمانی ستەم بەرانبەر ژن، جا ئەو ستەمە کارگێڕی بێت یان دەروونی یاخۆ پاکتاوی جەستەیی.
ئەو هەوڵانە لە کاتێکدان هێشتایش لە کۆمەڵگەکانی ئەوروپادا کە نموونەی دیاری مافەکانن، مووچەی ژن کەمترە لە پیاو، هەرچەندە هەمان پێگە و کاریان هەبێت، ئەمە پێمان دەڵێ زۆر کۆشش ماوە بۆ بەدیهێنانی یەکسانی ڕاستەقینە، ئیتر بپەڕەوە بۆ کۆمەڵگە داخراو و نەریتییەکان کە تا ئێستەیش پیاو تەنانەت ڕێ بە بەشداری ژن نادات بۆ گفتوگۆ و دۆسیەیەکی تایبەت بە ژنەکە خۆیشی.
کەواتە مرۆڤایەتی لە بەردەم کەموکورتی و بیرتەسکی گەورەدا ماوەتەوە، هەڵمەتی گشتگیر و گەورە و نێودەوڵەتی دەوێت تا ڕۆڵی ژن یەکسان بکرێت و یەکسانانە لەناو کۆمەڵگەدا پێگەی خۆی هەبێت و بڕیاردەر بێت، لایەنی کەم شانبەشانی پیاو لە پرسەکانی خێزان و کۆمەڵگەدا بەشدار بێت، چونکە ژن لە سرووشتی خۆیدا پێگەی گەورە و خوڵقێنەرە، بەڵام ئەوە دنیابینی و کورتبینیی پیاوە کە هەوڵی گۆشەگیرکردن و کپکردنی ئەو بناغە پتەوەی خێزان دەدات، کە هەر ژن خۆی سەرچاوەی خۆشەویستی و گەرمکەرەوەی هێلانەی ژیانە و بێ ڕۆڵی ئەو، هیچ بەهایەک بۆ ژیان نامێنێت.
سۆخۆملینسکی نووسەری ڕووس و پسپۆڕی پەروەردە دەڵێت، ئافرەت لە پەروەردەکردنی خۆشەویستیدا ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت و نەک هەر دایکی منداڵە، بەڵکوو پیاویش پەروەردە دەکات. بۆیە دواجار ئافرەت ڕووبەڕووی گەورەترین بەرپرسیارێتی دەبێتەوە، ئەویش بەجێگەیاندنی ڕۆڵی گرنگی دایکە. لێرەوە جیاوازییەکی گەورە دەبینی، ئەم دایکە هەر خۆی خوڵقێنەری پیاوە کە دواتر ژیانی لێ تاریک دەکات و کۆمەڵگەی بەسەردا دادەخات.
دایک، سەرچاوەی خۆشەویستی و بایەخپێدان و بەخشندەییەکی بێسنوورە، لە سرووشتی هەرکەسدا دوو هێز هەن (ڕق و خۆشەویستی) کە دایک هەڵگری هێزی یەکەمە بە بەرفرەوانی، بۆیە بەردی بناغەی درووستکردنی خێزان و کۆڵەکەی سەرەکیی مانەوەیەتی و ئامادەی هەموو جۆرە قوربانییەکە لەپێناو بەخێوکردن و مانەوە و پەروەردەکردنی منداڵەکانی، کەواتە بە بیرکردنەوە و قووڵبوونەوە لەم پێگە سرووشتی و کاریگەرە، مافی خۆیەتی ئەگەر بڕیاردەری سەرەکی هەموو شتێک نەبێت، ئەوە بە هاوسەنگی بەشدار بێت لە هەر بڕیارێکدا لەبارەی وردەکاری ژیان.
گەورەیی و بەهێزیی ژن، هەر بەخشینی خۆشەویستی و درووستکەری ماڵ و دایکایەتیی نییە، بەڵکوو ئیرادە و وزەی گەورەی هەیە بۆ شەڕەکانی ژیانیش، بۆیە یەکەم کەسیشە کە توانی ڕووبەڕووی فیرعەون بوەستێتەوە. دەبێت باسەکە لەمەوە ببەین بۆ ناسینی ئاستی کۆمەڵگەکان کە شوێنی ژن لە هەر کۆمەڵگەیەکدا، ئاوێنەی ڕاستەقینەی دیاریکردنی ئاستی ژیان و ژیار و کۆمەڵایەتی هەر کۆمەڵگەکەیە، هەتا ژن سەروەرتر بێت، کۆمەڵگە پێشکەوتووترە و لەو شوێنانەیشی ژن چەوساوەن، ژیان زۆر سەرەتایی و بێڕەنگە.
بەڵام خۆ پێشکەوتن شتێک نییە بەدی نەیەت، نهێنی گۆڕانکاریی ئەوەیە سەرنج بخەیتە سەر درووستکردنی داهاتوو، ئەمەیش لە دانانی بناغەیەکەوە دێت کە پەورەردە درووستی دەکات.
گۆڕینی کۆمەڵگە مرۆڤی بوێری دەوێت کە بتوانێ هەنگاو بنێ، چونکە هەمیشە پێشکەوتن دوژمنی خۆی هەیە و هێزە کۆنەپارێزکان کۆسپی بۆ درووست دەکەن، بەڵام مرۆڤایەتیی مەحکوومە بە پێشکەوتن و ناتوانێ لە شوێنی خۆیدا بوەستێت و بەجێ بمێنێ لە کاروانی ژیاری، ئەمەیش بەبێ بوێری بەدی نایەت، وەک چۆن هیچ ئامانجێک بێ هەوڵدان بەدەست نایەت.
وا باشە ئێمەی دایک منداڵەکانمان فێر بکەین، لەو بەشەی پەروەردەدا کە گوتمان بناغەی پێشکەوتنە، منداڵی کارامە و کراوە درووست بکەین و هۆشیاریی زۆر بدەینێ لەبارەی پێگەی ژن کە هەر دایکیشی دەکات، لەگەڵیدا سیستمی پەروەردەی گشتیش لە قوتابخانە تا زانکۆ، بە وردی کار لەسەر ئەم ئامانجە بکەن و ئەو کرانەوەیەی خێزان بۆ منداڵی درووستی دەکات، پەروەردە فرەوانتری بکات و بیکات بە پرۆگرامێک لەگەڵ کەسایەتیی ئەو تاکەدا گەورە بێت، ئەوکات هەم هەوڵە نێودەوڵەتییەکان و هەم خەمی ئێمەی تاکیش کۆتایی دێت و دەتوانین یەکسانی دەستەبەر بکەین. [1]