#مەریوان قەرەنی#، پەڕڵەمانتاری #پارتی دیموکراتی کوردستان# لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێڕاق مەترسی چالاکی ڕێکخراوە تیرۆرستییەکان دەخاتە ڕوو... لە لاپەڕەی خۆیدا وتارێکی لەبارەی ئەگەری ڕوودانی کاری تیرۆرستی شیدەکاتەوە.. ئەمەی خوارەوە دەقی وتارەکەی ئەو پەڕڵەمانتارەیە:
زیادبوونی چالاکییە تیرۆریستییەکان، زەنگی مەترسییە و ڕێی لێ نەگیرێت، زیانەکانی گەورەتر دەبێت
بەداخەوە لەم دواییانە دەبینین بە شێوەیەکی چالاکتر لە ماوەکانی پێشوو، ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش و گرووپە تیرۆریستییەکان لە ناوچەکانی سنووری ماددەی 140ی دەستووری هەمیشەیی ئێڕاق، بە دیاریکراویش لەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنی لەنێوان هێزەکانی ئێڕاق و هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان هەن بەدی دەکرێت.
هەروەک دەزاندرێت لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی تەقینەوەیەکەوە لە سنووری #حەویجە#، نۆ کارمەندی پۆلیسی فیدراڵی گیانیان لەدەست دا، چەند ڕۆژی ڕابردووش هێرشی تیرۆریستی کرایە سەر بازگەیەکی هێزەکانی ئێڕاق لەناو شاری #کەرکووک#. ئەمە جگە لەوەی ئێوارەی ڕۆژی شەممە 24ی 12ی 2022ش، لە سنووری سەرگەڕان و لە ڕۆژهەڵاتی زنجیرە چیای #قەرەچووغ#، هێرشکرایە سەر هێزەکانی سوپای ئێڕاق.
ئەوەی جێی سەرنجە، لەم ڕۆژانە لە میدیاکانەوە دەبیستین کە ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش نەک هەر لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی هێزە ئێڕاقییەکان دەستی بە جموجۆڵ کردۆتەوە، بەڵکوو بە فەڕمیش بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکان ڕادەگەیەنێت و بانگەشەی زەرەگەیاندن بە هێزەکان دەکات.
زیادبوونی ئەم چالاکییانە، زەنگی مەترسییە و سەرەتای دەست پێکردنی قۆناغێکی تازەی چالاکییەکانی تیرۆریستانە بۆ سەر ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان بە گشتی و خەڵکی دانیشتووی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی کە ئەگەر ڕێ لەو مەترسییە نەگیرێت، بەداخەوە مەترسی دەکرێت زیانەکانی گەورەتر بن کە ئێمە هیوادارین هەرگیز ئەمە ڕوونەدات.
لێرەوە جەخت لە چارەسەری یاسایی و دەستووری دەکەینەوە کە جێبەجێکردنی بڕگەکانی کارنامەی حکوومەتی فیدراڵیی ئێڕاقە بە سەرۆکایەتیی محەمەد شیاع سوودانی کە تێیدا تەئکید لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی #شەنگال#، هەماهەنگی کردنی زیاتری هێزە ئێڕاقییەکان و هێزەکانی پێشمەرگە، چۆڵ کردنی بارەگا داگیرکراوەکانی بەشێک پارتی دیموکراتی کوردستان و بەشێک لە حزبە کوردستانییەکان لە کەرکووک و چەندان خاڵی دیکە کراوەتەوە. بەبێ جێبەجێکردنی ئەو بڕگانە، بەداخەوە هەروەک هەموومان دەبینین، دۆخەکە ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو خراپتر دەچێت، هۆکارەکەشی ئەوەیە هێزە ئێڕاقییەکان بەبێ هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ناتوانن بە تەنیا ئەرکی پاراستنی ئەو ناوچانە جێبەجێ بکەن. [1]
مەریوان قەرەنی
ئەندامی لێژنەی ئاساییش و بەرگریی پەڕڵەمانی ئێڕاق
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەڕڵەمانی ئێڕاق