$کورد چی بکات لەم دۆخە جیهانیەی ئێستادا؟$
نووسینی: #ئیدریس مستەفا#
مەبەستم لە کورد لێرەدا کوردی باکوور و ڕۆژاڤایە. بۆچی؟ وەڵامەکەی لێرەدا دەخوێننەوە.
تورکیا هەردەم بۆردومانی کوردستانی کردووە بەڵام بۆردومانەکانی دوێنێی بۆ سەر کوردستان بەتایبەت ڕۆژاڤا ئاماژەیەکی باش نین و نیەتی ئەمریکا و غەرب لەهەر کات زیاتر نیشان دەدات کە بەکارهێنان و پشت تێکردن و جێ هێشتن سیاسەتی ئەوانە بەرانبەر بە کورد.
دنیا وا بۆ جارێکی تر لە سیستەمێکی سیاسی نوێی جیهانی دەئاڵێ و هەموو هێزە دەوڵەتی و نادەوڵەتییەکان و قوتبەکان هەر یەکەو بەرەو بازنەی قوتبەندی و سیاسی خۆی دەچێ و ئەوەی لەو نێوەدا لەدەرەوەی بازنەکەیە کوردە. کەواتە کورد دەبێ چ بکات؟ لە مێژووی چوار پێنچ دەیەی ڕابردوودا بەڕێ خستنی بزووتنەوەی چەکداری بە ناوی شۆڕش و خەباتەوە جگە لە ماڵوێرانیەکی گشگیری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی هیچی تری بە دواوە نەبووە و باشووری کوردستان نموونەیەکی بەرجەستەیەتی.
کوردانی باکوور و ڕۆژاڤا خاوەن پڕۆژەیەکی سیاسی و نەتەوەیی و نیشتمانین جا ئاستەکەی و ئاسۆکەی چەندە ئەوە بابەتێکی ترە. لە کوردستانی باشوور پڕۆژەی ئاوها نەک بوونی نییە بەڵکوو لە سێ دەیەی ڕابردوودا کار لەسەر کوشتنی ئەو پڕۆژەیە کراوە.
کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش لەوەدەچێ هەمان ئاییندەی باشووری بە نسیب ببێ بە حوکمی ئەو فاکتە سیاسیانەی لەبەردەستدان وەک بوونی پارتەکانیان و پەیوەندییەکانیان و ڕابردووەکەشیان. دیارە ئەمێستاکە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات ڕاسانێکی فەرهەنگی کوردی زۆر گەرم و گوڕ لە ئارادایە و هەر خوفی ئەم ڕاسانە فەرهەنگیە ئاییندەیەکی گەشی پێیە بۆ مەحکەم کردنی زیاتری ناسنامەی کوردبوون لەو وڵاتەدا. پێم ناخۆشە وادەلێم بەڵام کاتێک تەماشای پارتە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵات دەکەی یەکسەر ئەو وێنەیەت لە لا درووست دەبێ کە ئاییندەی ڕۆژهەڵات بە دەردی باشوور دەچێ.
بەهەرحاڵ،
ئەو هاوکێشانەی لەو ململانێ نێودەوڵەتیە تازانەی وا دێنە ئاراوە کورد هەمان چارەنووسی دەورەی جیهانی پێشووی دەبێ واتە دووبارە دەبێتەوە گەمەیەک بە دەست هێزە نێودەوڵەتییەکانی وەک ڕوسیا و ئەمریکاوە و پشت تێکردنی ئەو دوو هێزەش لە کورد مێژوویەکی تاڵی هەیە. هەر دوێنێکە بە بەرچاوی هێزی هاوپەیمانانەوە کە ئەمریکا پێشەوایەتی دەکات تورکیا بە کەماڵی خۆی بە درێژایی شەو خەریکی بۆردومانی کوردستان بوو لە هەموو لایەکەوە بێ ئەوەی ئەمریکا دەنگێکی لێوە بێ. هەروەها دوێنێکە بوو کە ڕوسیا زۆر بێ باکانە عەفرینی تەسەلیمی تورکیا کرد. نموونەی ئەفغانیستانیش وانەیەکە کورد دەبێ لێوەی فێر بێ ئەگەرنا ئەوەی هەشە لە دەست دەچێ.
بۆیە کوردانی باکوور و ڕۆژاڤا واباشترە کێشە و گرفتەکانی کورد لەنێو ئەو دوو دەوڵەتەی تورکیا و سووریا چارەسەر بکەن جا دەستکەوتەکان چەندە بن لە پشتێکردنەکانی ڕوسیا و ئەمریکا باشترە. تا ئەم ساتە ڕوسیا و غەرب لە بەرنامەی دوورونزیکیاندا نییە دەستکاری تورکیا بکەن و کۆماری ئیسلامیان لە حوکمێکی دیموکراتی پێ باشترە و سووریاش وا دەگەڕێتەوە جیهانی عەرەبی و دەبێتەوە ئەندامێکی کارای کۆمکاری عەرەبی. بۆیە ڕێککەوتنی ڕۆژاڤا لەگەڵ سووریادا گەر کۆمەڵێ دەستکەوتی سیاسی و فەرهەنگی لە خۆ بگری چارەسەرێکی عاقڵانەیە و وازهێنانی پ ک ک لە شەڕی چەکداری بڕیارێکی مێژوویی گەورە و گرنگە هەم خۆیان و هەم باکووریش لە ئاریشەیەکی بێ بڕانەوە نەجات دەدەن. هەروەها بڕوبیانویەکیش بۆ هەر دەسەڵاتێکی تری تورکی وەک ئەردۆغان ناهێڵنەوە تاکو کورد و مەسەلەکەی بۆ سیاسەتی نیوخۆیی خۆی بەکاربهێنێ.
ئێمە پێشتر گوێبیستی ئەوە بووین کە تورکیای ئەردۆغان نایەوێ پ ک ک چەک دابنێن بەڵام دەرکەوتنی هێزی تازەی تورکیا و نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە دەرفەتێک بە کورد دەدات کە چاودێری هەر قسە و گفتێک بکەن و بەرەو مێزی گفتوگۆ هەنگاوهەڵگرن. وازهێنانی لە شەڕی چەکداری یەکێکە لە هەڵبژاردە ناچاریەکان و دەبێ ملی پێ بدرێ، چونکە کورد لە بەردەم یەک بەرداشدابێت باشترە وەک لەوەی لە بەینی دوو بەرداشدابێت.
شاخەکان نەک لە ئێستا بەڵکوو لە ڕابردووشدا جگە لە وێرانەیی هیچی تری بۆ کوردستان نەهێناوە و گەر کوردانی باکوور عەقڵێکی سیاسی ستراتیجیان هەبێ ئەوا دەبێ لە شاخ بێنە خوارێ و دەستبەرداری عەقڵیەتی چەکداری ببن چونکە دەورەی ژیانی سیاسی چەکداری لە هەموو شوێنێکی ئەم دنیایەدا بەسەر چووە و چیتر شاخەکان نابێ چارەنووسی شارەکان دیاری بکەن و شارەکان تەنیا هەستەی خەباتی ڕاستەقینەی خەڵکن. [1]