$ئەڵمانیا ڕیسەکەی ئەمریکای کردەوە بە خوری$
نووسینی: #ئیدریس مستەفا#
$یەکەم:$
دوای ئەوەی ئەڵمانیا ڕایگەیاند کە چەک و تەقەمەنی نانێرێت بۆ ئۆکرانیا نەخشە و ئاڕاستەی ڕووداوەکان گۆڕا لە ئێستادا و ڕیسەکەی ئەمریکا بووەوە بە خوری. ئەڵمانیا، هەروەها فەرەنساش هەمان هەڵوێستی دەبێ، باش لەو داوەی ئەمریکا تێگەیشتووە کە دەیەوێ دووبارە ئەوروپا بکاتەوە بە شوێنێ شەڕ و جەنگی سێهەمی جیهانی گەر هەڵبگیرسێ. مەسەلەی ئۆکرانیا بۆ ئەمریکا هیچ نییە جگە لە دەسکەلایەک بە دەستیەوە تاکو ئەوروپا، بە دیاریکراوی ئەڵمانیا و فەرەنسا، تووشی شەڕێکی دەستوئێخەی بکات لەگەڵ ڕوسیادا و لێرەوەش ئەڵمانیا و فەرەنسا واتە هەموو ئەوروپا تووشی بێ ئارامی و ئارێشەی ئابووری و سەربازی و بەمەش مەمنونی ئەمریکا ببنەوە وەک چۆن لە جەنگی جیهانی دووەمدا ویستیان. دیارە ئەمریکا زۆر بێ تاقەت بوو لەم هەڵوێستە عاقڵانەیەی ئەڵمانیا کە گوایە بۆ چەک نانێرێت بۆ ئۆکرانیا لە کاتێکدا و لە هەمان شوێندا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە ڕەسمی داوای لە هاووڵاتیانی ئەمریکی و بەشێکی گرنگ لە دیپلۆماتە ئەمریکیەکان کرد کەئۆکرانیا بە جێبهێڵن!
$دووەم:$
ئەو هەنگاوەی ئەڵمانیا نەک هەر ڕیسەکەی ئەمریکا بەڵکوو بەڕیتانیاشی کردەوە بە خوری. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە کاتێکدا وەزیرانی هەر دوو وڵاتی ڕوسیا و ئەمریکا لە گفتوگۆدابوون بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە کەچی بەڕیتانیا بەسەر ئەواندا بە فڕۆکەی جەنگی چەک و تەقەمەنی قورسی نارد بۆ ئۆکرانیا. ئەم هەنگاوەی بەڕیتانیا زۆر دیار و ئاشکرایە کە بەڕیتانیا دەیەوێ مڵۆزم بۆ ئەڵمانیا و فەرنسا درووست بکات بەوەی دژ بە ڕوسیا هانیان بدات هەر وەک چۆن لە هاندانی هیتلەردا سەرکەوتووبوون بە وشەگەلی ئەڵمانیای بەهێز و سەرکردەی لێهاتوو. ڕەتکردنەوەی ئەڵمانیا لەوەی بەشداری لە ناردنی چەک بکات بۆ ئۆکرانیا زللەیەکی توند بوو لە سیمای بەڕیتانیا درا؛ چونکە ستراتیژی بەڕیتانیا و ئەمریکا درووستکردنی گێژاوێکە کە ئەوروپای، ئەڵمانیا و فەرەنسای، تێبخەن. خودی دەرچوونی بەڕیتانیا لە یەکێتی ئەوروپا ئەم خاڵە بوو نەک مەسەلەی تری وەک پەنابەران و دراو و شتی تر.
$سێیەم:$
ئەوەی سەیرە لەم نێوەدا دەسەڵاتدارێتی ئۆکرانین کە وانە وەرناگرن لە مێژوو. لە هەموو جەنگەکانی نێوان ئیمپڕاتۆریەکانی ئەوروپا کە ڕوسیا هەمیشە لایەنێکی سەرەکی بووە، ئۆکرانیا هەمیشە بۆتە شوێنی هەڵایسانی جەنگەکە یاخود پنتی سەرەکی جەنگەکە بووە و لە ئەنجامدا تەنیا وڵات و گەل زەرەمەندی ئەوەڵ و ئاخیر بووبێ ئۆکرانیا و ئۆکرانیەکان بوون. لە ئێستادا ئەو مەیلە توندڕە و ڕاستڕەوەی کە لە هەردوو ئاستی ئایدۆلۆجی و پراکتیکدا زاڵە لە ئۆکرانیادا دیسانەوە وڵات و گەلی ئۆکرانیا بەرەو چارەنووسێکی نادیار دەبات کە جگە لە وێرانەیی و داگیرکاری هیچ شتێکی تریان بۆ نامێنێتەوە. لە ساڵی 2014 ەوە کە ڤیکتۆر یانۆکۆڤیچی سەرۆکی پێشووتری ئۆکرانیای سەر بە سۆڤیەت لە دەسەڵات لاچووە و پرۆ- ئەمریکاییەکان، هاتونەتە سەر دەسەڵات وڵات هەردەم لە دڵە ڕاوکێ و بێ ئارامی زیاتر و قەیرانی زیاتری ئابووری و گرانی مەعیشەتدا ڕاگرتووە و ئەوا ئێستاش پڕچەکیان دەکەن بۆ شەڕێک کە هی خۆیان نییە و گەر ڕووبدات ئەوا ماڵوێران تەنیا خۆیان دەبن و بەس.
دەرس وەرنەگرتن لە مێژوو بەڵایەکە بێ کۆتایی. [1]